Accessibility links

یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان بەهۆی كەموكوڕی لە دۆسیەكاندا دواخرا


بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە دۆسیەی سزادراوانی بادینان یەکلایی بکرێتەوە بەڵام کەموکوڕی لە دۆسیەکانیاندا بۆ هەفتەی ئایندە دواخرا، پارێزەرێكیش دەڵێت بابەتی ڕێكارەكانی ئازادكردنی بە مەرج ئیشی چوار ڕۆژە ئەمە دوو مانگە چاوەڕێ دەكەن دۆسیەی سزادراوانی بادینان یەكلایی بكرێتەوە.

سەبارەت بە دوا هەنگاوەكانی پرسی ڕێكارەكانی ئازادكردنی بە مەرجی گیراوانی بادینان و ژمارەیەكی تریش لەو كەسانەی كە بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان دەستگیركراون، بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند بابەتەكە لە چاكسازی گەورانی هەولێر کەمێک بە سستی دەڕوات دوو ڕۆژ لەمەوبەر نۆ دۆسیەیان ڕەوانە كردووە و ڕۆژی چوارشەممەش سێ دۆسیە، بەڵام هەرجارێك كە ڕەوانە دەكەن كەموكوڕی تێدایە، ڕۆژی پێنجشەممە پازدە دۆسیەی تریان ئامادەكردووە بەڵام دیسان كەموكوڕی تێدایە بۆیە لە هەموو حالەتێكدا هەر دەمێنێتەوە بۆ هەفتەی ئایندە".

كەسوكاری سزادراوانی بادینانیش لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون كە ڕۆژی پێنجشەممە دۆسیەی سزادراوان یەكلایی بكرێتەوە وەلێ دواخرا، ئەم دواخستنەكەش نیگەرانی لای ئەوان دروستكردووە و داوایان دەكرد كە هەرچی زووە دۆسیەكان یەكلایی بكرێنەوە و بەكەسوكاریان شاد بن. بەڵام بەهۆی كەموكوڕی لە دۆسیەكانیان دواخراوە و ئەگەر ڕای داواكاری گشتی چاكسازیشی لەگەڵ نەبێت دادگا وەری ناگرێت.

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ئاشكرای دەكات كە ئەوانەی بادینان 10 كەسن جگە لە قارەمان شوكری كە ئەو لە دهۆكە و هێشتا كاتی ئازادكردنی بە مەرجی ماوە چونكە دەبێت سێ چارەكی حوكمەكەی تەواو بكات ئینجا ئازادكردنی بە مەرج دەیگرێتەوە بەڵام ئەوانی دیكە خەڵكی زۆری تیدایە كە نزیكەی چل كەس دەبن ئێستا موستەحەقی ئەوەن بە ئازادكرنی بە مەرج ئازاد بكرێن ئەوانیش هەر بە هەمان ئەو مادەیە دەستگیركراون كە گوایە پەیوەندیان لەگەڵ لایەنی دەرەكی هەیە.

دەنگی ئەمەریكا هەوڵیدا ڕای گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی دواخستن و یەكلایی نەبوونەوەی دۆسیەی سزاداراوانی بادینان وەربگرێت بەڵام بەردەست نەبوو.

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ڕاشیدەگەیەنێت بابەتی ڕێكارەكانی ئازادكردنی بە مەرج ئیشی چوار ڕۆژە، ئەوە دوو مانگە چاوەڕێ دەكەن دۆسیەی سزادراوانی بادینان یەكلایی بكرێتەوە.

دەشڵێت" كەموكورتیەكە ئەوەیە كە وەرگرتنی ڕاپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتیە كە فەرمانبەرێكە دەبێت لەسەر سلوكیان ڕاپۆرت بنوسێت و بڵێت ئەمانە سلوكیان باشە و بە كەڵك ئەوە دێن بێنەوە ناو كۆمەڵگە و كێشەیان نییە. ئەوەی دیكەش هەر سزادراوێك دەبێت پەنجە مۆری لێ وەربگیرێت بزانن ئایا لە شوێنی تر داواكراون یاخود نا و پێشتر گیراون یاخود نا؟ دوای وەڵامدانەوە ئەو كات لەگەڵ ڕاپۆرتی داواكاری گشتی هەموو پێكەوە دەچێتە بەردەم دادوەر و لەوێ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00

XS
SM
MD
LG