ئەلبانیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران دەبڕێت
ئەلبانیا بڕیاری دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا ببڕێت پاش ئەوەی بۆی ئاشکرابوو ئێران هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی ئەلبانیا.
ئیدی ڕاما، سەرۆک وەزیری ئەلبانیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکی ڕاستەوخۆدا ئەمەی ڕاگەیاند و وتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا دەستبەجێ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ببڕێت. وتیشی لیکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجامدراوە سەبارەت بەو هێرشە ئەلیکترۆنیە گەورەیەی لە 15 ی مانگی حەوت کرابووە سەر دامودەزگاکانی حکومەت و ژێرخانی وڵاتەکە، دەرکەوتووە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە کە تاران بە تەواوی لە پشت هێرشەکەوە بووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە توندی ئەو هێرشەی ئێرانی سەرزەنشتکرد و بەڵێنی دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای زیاتری تاران بدات لەسەر ئەم کارەی لە دژی هاوپەیمانێکی ئەمەریکا.
باڵیۆزخانەی ئێران لە تیرانای پایتەخت نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەکراوە و تیایدا داوادەکرێت هەموو دیپلۆماتکاران و تەکنیکاران و کارمەندان و ئەندامانی ئاسایشی ئێرانی لە ماوەی 24 کاتژمێردا خاکی ئەلبانیا جێبهێڵن.
جێی ئاماژەیە لەوەتای ساڵی 2013 وە ئەلبانیا لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا ڕازی بوو ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدی خەلق کە لە سەردەمی سەدام حسێنەوە لە عێراق بوون وەربگرێت.
لە ئێستادا ئەو ڕێکخراوە بارەگاکەی لە ئەلبانیایە. بڕیار بوو لە مانگی حەوت موجاهیدی خەلق کۆنگرەیەکی خۆیان لە سەربازگەی ئەشرەف لە ناوچەی دورێسی ڕۆژئاوای ئەلبانیا ئەنجام بدەن، بەڵام پاش ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانە ئاگادارکرانەوە کە شیانی هەیە هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر گۆنگرەکە هەبێت بۆیە بڕیار درا گۆنگرەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.