ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئایندەی کێشمەکێشە سیاسی یەکانی عێراق گرێدراوی ململانێ دەرەکییەکانە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە سەدر دەیەوێت حوکمی عێراق بکات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەردار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، لەبارەی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری لایەنە سیاسیەکان لەلایەن سەدر و پلانی داهاتووی سەدر، دەڵێت"لە نێو ڕەوتی سەدریشدا، هیچ کەسێک نازانێت نیەت و پلانی تاکتیکی سەدر چییە، بەڵام ئەوەی لە سەر ئاستی ستراتیژی ڕوونە، سەید موقتەدا دەیەوێت حوکمی عێراق بگرێتە دەست و خۆی حوکمڕانی عێراق بکات، دەیەوێت درێژە بە ململانێکان بدات، درێژە بەم حەشدە جەماوەریە بدات و متمانەی زیاتری خەڵک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەدەست بهێنێت."
ڕوونیشیکردەوە، گەر دۆخی عێراق بەرەو شڵەژانی گەورە نەڕوات، پێدەچێت هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجام بدرێت، دۆخی عێراق گرێدراوی فاکتەری دەرەکیشە، کەی فاکتەرە دەرەکییەکان گەیشتنە لێکتێگەیشتن، گرژییەکان خاو دەبنەوە، کەی بگاتە ئاستی پێکدادان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، گوتی"ئێران و ئەمەریکا هاوڕان لەسەر دروست نەبوونی ئاڵۆزی لە عێراق و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەمەریکا خۆشحاڵە بە هەبوونی ناکۆکی لە نێو هێزە شیعەکان، بە دابەشبوونی شیعە و قسەکردنی هەندێک لە هێزە شیعەکان لە دژی ئێران ئاسودەیە، ئەمەش بەو مانایە نی یە ڕەوتی سەدر دەکەوێتە سەنگەری دژە ئێرانەوە، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەمە، چونکە ڕەوتی سەدر پەیوەندی لەگەڵ ئێران و حیزبوڵا هەیە، وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد، دۆخی عێراق بەستراوەتەوە بە فاکتەری ناوخۆییەوە کە بە کوێ دەگات، یاخود فاکتەرە دەرەکییەکان بەکوێ دەگەن، بەشێکیشی بەستراوەتەوە بە بازاڕی وزە و فایلی ئەتۆمی ئێرانەوە، ئەم مەسەلانە کاریگەری خۆیان هەیە."
سەبارەت بە مانەوەی پەیوەندی لە نێوان ئێران و سەدر، لە کاتێکدا بە پێی زانیارییەکان ئێران چەندین جار هۆشداری داوەتە سەدر لەسەر دۆخی عێراق، سەردار عەبدوڵا گوتی"سەید موقتەدا چەندین وەفدی ناردووەتە ئێران، وەفدێکیان دوو هەفتە لەوێ بووە، وەفدیشی ناردووەتە لای حیزبوڵا و هێشتا پەیوەندییان هەیە، بەڵام موقتەدا سەدر چەندین هەوڵی تاقیکردووەتەوە بۆ حوکم کردنی عێراق، ئەو چاوی لە حوکمی عێراقە، گەر ببێتە حاکمی سیاسی و ئاینی عێراق، نایەوێت تابعی وەلی فەقیهی ئێران بێت، ئێرانیەکانیش دووربین و بەدیقەتن، حساباتی دوور مەودا دەکەن، عێراق بە نیسبەت ئێرانەوە بۆری هەناسەیە و ناتوانن دەستبەرداری بن."
جەختیشیکردەوە"ڕۆیشتنی عەمار حەکیم بۆ سعودیە، بەتایبەت ماوەیەکە ئێران و سعودیە لە عێراق دانوستان دەکەن، ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوە، ڕەنگە سەردانەکە سەفقەیەکی ژێر بە ژێری نێوان ئێران و سعودیە بێت، گەر وابێت سیناریۆ دادەنرێت بۆ خاوبوونەوەی گرژیەکانی عێراق."
بەڕای هەندێک لە چاودێران، هەرچەندە ئاڵۆزیەکانی عێراق بەڕووکەش لە نێوان سەدر و هێزە شیعەکاندایە، بەڵام دیوی پشتەوەی ململانێکان پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان سەدر و مەرجەعیەتەوە هەیە، لەوبارەیەوە سەردار عەبدوڵا دەڵێت" ناکۆکی نێوان سەدر و مەرجەعیەت پێشینەی هەیە، دوای ڕووخانی بەعس، موقتەدا ئیشی لەسەر ئەوەدەکرد فۆرمی حەسەن نەسروڵا و حیزبوڵا لە عێراق دووبارە بکاتەوە، ئەوکات بە فڕۆکە سستانی بۆ چارەسەر برایە بەریتانیا و دواتر لە کوەیتەوە هێنرایەوە بۆ بەسرە، لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل هێنرایەوە بۆ نەجەف و خەڵکێکی زۆر ڕژانە سەر شەقام و پێشوازییان لێکرد، ئەمە جۆرێک بوو لە بەیعەت بە سستانی، ئەوەبوو سەدریان نارد بۆ قوم."
گوتیشی"سەدر دان بە هیچ مەرجەعیەتێکدا نانێت، بەم دواییانە فشاری سەر مالیکی کەمکردووەتەوە، فشارەکانی گواستەوە بۆ سەر حەکیم، ئەمە ململانێی نێوان بنەماڵە ئاینیەکانە، سەدر جگە لە مەرجەعیەتی سەدری و بنەماڵەکەی، دەیەوێت کۆتایی بە بنەماڵە ئاینییەکان بهێنێت، بۆیە ململانێکان دیوێکیان پەیوەندییان بە ململانێی نێوان بنەماڵە ئاینیەکانەوە هەیە."
سەردار عەبدوڵا هۆکاری بێ دەنگی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لە ئاست ناکۆکی یە سیاسییەکان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، مەرجەعیەت کاتێک دەستوەردان دەکات، دڵنیابێت لە جێگرتنی دەستوەردانەکەی، دەڵێت"مەرجەعیەت بە حیکمەتەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی عێراق دەکات."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەردار عەبدوڵا چاودێری سیاسی ئاشکراشیکرد مەرجەعیەت نایەوێت بە ئیستیفزازیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراق بکات، مەرجەعیەت لەڕووی سەربازیشەوە بەهێزە و حەشدی عەتەباتی هەیە، ناتوانرێت نینۆکی بکرێت، هەروەها خاوەنی هێزێکی دارایی گەورەشە، لە ڕووی خزمەتگوزاری یەوە خزمەت دەکات، گوتی"مەرجەعیەت لای ڕوونە سەدر لەوانیتر زیاتر دژیەتی، لایەنەکان بەم حەساسیەتە دەزانن و دەیانەوێت بیقۆزنەوە، بەڵام مەرجەعیەت بۆ هاتن و نەهاتنە خەت، حساباتی وردی هەیە، مەرجەعیەت لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 ەوە ، گوتاری سیاسیشی لە رۆژانی هەینی دا نەماوە، بۆیە مەرجەعیەت تەنها لەکاتی هەستیاردا دەخالەت دەکات."