Accessibility links

ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان بەڵێنی بەرپرسان و مامەڵەی هێزە ئاسایشییەکاندا


Sulaimaniyah
Sulaimaniyah

لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین دەکەن، بەڵام لەکاتی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکاندا، ڕۆژنامەوانان هەمیشە لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەکرێنە ئامانج و دەستگیردەکرێن، یاخود ڕێگریان لێدەکرێت ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن.

دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و ڕێگری لێکردنیان لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، ڕۆژنامەوانان مافی ڕووماڵکردن و دەستگەیشتنیان بە زانیاری پێدراوە، بەڵام پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، کاتێک نەوەی نوێ کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانە، بانگەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی کرد، بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ، 78 پێشێلکاری بەرامبەر 60 ڕۆژنامەنووس و کەناڵی ڕاگەیاندن کراوە، کاتێک ویستوویانە ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکان بکەن.

بەپێی ئامارەکەی سەنتەری میترۆ، 26 رۆژنامەنووس لە سێ پارێزگاکەی هەرێم دەستگیرکراون، ڕێگری لە 16 ڕۆژنامەنووسیش کراوە ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکان بکەن، هەروەها 8 ڕۆژنامەنووسیش بەر گازی فرمێسک ڕێژ کەوتوون، کەل‌وپەلی ڕۆژنامەوانی 23 ڕۆژنامەنووسیش لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەڵکوتراوەتە سەر ماڵی 4 ڕۆژنامەنوسی تریش.

ڕەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لە هەولێر و دهۆک ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس دەست بەسەر کراون و دوای خۆپیشاندان ئازادکراون، تا ڕووماڵی ناڕەزایەتی نەکەن، بەڵام لە سلێمانی ڕۆژنامەنووسەکان لە کاتی خۆپیشانداندا گیراون و هەندێک لە چالاکوانەکان ڕۆژێک پێش خۆپیشاندان گیراون."

جەختیکردەوە"دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و لێسەندنی موبایل و کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانیان، دواتر لێسەندنی پاسۆرد و کردنەوەی موبایلەکانیان، پێچەوانەی یاسا و دەستورە."

مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بەراورد بە ڕابردوو توندتربوو، بە شێوەیەک جگە لە دەستگیرکردنیان، ناچارکراون پاسۆردی موبایلەکانیان بدەنە ئاسایش و زانیاری کەسیشیان لێوەرگیراوە.

سنور کەریم، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سلێمانی، کە لە خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممە و دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە هێزە ئاسایشییەکان، ڕاستەوخۆ قسەی لەسەر دۆخی شارەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد، لەو کاتەدا هێزە ئاسایشییەکان پەخشی ڕاستەوخۆیان پێبڕی و دەستگیریان کرد، وتی"لەگەڵ وێنەگرەکەم دەستگیریان کردین و براین بۆ ئاسایش، بە زۆر پاسۆردی موبایلەکەم لێسەندرا، هەندێک پرسیاریان لێکردین جێی سەرسوڕمان بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەکەمانەوە نەبوو، ناوی دایک و باوک و خوشک و برایان دەپرسی لێمان، شوێنی دانیشتن و ڕەنگی ئۆتۆمبیلیان دەپرسی، پرسیاری ئەوەیان دەکرد باخ و مەزرەعەمان هەیە یان نا، دەیانپرسی جگەرە و مەشروب دەخۆن یان نا، پرسیارەکانیان سەیربوون!."

سنور کەریم کە دوای دوو کاتژمێر لە دەستگیرکردنی ئازادکرا، وتی"کاتێک ئازادکراین، موبایلیان پێنەداینەوە، ڕەتمکردەوە زیندان جێبهێڵم تا موبایلەکەم پێنەدرێتەوە، پێشموتن سووکایەتی زۆرتان پێکردووین و ڕەنگە ڕۆیشتبنە ناو موبایلەکانمانەوە، کە شتی تایبەتی خۆمانی تێدایە لەکاتێکدا ئەو مافەتان نییە. پاشان موبایلەکانیان پێداینەوە."

