Accessibility links

کاری تەواونەکراو: زیانی گیانی پرۆژە تەواونەکراوەکانی هەرێمی کوردستان


بەشێکی تەواونەکراوی ڕێگای کەلار-سلێمانی.
بەشێکی تەواونەکراوی ڕێگای کەلار-سلێمانی.

دروستکردنی پرۆژەکانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی وەستاوە و سەدان ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و پارک و قوتابخانە بە تەواونەکراوی جێماون. ئەمەش بۆتە هۆی بێزاری و توڕەیی و بێهیوایی لای خەڵکی ئاسایی کە بڕیاربوو سوودمەندی سەرەکی بن لەو پرۆژانە.

ئارام ئیبراهیم جارێکی تر ناتوانێت لەسەر ڕێگای کەلار-سلێمانی شۆفێری بکات. دوایین جار ئەو کارەی کرد مانگی یەک بوو کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی لادا تا لە مانگایەک نەدات و کۆنترۆڵی لەدەستدا و دوای چەند تەقلەیەک و ئۆتۆمبیلەکە کەوتە ناو دۆڵێکی تەنیشت ڕێگاکەوە.

ئارامی تەمەن 38 ساڵ ئەو ڕۆژە تاکە کەس نەبووە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا. هاوسەرەکەی بە ناوی کوێستان فازڵ، تەمەن 38 ساڵ و چوار منداڵیان لەگەڵدا بوو. دایک و باوک و کچێکی تەمەن 12 ساڵ خێزانەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا. 3 منداڵەکەی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

ئارام ئیبراهیم، کوێستان فازڵ و کچە دوانزە ساڵانەکەیان ئازیز ئارام کە لە ڕووداوی ئۆتۆمبیلدا لە ڕێگای کەلار-سلێمانی گیانیان لەدەستدا.
ئارام ئیبراهیم، کوێستان فازڵ و کچە دوانزە ساڵانەکەیان ئازیز ئارام کە لە ڕووداوی ئۆتۆمبیلدا لە ڕێگای کەلار-سلێمانی گیانیان لەدەستدا.

ئارام و خێزانەکەی تەنها چەند کەسێکن لە دەیان قوربانی ئەو ڕێگایە مەترسیدارە کە زۆر جار بە "ڕێگای مەرگ" ناودەبرێت.

سۆران فازڵ، برای هاوژینی ئارام، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوان و سەدان خەڵکی تر لەم ڕێگایەدا تیاچوون. هۆکارەکەی ئەوەیە جادەکەی هەر نەک یەک سایدە، بەڵکو ڕێگایەکی خراپە: هەمووی تاسەیە. هەمووی چاڵە. جادەکەی باریکە و هەوراز و پێچی زۆری تێدایە."

ڕێگاکە، کە شارەکانی کەلار و سلێمانی و چەند شارۆچکە و گوندێکی دیکەی نێوانیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بڕیاربوو نۆژەن بکرێتەوە و بکرێتە دوو ساید. لە ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کرد و دەستی بە دروستکردنی کرد. بەڵام دوای 9 ساڵ هێشتا پرۆژەکە تەواو نەبووە.

بەشێکی تەواونەکراوی ڕێگای کەلار-سلێمانی.
بەشێکی تەواونەکراوی ڕێگای کەلار-سلێمانی.


سەردانێکی ئەم دواییەی دەنگی ئەمەریکا دەریخست بەشێکی بەرچاوی ڕێگاکە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە. لە زۆر شوێندا، چاڵێ گەورە هەیە و رێگاکە هیچ پەرژینێکی نییە. خراپترین بەشی دەکەوێتە نێوان گوندی باوەنور و شارۆچکەی دەربەندیخان، کە 40 کم درێژە و کارێکی ئەوتۆی تێدانەکراوە.


بە گووتەی عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن کە خەڵکی دەربەندیخانە، ڕێگای کەلار- سلێمانی تەنیا یەکێکە لە سەدان پرۆژە کە لە کوردستان بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. لە نێو ئەو پرۆژانەدا، ڕێگای گەورە و نەخۆشخانە و پارک و قوتابخانەیان هەن.

عەلی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ئێستادا 873 پرۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەستاون. هیچ پرۆژەیەکی ئەوتۆ نییە کاری لەسەر بکرێت. هەیە 50% تەواو بووە. هەیە 70% یان هەیە 80%، هەیە 60%."

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەڵێت سەدان پرۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەواونەکراون
پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەڵێت سەدان پرۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەواونەکراون


له‌ کاتێکدا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بەناو به‌رپرسە لەو پرۆژانه‌، عەلی دەڵێت له‌ واقیعدا هه‌رێمه‌که‌ به‌سه‌ر دوو ئیداری جیاوازدا دابەشبووە.

عەلی گوتیشی، "کوردستان 100% لەلایەن دوو ئیدارەی جیاوازەوە حوکمڕانی دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی، کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌دایە، بودجەکەی زۆر کەمترە بە بەراورد بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کە هەردووکیان، کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

عەلی گوتی، "داهاتی ناوخۆ نزیکەی 75%ی لە هەولێر و دهۆکە. 25% لە سلێمانییە." ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکردووە زۆرێک لە پرۆژەکانی سلێمانی بە تەواونەکراو بمێننەوە.

شەقامێکی شاری کەلار
شەقامێکی شاری کەلار

پرۆژەیەکی دیکەی وەستاو لە بواری ئاوەڕۆدایە لە دەربەندینخان. عەلی دەڵێت خەڵکی دەربەندیخان چەندین ساڵە رۆژانە بە دەست ئاوی پیسەوە دەناڵێنن.

عەلی دەڵێت، "ئاوی دەربەندیخان نەک بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، بەکەڵکی دەمووچاو شوشتنیش نایەت لەبەر ئەوەی پاشەڕۆی تانجەڕۆ و سلێمانی و هەڵەبجەی هەمووی تێدەڕوات و بەبێ فلتەر بۆ ماڵان. یەکێک هەیبێت، دەچێت ئاوی دەبە دەکڕێت [بۆ خواردنەوە]. یەکێکیش نەیبێت، هیچ!"

بەشێکی قیرتاوکراوی دوو سایدی تەواونەکراوی کەلار- سلێمانی.
بەشێکی قیرتاوکراوی دوو سایدی تەواونەکراوی کەلار- سلێمانی.


لە هەولێریش گرفتی کەم ئاوی هەیە. بۆرییەک بە ناوی ئیفراز لە پایتەختی هەرێمی کوردستان هێندە شکاوە و چاککراوەتەوە بۆتە ناوێکی ناسراو لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و شەڕی پڕخەرجی دژی داعش بە هۆکاری ئەو پرۆژە تەواونەکراوانە دادەنێت و دەڵێت حکومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵی وەرنەگرتووە.

بەڵام زۆرێک لە کوردستان، حکومەتی هەرێم بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن تۆمەتباردەکەن و دەڵێن بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی بۆ ئەو پرۆژانە تەرخانکراوە بەهەدەر دراوە یان دزراوە. خەڵکی ئاماژە بە جیاوازییەکی گەورەی نێوان شێوازی ژیانی خۆشگوزەرانانەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەکەن، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت یان ڕاستەوخۆ خاوەنی زۆربەی ئەو باڵەخانە بەرزانەن کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دروستکراون لە کاتێکدا خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ژێرخانی هەرێمەکە داڕووخاون.

هاوار نەسرەدین
هاوار نەسرەدین

هاوار نەسرەدین، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت: "بێزاری خەڵک بۆ بێهیوایی گۆڕاوە…

"دوای چەندین خۆپیشاندان، خەڵکی تێگەیشتووە ئیتر بە خۆپیشاندانیش چارەسەر نابێت. ئومێدێکی نەماوە بۆ چارەسەر… خوێندکارەکانم [بۆ نموونە] هێندە ئیهمالن کە تاقەتی خوێندنیان نەماوە." هاوار دەڵێت هەندێک لە خوێندکارەکانی ڕۆژ هەیە پارەیان لە گیرفاندا نییە.

هەندێک پێیان وایە تاکە ئومێد بۆ ئەم بارودۆخە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حزبەکانە لە ڕێگەی سیستمێکی نامەرکەزی حوکمڕانییەوە، کە دەسەڵاتی زیاتر بداتە دەست شارەوانییەکان و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی شار و شارۆچکەکان.

سەرکەوت جەلیل
سەرکەوت جەلیل

سەرکەوت جەلیل، خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی نیەر ئیست لە باکووری قوبرس و لەوێ یاسای نێودەوڵەتی دەخوێنێت، دەڵێت، "لامەرکەزی چارەسەرە." سەرکەوت گوتی دوو پارته‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێم دژی لامه‌رکه‌زییه‌ن، چونکه‌ ترسی لەدەستدانی "ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌ت و پاره‌ و چەکەکانیان هەیە."

سۆران فازڵ پێی وایە ئەگەر ڕێگای سەرەکی کەلار- سلێمانی لە کاتی خۆیدا تەواوبوایە، خوشک و خوشکەزاکەی و زاواکەی ئەمڕۆش لە ژیاندا دەبوون. سێ خوشکەزاکەی دیکەی دوای چەند هەفتەیەک لە نەخۆشخانە گەڕانەوە ماڵەوە و تەندروستیان باشە.

سۆران دەڵێت پرۆژەی دوو سایدەکە لەو بەشەی کوردستان، کە زۆر لە دانیشتوانەکەی هەژارە، پشتگوێ خراوە چونکە خزمەت بە "بەرژوەندی" بەرپرسەکان ناکات.

XS
SM
MD
LG