Accessibility links

زانیاری لەبارەی کوژرانی سەرکردەکەی تەڤگەری ئازادی لە گەرمیان


سهێل خورشید عەزیز ئەندامی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی
سهێل خورشید عەزیز ئەندامی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە گەڕەکی شۆڕش ی قەزای کفری دەڤەری گەرمیان، ئەندامێکی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی کە بە هێزێکی نزیک لە پەکەکە هەژمارد دەکرێن، درایە بەر دەستڕێژی گولە و کوژرا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت"گومانمان نی یە، تورکیا تیرۆری کردووە، بەڵام دەستی خیانەتکاری ناوخۆیشی تێدایە."

ئەندامەکەی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی کە "تیرۆر" کراوە، ناوی ( سهێل خورشید عەزیز)ەو ناسراوە بە ( مامۆستا شەماڵ)، فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، یەکێکیشە لە نوسەرە دیارەکانی ناوچەی گەرمیان.

موقەدەم عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کاتژمێر 1 ی نیوەڕۆ ئاگادارکراینەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی شۆڕش ی کفری، کە هاوڵاتیەکی تەمەن ( 62 ساڵ) بوو، سێ فیشەکی بەرکەوتبوو، دەستبەجێ گیانی لەدەستدابوو، دواتر تەرمەکەی براوەتە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی و لەوێشەوە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە."

وتیشی"هێزەکانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی تاوانبارەکان و دەستگیرکردنیان."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (مازدا) ژمارە (ڕەش) کە ژمارەکەی تۆمارکراو نی یە و لەهەرێمی کوردستان بە (علوج) ناسراوە، چەکدارێک لەو ئۆتۆمبێلە دابەزیووە و تەقەی لەسەرکردەکەی تەڤگەری ئازادی کردووە.

تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەبارەی ڕووداوەکەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هیچ گومانی تێدا نییە، بە ئامانج کردنی مامۆستا شەماڵ تیرۆری سیاسی بووە، چونکە ناوبراو زیانی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەبووە، کەسێکی نوسەر و ڕۆشنبیر و جوگرافیا ناس بووە، کەسێکی دیاریش بووە."

وتیشی"گومانیشمان نی یە، تورکیا لە پشت تیرۆر کردنی مامۆستا شەماڵەوەیە، بەڵام دەستی خیانەتکاری ناوخۆیشی تێدایە، بۆ بڕیاردانیش لەسەر تیرۆرەکە، هێشتا زووە و دواتر قسەی زیاتری لەبارەوە دەکەین."

کوژرانی سەرکردەکەی تەڤگەری ئازادی لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 17/6 ی ئەمساڵ، فەرهاد دێرکی جێگری هاوسەرۆکی پەیەدە و سێ کەسی تر لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە نزیک شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG