سلێمانی – عەلی ئەحمەدی تەمەن 31 ساڵ لە پرسگەی هۆتێلێكی شاری سلێمانی دانیشتبوو و نیگەران دەرکەوت. عەلی کە خەڵکی بەغدایە، لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە سەیری سۆشیال میدیای دەکرد و ڤیدیۆ و ڕاپۆرتی پێکدادانی کوشندەی لە پایتەختی عێراق دەبینی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە هاتبووە سلێمانی تا دەست بە کارێکی نوێ بکات، بەڵام هێشتا خێزانەکەی لە بەغدا بوون. لە هۆتێلەکە، ڕۆژی سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت کە پشتڕاستی کردەوە دایکی و باوکی و خوشکەکەی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لە ڕێگادان بۆ سلێمانی.
عەلی، بە دەنگى ئەمەریکاى گوت، “هەموویان تاوانبارن لەم کارەدا. هەموویان سوودمەندن لەم سیستەمە و دەیەنەوێت وەکو خۆی بیهێڵنەوە." عەلی مەبەستی لە تەواوی دامەزراوەکانی سیاسی عێراق و سیاسەتمەدارانی وڵاتەکە بوو.
خانەوادەی عەلی تاکە خانەوادە نییە کە ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە. بەرپرسان پشتڕاستیان کردەوە کە سەدان کەسی دیکەی عەرەبی عێراق بە ئۆتۆمبێل لە بەغداوە بەرەو هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی دووشەمەوە هەڵهاتوون. ئەوان هەوڵی خۆدەربازکردنیان لە توندوتیژی دەدا کە شەوی دووشەممە لە نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر، کە پیاوێکی ئایینی پۆپۆلیستییە و لایەنگرانی گروپە میلیشیاکانی لایەنگری ئێراندا دروست بوو. میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بە گشتی پێیان دەگوترێت حەشدی شەعبی.
ئەلسەدر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانییەکەی شکستی هێنا لە پێکهێنانی حکومەت. دوای چەند مانگێک لە بنبەستی سیاسی داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد دەست لەکار بکێشنەوە و داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی کرد. بەڵام، ڕۆژی یەکشەممە موقتەدا سەدر ڕاگەیاندنێکی سەرسوڕهێنەری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە "خانەنشین دەبم" لە سیاسەت.
پاشان لایەنگرانی ئەو پیاوە ئاینییە ڕژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و داوای ڕاگرتنی گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراقیان کرد. خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە چواردەوری بە شوورای کۆنکریتی گیراوە و نووسینگەی مستەفا ئەلکادیمی سەرۆک وەزیران و پەرلەمان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لێیە.
شەوی دووشەممە، حکومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی لەسەر ئاستی وڵات ڕاگەیاند، بەڵام پێدەچوو زۆر کەس گوێیان لەو بانگەوازە نەگرت. توندوتیژییەکان تا ڕۆژی سێشەممە بەردەوام بوون و بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن کوژرانی لانیکەم 30 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکەی لێکەوتۆتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە موقتەدا سەدر وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش کرد و داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد لەسەر ئەو توندوتیژییانە و داوای لە لایەنگرانی کرد ناوچەی سەوز بەجێبهێڵن و بچنەوە ماڵەوە. دوای ئەوەی کە ئەلسەدر داوای ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکانی کرد پێدەچوو بارودۆخە ئارامتر بووبێتەوە. کەناڵە عێراقییەکان نیشانیاندا کە خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر ناوچەی سەوز بەجێدەهێڵن.
موقتەدا سەدر دووپاتی كردەوە كە بڕیاری خانەنشینی ئەو دوا بڕیارە، گوتی: "شۆڕشێك كە توندوتیژی و كوشتن تێکەوت شۆڕش نییە."
کادیمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سیاسەتمەدارانی دیکە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی سەدر کرد بۆ ئاشتی.
کادیمی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی، "بانگەوازی سەماحەتی سەدر بۆ ڕاگرتنی شەڕ ئەوپەڕی ئاستەکانی نیشتمانپەروەری و خەمخۆرییە. گوتارەکەی بەڕێزیان هەموو لایەك دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی عێراق و ڕاگرتنی گوتاری سیاسی و ئەمنی گرژ، بە دوای ئەوەشدا دەستپێکردنی دیالۆگێکی خێرای بەرهەم دار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان."
بەڵام دیار نییە خانەنشینبوون لە ڕاستیدا بۆ سەدر مانای چییە، کە زیاتر لە دە ساڵ و نیوێکە یاریزانێکی سەرەکی سیاسی عێراقە. بزووتنەوە سیاسییەکەی کە لە نێو زۆرینەی شیعەکانی وڵاتدا شوێنکەوتوویەکی بەهێزی بنەڕەتی هەیە، چی بەسەر دێت؟
زۆر پسپۆڕی کاروباری عێراق گومان دەکەن سەدر بەڵێنەکەی بباتەسەر. یەکێک لەوانە بیلال وەهابە، کە لێکۆڵەرە لە پەیمانگای واشنتن.
بیلال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمە یەکەم جار نییە و دواجار نابێت کە سەدر دەستلەکارکێشانەوە لە سیاسەت ڕابگەیەنێت. لە ڕابردوودا بیری خۆی گۆڕیوە و ئێستاش هەمان شت دەکات. موقتەدا سەدر پشکێکی بەرچاوی لە سیاسەت و دەوڵەتی عێراقدا هەیە و تەنانەت تەماحی گەورەتریشی هەیە. ناتوانم بیهێنمە پێش چاوم کە بەڕاستی وازیان لێبهێنێت."