حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، کرێنشینان دەڵێن چاومان لەوەیە دەستی حزب لە یەکەکان دوور بخرێتەوە و کەسانی کرێنشین و کەم دەرامەت سودمەند بن لە یەکەکان. داواش دەکرێت شوێنی یەکەکان لە ناوچە ئاوەدانەکان بێت و خزمەتگوزاریان هەبێت هاوشێوەی ئەو یەکانە نەبێت کە چەند ساڵێکە تەواوکراون و لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری ناتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت.
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بۆ کرێنشینان و کەم دەرامەتان، لە ئێستادا ئەو یەکانە لەسەر بنەمای ژمارەیەک پێوەر بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون و ئامادەکاری بۆ دروستکردنیان دەکرێت، هاووڵاتیانی کرێنشین دەڵێن هیوادارین ئەم یەکانە نەکرێنە پشکی حزبە سیاسیەکان و ئەوانەی کرێنشین نین سودمەندی دیاری پرۆسەکە نەبن.
ڕزگار عەبدوڵا کرێچیە دەڵێت "داوادەکەین سەرجەم هاووڵاتیانی پارێزگاکان وەک یەک گرنگیان پێ بدرێت، لە شوێنێک یەکەکان دروست بکرێن کە خەڵک سودیان لێ وەرگرێت، حیزبایەتی و بیروباوەڕی خەڵک لەم پرۆسەیەدا بخرێتە دەرەوە کەسانی کەم دەرامەت و کرێچی سودیان لێ وەربگرێت".
شەمال جەبار هاووڵاتییەکی دیکەیە دەڵێت "دەست خۆشی لە حکومەت دەکەم لە شوێنێکی شیاو دروستیان بکات کە سودی لێ وەربگیرێت، هیوادارین خەڵکانێک سودیان لێ وەرنەگرێت کە کرێنشین نەبن و بە شێوەیەکی دادپەراوەرانە دابەش بکرێن".
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند" 440 یەکە لەو بیست هەزار یەکەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی داون بەر پارێزگای هەڵەبجە کەوتوون، لیژنەیەکی فراوان لە بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان لە هەڵەبجە دروست کراوە و جگە لە هاووڵاتیانی سەنتەری پارێزگا هاووڵاتیانی ناحیەکانیش دەگرێتەوە و دەتوانن سودمەند بن."
لە ساڵانی ڕابردوودا لەناو سەنتەری هەڵەبجە 12 باڵەخانە دروست کراون کە 6 باڵەخانەیان لە هەڵەبجە تەواو بووە و لەبەر بێ خزمەتگوزاری زیاتر لە 10 ساڵە دابەش نەکراون، لە ناحیەی خورماڵیش 4 باڵەخانە و لە قەزای سەیدسادقیش 12 باڵەخانە دروست کراون، بەڵام نەگونجاوی شوێنەکانیان و تەواو نەکردنیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ترسیان لای هاووڵاتیان دروست کردووە کە ئەم یەکانەش بەو شێوەیە دروست بکرێن و تەواو بکرێن .