لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی فراوانکردنی کێڵگە نەوتیەکاندا بوو، بە دیاری کراویش کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام هێرشە موشەکیەکان هەوڵەکەیان شکست پێهێنا و بەشێک لە کۆمپانیا دەرەکیەکان کشانەوە، کشانەوەی بەشێک لە کۆمپانیاکان کێشەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی گاز و سوتەمەنی دروست دەکات و شارەزایەکی بواری کێڵگە نەوتیەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی نەکردووە، بەڵام ئەگەر ناکۆکیە سیاسی و یاساییەکانی هەرێم و ناوەند بەردەوام بێت مەترسی پاشەکشە لە بەرهەمهێنانی سوتەمەنی هەیە.
محەمەد حسێن شارەزای ئابوری و کێڵگە نەوتیەکان ئاماژە بەوە دەکات کشانەوەی بەشێک لە کۆمپانیا بیانیەکان و هێرشەموشەکیەکان دوو هۆکاری سەرەکین کە کاریگەریان هەیە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم.
" تا ئەم دەقەیە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەو ڕادەیە پاشەکشەی نەکردووە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کە جێگەی تێڕامان و سەرنج بێت، پار ئەم کاتە مەعەدەلی هەناردەکردنی نەوت نزیکەی 430 بۆ 440 هەزار بەرمیل نەوت بووە ڕۆژانە ئێستاش 420 بۆ 430 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت واتە فەرقەکە کەمە لەو ڕوەوە، بەڵام مەترسی هەیە لە مانگەکانی داهاتوو یان ساڵانی داهاتوو پاشەکشە بکات ئەگەر ئەو وەزعە هەر ئاوا بێت کە ئێستا هەیە، ئەو ناکۆکیە یاسایی و سیاسیانەی ئێستا هەیە لە نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی لەبەر زەبری هەڕەشەکانی وەزارەتی نەوت و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری تەکنیکی پێشکەش دەکەن لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێـمی کوردستاندا، تا ئێستا کوردستانیان بەجێهێشتووە، ئەمەش وایکردووە کەلێنێک دروستبووە لەوەی ئەو ئیشە تەکنیکیانەی جێیان هێشتووە، هێشتا وەک پێویست کۆمپانیای تر نەهاتووە شوێنیان بگرێتەوە، گومان دەکرێت وە ترسیش هەیە لە ماوەی داهاتوودا ئەوە ببێتە گرفتێکی تەکنیکی بۆ زۆر لە کێڵگە نەوتیەکان."
مەحەمەد حسێن پێی وایە دۆخی کێڵگە نەوتیەکان و بەرهەمهێنانی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی فشار و زەختە زۆری دادگای فیدڕاڵی و حکومەتی ناوەندی لەسەر بووە بەڵام لە ئێستادا لە دۆخێکی باشدایە.
" بە ڕەچاو کردنی ئەو هەمو زەخت و فشارەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە لە ساڵی پار و بەتایبەتیش لە مانگی 2 ی ئەمساڵەوە، کە دادگای فیدڕاڵی عێراق شەرعیەتی لە هەموو سێکتەری نەوتی هەرێم وەرگرتەوە و وتی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوریە، لە دوای ئەو هەموو زەخت و فشارە هەرێمی کوردستان و سێکتەری نەوت و گاز، بە باشی بەرگەی گرتووە، تا ئێستا توشی پاشەکشەیەکی وانەبووە کە جێگەی سەرنج و تێڕامان بێت بەڵام مەترسی هەیە کە لە داهاتوودا تووشی گرفتی زیاتر ببێت."
سەبارەت بە فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر وزیاتر کردنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە، ئەو شارەزایەی کێڵگە نەوتیەکان دەڵێت، لەسەرەتادا تموح وابووە، بەرهەمی ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن و بۆ ئەمەش داوای هاوکاری و پاڵپشتی دارایی لە چەند وڵاتێكی دەرەکی کراوە، بەڵام نەتوانرا پەرە بەم کارە بدرێت.
