Accessibility links

سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سیاسی لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە


به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاته‌كه‌ی کۆبوویەوە و تاوتوێی قه‌یرانی سیاسی به‌رده‌وامیان له‌ وڵاته‌كه‌دا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فایق زیدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی و مسته‌فا كادمی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شدار بوون.

لە میانی گفتوگۆکاندا بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە گفتوگۆی بنیاتنەر، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دیموکراسی لە عێراقدا ئەرکی سەرجەم دانیشتوانی وڵاتەکەیە.

سەرکردەکان پشتگیری خۆیان بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک وەزیران نوێکردەوە بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی گفتوگۆی نیشتمانی لەم هەفتەیەدا بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکە و دەستپێشخەرییەکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا لە ئارادایە.

ماوەی چەند مانگێکە عێراق لە بنبەستی سیاسیدا نوقم بووە، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ڕابردووەوە، شوێنکەوتووانی پیاوێکی ئایینی کاریگەری شیعە موقتەدا سەدر و ڕکابەرە سیاسییەکانی و گروپە شیعەکانی سەر بە ئێران لە ناکۆکییدان.

سەدر لە دەنگدانی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو زۆرترین پشکی کورسییەکانی بەدەستهێنا بەڵام شکستی هێنا لە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە، ئەمەش بووەتە هۆی یەکێک لە خراپترین قەیرانە سیاسییەکانی عێراق.

لایەنگرانی سەدر لە کۆتایی مانگی حەوتدا هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمان و بەردەوام خۆپیشاندانیان لە بەردەم پەرلەمان ئەنجامداوە.

XS
SM
MD
LG