زۆربەی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ڕۆژی شەممە ئازادکران، دوا ڕۆژنامەنووس عەبدوڵا ئەحمەدی سەرنووسەری ماڵپەڕی کوردنیوزبوو، دوای چەند رۆژێک هێشتنەوەی لە زیندان، ئەمڕۆ سێشەمە ئازادکرا.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پاش ئەوەی قوباد تاڵەبانی زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس پێگەیشت لە ڕۆژی خۆپیشاندانەکە، داوای لە لایەنە ئاسایشییەکان کرد، دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسەکان ئازاد بکەن و وتی نابێت هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەست بەسەر بکرێت، دەستبەجێ هەموو رۆژنامەنووسەکان ئازادکراون."

وتیشی"پێشتریش جێگری سەرۆکی حکومەت جەختیکردۆتەوە، زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس نییە و هەموو کاتیش رێگربووە لە سزادانی ڕۆژنامەنووس لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی."

هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەدا لە سلێمانی، لە هەولێر و دهۆک دۆخەکە جیاوازتربوو، بە شێوەیەک ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان نەدرا، تەنانەت لەو شوێنانەش نزیک ببنەوە، کە بڕیاربوو خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجام بدرێت.

فەرمان سادق پەیامنێری ماڵپەڕی پەرەگراف لە هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕۆژی شەممە بۆ ڕێگرتن لە خۆپیشاندان، هێزێکی زۆر لە هەولێر بڵاوەیان پێکرابوو، کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانم لە نێو ئۆتۆمبێلەکەم جێهێشت، چونکە دڵنیابووم ڕێگە نادەن کاری ڕۆژنامەوانی بکەم، خۆم ڕۆیشتمە نزیک قەڵای هەولێر، تا دۆخەکە لە نزیکەوە ببینم."
وتیشی"دواتر ویستم لە نزیک ئوتێل چوارچرا ڕاستەوخۆ بۆ کەناڵەکەم، قسە بکەم، ئەوەی دیومە بیخەمە ڕوو، لە پڕ دوو کارمەندی ئاسایش ئامادەبوون، ڕاستەوخۆکەیان پێ بڕیم، وێنە و ڤیدیۆکانیان پێ سڕیمەوە."

هاوکات ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەولێر، وتی"نەک ڕۆژنامەنووس، هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێکرابوو، تەنانەت هاووڵاتی ئاساییان دەستگیردەکرد، گەر موبایلی دەربهێنایە و وێنە و ڤیدیۆی بگرتایە."
ڕۆژی هەینی رابردوو، پەیامنێرێکی ئێن ئارتی و وێنەگرەکەی لە دهۆک دەستگیرکران، ڕۆژی شەممەش، 3 کارمەندی ئێن ئارتی و پەیامنێرێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن ی سەربە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر دەستگیرکراون.

ئاوات عەلی بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لە دهۆک 2 ڕۆژنامەنووسمان دەستگیرکرا و لە هەولێریش 3 ڕۆژنامەنووسمان دەست بەسەرکرا، هەروەها لە سلێمانیش 6 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ئێن ئارتی دەستگیرکران."

وتیشی"ڕۆژنامەنووسەکانمان ئازادکراون، بەڵام هێشتا کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانیان پێنەدراوەتەوە، بە زەبری هێزیش پاسۆردی موبایلیان لێسەندراوە و موبایلەکانیان کراوەتەوە."

هاوکات لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکاندا، ژمارەیەک بەرپرسی نەوەی نوێش دەستگیرکران، شەوی ڕابردوو ژمارەیەکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە ئازادکران، بەڵام هێشتا ژمارەیەکیان لە زینداندا ماون.

هەریەک لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەولێر، ئیدانەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانیان لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووساندا کرد، ئەمڕۆ سێشەممەش، وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکاندا لە بارەگای سەنتەری میترۆ لە سلێمانی کۆبوویەوە.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا نیگەرانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی.

سنور کەریم پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، وتی"هەرچی پێشێلکاریمان بەرامبەر کرا، خستمانە بەدەم شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش هەموویان تۆمارکرد."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG