Accessibility links

عیزەت شابەندەر: کورد درکی بە مەترسی گۆڕینی دەستور و سستمی حوکمڕانی کردووە


سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ناگاتە پێکدادان و خوێن ڕشتن، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە کورد ترسی لەو ئاراستەیە هەیە کە دروستبووە و بانگەشەی گۆڕینی دەستور و سستمی حوکمڕانی عێراق دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری دیاری عێراق، لە بارەی ئەنجامی ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان دەڵێت"ناکۆکی نێوانیان ناگاتە ئاستی پێکدادان و ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان، هەوڵی زۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی عێراقی تێکەوتووە."

جەختیشیکردەوە"ناکۆکی تەنها لەنێو شیعەدا نیە، بەڵکو لەنێو کورد و سونەشدا هەیە، بەڵام ناکۆکی نێوان دوو بەرە شیعییەکە توندترە."

سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە عێراق، عیزەت شابەندەر گوتی"هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە پابەندبوونەکان، پێموانیە ناکۆکی لەنێوان دوو بەرە شیعییەکە لەسەر ئەمە هەبێت، بەڵام تێڕوانینەکان لەسەر حکومەت جیاوازن."

ئەو سیاسەتمەدارە دیارەی عێراق پێیوایە، سەرباری بوونی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕەوتی سەدر لە ڕابردوودا، بەڵام لێکتێگەیشتن و گفتووگۆ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەیە، گوتی"نێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر باشە."

عیزەت شابەندەری سیاسەتمەداری دیاری عێراق ڕوونیکردەوە، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دواخستووە، گوتی"مەسەلەی سەرۆک کۆمار قورس نییە، کورد ترسی لە گۆڕینی دەستور و سستمی سیاسی و حوکمڕانی عێراق هەیە، کورد درکی بەم مەترسییە کردووە، ئەگینا هەواڵەکان لەسەر نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر مەسەلەی سەرۆک کۆمار باشن، لێکنزیکبوونەوە هەیە لەنێوان دوو حیزبە کوردییەکە."

XS
SM
MD
LG