Accessibility links

ئاڵۆزی دۆخی عێراق بارزانی و تاڵەبانی کۆکردەوە


ئامانج لە کۆبوونەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، گفتووگۆکردن بووە لەسەر ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەکراوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سەرۆکانی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاویکردووەتەوە، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق، لە پێناو یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردیش، بڕیاردراوە کۆبوونەوەکان بەردەوامیان پێبدرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئامادەکاری بووە بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی عێراق لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، چونکە ترسێک هەیە لە نیەتی داهاتووی عێراق بەرامبەر بە هەرێم."

لای خۆشیەوە، رابیحە حەمەد بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"دەستوری عێراق، چۆنیەتی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدای دیاریکردووە، گەر کودەتا بکرێتە سەر دەستور و پرۆسەی سیاسی عێراق، هەرێمیش لێی بەدەر نابێت."

گوتیشی"دەبێت کورد بەرنامەی خۆی هەبێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەگەری نەخوازراو، یاخود گەر هێزە شیعەکانیش ڕێکبکەون، بەرنامەی لایەنە کوردییەکان چۆن دەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق."

هەرچەندە ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکان، فشارەکانی عێراقی لەسەر هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە، بەڵام ترس هەیە لە دەستپێکردنەوەی فشارەکان لە دوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، بەو پێیەی دادگای فیدراڵی عێراق چەندین بڕیاری دژی نەوت و گازی هەرێم دەرکردووە.

لە بارەی ئەو زانیارییانەی هەن لەسەر ئامادەکاری هەرێم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی فشارەکانی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا، شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ئامانج لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ یەکێتی و فراکسیۆنی پارتی، بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و قسەکردنە لەسەر پێشهات و ڕووداوەکان."

کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، کە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق تێیدا ئامادەبوون لەکاتێکدابوو، پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکن، هەروەک پارتی لە ڕەوتی سەدر و یەکێتیش لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیک بوو.

رابیحە حەمەد بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی نیشتیمانی، لەبارەی ناکۆکی نێوان پارتی و حیزبەکەی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، گوتی"ڕێککەوتن نەکراوە، بەڵام دەرگای گفتووگۆش دانەخراوە."

هەرچەندە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەڵام لە یەکتر تێگەیشتن لە نێوانیان دا دروستبووە، هەوڵەکانیش بۆ ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامی هەیە.

شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لەنێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە ئەنجامدرا، ئومێدەوارین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، تا بگەینە ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ سەرۆک کۆمار، چونکە سەرۆک بارزانی پێداگیری دەکات لەسەر ڕۆیشتنە پەرلەمان بەیەک کاندیدەوە، ئەمەش لە پێناو یەکڕیزی نێو ماڵی کورد."


XS
SM
MD
LG