Accessibility links

زانیاری نوێ لەسەر ترسی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن


کۆمپانیایەکی ئەمەریکی کە لە کێڵگەی غازی کۆر و مۆری نزیک قەزای چەمچەماڵ کاری دەکرد، لە کارکردن لە هەرێمی کوردستان کشایەوە، بەهۆی موشەک بارانکردنی بەردەوامی کێڵگەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز کۆمپانیاکانی تریش ترسیان لە داهاتووی کارەکانیان لەهەرێم هەیە و داوای نێوەنگیریان لە ئەمەریکا کردووە.

کۆمپانیای (ئێکستێران) ی ئەمەریکی، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ( دانەغازی) ئیماراتی هەبووە، بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر، کە لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 450 ملیۆن پێ سێجا غاز لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیاکە پلانی فراوانکردنی کێڵگەکە و زیادکردنی بەرهەم هێنانی غازی هەبوو بۆ سەرووی ملیارێک پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا، بەڵام موشەک بارانکردنی کێڵگەکە، پلانەکەی لە ئێستادا شکست پێ هێناون.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە موشەک بارانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر ڕانەگەیاندووە و حکومەتی هەرێمیش بە فەرمی هیچ لایەکی تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ گروپە شیعەکان درێژ دەکرێت، بەو پێ یەی نزیکایەتیان لەگەڵ ئێران هەیە و نایانەوێ غازی هەرێم جێ بە غازی ئێران لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا لێژ بکات.

محەمەد حسێن چاودێری بواری نەوت و وزە، هۆکاری بەجێهێشتنی کێڵگەی کۆرومۆر لەلایەن کۆمپانیای ئێکستێران ی ئەمەریکی یەوە بۆ موشەک بارانکردنی کێڵگەکە دەگێڕێتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێت"کۆمپانیاکە گەڕاوەتەوە ئەمەریکا، دیار نییە دەگەڕێتەوە یان نە، وەڵامی ئەو پرسیارەش لای هیچ لایەک ڕوون نی یە، کەی گروپەکان واز لە موشەک بارانکردنی کێڵگەکە دەهێنن."

جێهێشتنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر لەلایەن کۆمپانیا ئەمەریکیەکەوە لەکاتێکدایە، گەر ئێران ترسی لە فراوانکردنی ئەو کێڵگەیە و جێ لێژکردن بە غازەکەی لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا هەبێت، ئەوا لە مانگی شوبات ی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی عێراق مەترسیدارترین بڕیاری دژی نایاسایی بوونی پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەرکردووە، هەرێم بڕیارەکە بە سیاسی دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە پێوەی پابەند بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەبڕیارێکی مەترسیداری دادەنێت بۆ داهاتووی ئابووری هەرێمەکە، کە داهاتی نەوت بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی ئابووری هەرێمەکەیە.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتی یەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، جارێکی تر ناکۆکی یەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر نەوت سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە دادگای فیدراڵی بڕیاری دژی نەوتی هەرێم دەرکردووە."

جەختیشیکردەوە"کێڵگەی نەوتی خورمەڵە و کێڵگەی کورومۆر، کە غاز و کارەبای هەرێمیان لێ بەرهەم دەهێنرێت و 40% نەوتی هەرێمیان لێ دەردەهێنرێت، کۆمپانیای نەوتی باکوری سەر بە حکومەتی عێراق ئەم دوو کێڵگەیە بەهی خۆی دەزانێت، ئەمانە کێشەی گەورەن بۆ هەرێم، بۆیە کۆمپانیاکان دەترسن."

هەرچەندە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نایاسایی بوونی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی دەرکردووە، بەڵام هێشتا حکومەتەکەی مستەفا کازمی هیچ هەنگاوێکی دژی هەرێم نەگرتووەتە بەر، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت حکومەتی داهاتوو دەستەوەستان بێت، بەتایبەت گەر لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێرانەوە پێکبهێنرێت، بۆیە یەکێک لە داواکارییەکانی هەرێم بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق، سڕکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یە، تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز دەردەچێنرێت.

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت"کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەهەرێم کاردەکەن نیگەرانن، چونکە نازانن حکومەتی داهاتووی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتی هەرێم دا دەکات."

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی داوای کەمکردنەوەی بارگرژی کۆمپانیاکانی نێوان هەولێر و بەغدای لە ئەمەریکا کردووە، بەو پێیەی گەر ڕێگری بکرێت لە ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی، ئابووری هەرێم توشی داڕمان دەبێت و نەوتی ئێران و ڕووسیاش دەبێتە جێگرەوەی نەوتەکەی.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە، لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک کاردەکات، کە تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ڕۆژانە 16 تا 20 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە بەرهەم هێنراوە.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ نایاسایی بوونی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی ئەو سکاڵایەی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس لە سەر تورکیا تۆماریکردووە و داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتە دەکات، گوایە بە نایاسایی ڕێگەی داوە نەوتی هەرێم ببرێتە دەرەوە.

محەمەد حسێن چاودێری بواری نەوت و وزە پێیوایە، ترسی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لەهەرێم کاردەکەن و داوای نێوەنگیریان لە ئەمەریکا کردووە، بۆ سکاڵاکەی عێراق دەگەرێتەوە لەسەر تورکیا لە دادگای ناوبژیوانی پاریس، گوتی"گەر عێراق سکاڵاکە لە تورکیا بەرێتەوە، ئەوکات بواری کارکردن بۆ کۆمپانیاکان لاواز دەبێت، چونکە هەرێم دەروازەی ناردنە دەرەوەی نەوت لەدەست دەدات، یان دەبێت نەوتەکەی لەناوخۆ ساغ بکاتەوە کە ئەمە قورسە، یان دەبێت بە تانکەر لە ڕێگەی ئێرانەوە بیفرۆشێت، ئەمەش ئاسان نییە."

هەرچەندە بەشێک لەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن ترسیان لە داهاتووی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بەڵام هەندێکی تر لە کۆمپانیاکان هۆشداریەکانی بەغدایان بەهەند وەرنەگرتووە و بەردەوامن لە کارکردن لە کێڵگەکانی هەرێم، بەو پێیەی بەرژەوەندی ئابوورییان لە ناوچەکانی تری عێراق نییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:25 0:00

XS
SM
MD
LG