Accessibility links

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ : دەسەڵاتدارانی کورد لە شاری سلێمانی تیمی کەناڵی NRT دەستگیر دەکەن


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند؛ پێویستە دەستبەجێ و بەبێ مەرج ڕۆژنامەنووسان کارزان تاریق و چێنەر ئەحمەد ئازادبکەن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕابگرن.

بەپێی بەیاننامەیەکی NRT و لێدوانی مەریوان حەسەن بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی پەخشەکە، کە لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ قسەی کرد؛ لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 1ی مانگی هەشت، ئەندامانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیامنێری پەخشی ناوخۆیی NRT ی کارزان تاریق و کامێرا بەدەستەکەشی چێنەر ئەحمەدیان دەستگیرکرد، لە کاتێکدا ئەو دوو ڕۆژنامەوانە لە شاری سلێمانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خەڵکدا دەکرد سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان .


مەریوان حەسەن بە ڕێکخراوی CPJی ڕاگەیاند؛ ئاسایشەکان دەستیان بەسەر ئامێر و تەلەفۆنی ڕۆژنامەنووسەکاندا گرتووە، هەروەها هیچ هۆکارێکیان بۆ دەستگیرکردنیان ئاشکرا نەکردووە. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ ئەو دوو کەسە بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان "بەبێ هیچ پاساوێک و فەرمانی دادگا" دەستگیركراون.

یەگانە ڕەزایان ئەندامی توێژەری باڵای CPJ دەڵێت "دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسانی NRT کارزان تاریق و چێنەر ئەحمەد ئازادبکەن، هەروەها خۆیان بە دوور بگرن لە تۆمارکردنی هیچ تۆمەتێک لە دژی ئەوان. پێویستە ڕێگە بە کارمەندانی ڕاگەیاندن بدرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکدا بکەن بەبێ ترس لەوەی دەستبەسەر بکرێن و هەراسان بکرێن."

مەریوان حەسەن بە CPJی گوتووە کارزان تاریق و چێنەر ئەحمەد "هیچ تاوان و پێشێلکارییەکیان ئەنجام نەداوە، ئەوان کاری ڕۆژنامەوانی خۆیان دەکرد بۆ وەرگرتنی ڕای خەڵک."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە "یەکەم جار نییە" کە ئەندامانی ئاسایش کارمەندان و ڕۆژنامەوانانی ئەو کەناڵە دەستگیردەکەن.

پێشتر دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2020 دا هەڵیانکوتایە سەر ژووری هەواڵی NRT لە شاری سلێمانی و کارزان تاریقیان دەستگیرکرد؛ لەو کاتەشدا ڕێکخراوی CPJ ڕاپۆرتی لەسەر بڵاوکردۆتەوە.

شاسوار عەبدولواحید کە بازرگان و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسۆنی نەوەی نوێیە بەپێی هەواڵەکان خاوەنی کەناڵی NRT یە.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ لە ڕێگەی ئاپی نامە ناردنەوە پەیوەندی بە یاسین سامی وتەبێژی ئاسایشەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێنەگەیشت.

شایەنی باسە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و قازانج نەویستە و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا بەرەوپێش دەبات و بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات کە بە سەلامەتی و بێ ترس لە تۆڵەکردنەوە کاری خۆیان بکەن.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ لە نزیکەی 40 کەسی پسپۆڕ پێکهاتووە لە سەرانسەری جیهان، بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری نیویۆرکە. کاتێک پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕوودەدات، CPJ تۆڕێک لە پەیامنێران کۆدەکاتەوە کە بەناوی ئەو کەسانەوە ڕاپۆرت دەدەن و ڕێوشوێن دەگرنەبەر.

XS
SM
MD
LG