" دانا گاز و هاوبەشەکانی لە کۆرمۆر پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرۆمۆریان دەست پێکرد، ئەوە بوو قەرزیان بۆ پەیدا کرد لە لایەن ئاژانسی گەشە پێدانی ئەمەریکی و کۆمەڵێک کۆمپانیای تەکنیکیان هێنا بۆ ئەوەی بە عەمەلی دەست بکەن بە پڕۆژەکە، پڕۆژەکە دەستی پێکرد و ئیشەکان زۆر بە باشی دەڕۆشت هەموو تەوەقوعات و چاوەڕوانیەکان ئەوە بوو کە لە ساڵی 2023 دا قۆناغی یەکەمی ئەم فراوانکردنە تەواو ببێت، وە تا ساڵی 2025 و 2026 بەرهەمی ڕۆژانەیان بگەییەننە 1 ملیار مەتر سێجا گاز لە ڕۆژێکدا بەڵام ئەو هێرشە ڕۆکێتیانەی کە کرانە سەر کێڵگەی کۆرۆمۆر وایکرد بەشێک لەو کۆمپانیایانەی خزمەت گوزاری تەکنیکیان پێشکەش دەکرد لە پڕۆژەکەی کۆرۆمۆر بەجێی بهێڵن."
دەربارەی دەنگۆی کشانەوەی بەشێک لە کۆمپانیاکان لە ناویشیاندا کۆمپانیایەکی ئەمەریکی لە کێڵگەکە، مەحەمەد حسێن دەڵێت هەواڵەکە ڕاستە و بەشێک لە کۆمپانیاکان دوای هێرشەکان کە کێڵگەکەیان چۆڵ کردووە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، دیار نیە ئایە جارێکی تر دەست دەکەنەوە بەکار کردن یاخود نا.
" کۆمپانیایەکی ئەمەریکی هەبوو بەناوی ئێکستێران وە کۆمپانیایەکی تورکی هەبوو هەموو ئەوانە، هەر لەگەڵ یەکەم هێرشی ساروخیدا بۆسەر کێڵگەکە، شوێنەکانیان بەجێهێشت، لە دوای ماوەیەک ئەو کۆمپانیایانە ویستیان بێنەوە و هەموو شتێک حازر بوو بۆ ئەوەی دەست بکەن بەئیش، ئەوە بوو هێرشی دووەم بۆسەر کۆرۆمۆر دەستی پێکرد، بۆیە ئەمە ئەو کۆمپانیایانەی بە فعلی ترساند، بۆیە ئەوەی کە تێبینی کراوە تا ئێستا ئەو کۆمپانیایانە نەگەڕاونەتەوە، وە ئەوە بڵاوبۆتەوە لە میدیاکان کە ئێکستێران بە یەکجاری دەڕوات، هێشتا ئەمە وازح نیە و کۆمپانیاکە خۆی ئەوەی ڕانەگەیاندووە کە دەڕوات بەڵام تا ئێستا پڕۆژەی وەبەرهێنان یان فراوانکردنەوەی وەبەرهێنان لە کۆرۆمۆردا بە جامدی ماوەتەوە و وەستاوە."
مەحەمەد حسێن دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کێڵگەکە، بەڵام هێزی ناوخۆیی و دەرەکیش هەیە کە ڕێگرن لە بەردەم فراوانکردنی پڕۆژەکە.
" تا ئیستا هیچ گوروپ و هێزێکی میلیشیایی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕانەگەیاندووە، لایەنی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش، تا ئێستا پەنجەی تۆمەتیان بۆ کەس درێژ نەکردووە، تۆمەت دەدرێتە پاڵ میلیشیای جیا جیا بەتایبەت ئەو میلیشیایانەی وا دەناسرێن کە نزیکن لە یەکێک لە هێزە هەرێمایەتیەکان، بەڵام ئەمە ئەبێ لایەنی بەرپرس و لایەنی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان ئەوە دیاری بکەن ئایە ئەوە چ میلیشیایەکە، وە کام وڵاتی هەرێمایەتی پاڵی پێوە ناوە بۆئەوەی کۆرۆمۆر بداتە بەر ساروخ، ئەوەی ڕوونە ئەو هێزە میلیشیایانە نایانەوێت بەرهەمهێنانی گاز زیاد بکات لە کێڵگەکە، ئەمە زۆر لایەن لێی سودمەندە، بۆ نمونە گازی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە منافسێکی گازی ئێران لە عێراق یان لە تورکیا، ڕەنگە لایەنی سیاسیش هەبێت لە عێراقدا ئەوەی پێ ناخۆش بێت، هەموو ئەمانە گومانە بەڵام بەڵگەی مەلمووس نیە بڵێین کێن ئەوانەی ئەوەیان کردووە."
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی و سیاسی عێراقەوە لەلایەک فشارەکانی حکومەتی ناوەند و دادگای فیدڕاڵی، لەلایەکی تریش هێرشە موشەکیەکان بۆسەر کێڵگە نەوتیەکان وەستاوە، بەڵام پێناچێت دۆخی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بەتایبەتیش گاز ڕوو لە باشی بێت بەتایبەتیش دوای ئەوەی بەشێک لە کۆمپانیا دەرەکیەکان لە کێڵگەکان کشانەوە و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە .