Accessibility links

حەوت ڕێکخراوی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجومەنێکی گشتی پێكدەهێنن


لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە شاری سلێـمانی ڕێكخراوەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان ئەنجومەنێکی هاوبەش پێكدەهێنن، ئەنجومەنەکە لە حەوت ڕێکخراوی جیاوازی خاوەن پێداویستی تایبەت پێکدێت و وەک خۆیان دەڵێن ئامانجیان خزمەتی زیاترە بە دۆخی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان.

سامان حسێن
سامان حسێن

لەم بارەیەوە سامان حسێن سکرتێری یەکێتی کەمئەندامان ڕایگەیاند، بۆ گەیاندنی پەیامی هاوبەشی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم ئەنجومەنەیان پێکهێناوەو وەک یەکەم هەنگاویش لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە.

" دیارە ئێمە ئەمڕۆ 7 ڕێکخراوی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری سلێمانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کاری ڕێکخراوەییماندا ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکانمان پێکهێنا، ئەم ئەنجومەنە 7 ڕێكخراوە، کورتەباڵا، کەمئەندامان، نابینایان، کۆمەڵەی ڕۆژ، توانابەخش، تالاسیما و کۆمەڵەی توانا بەخشی منداڵان، بۆ زیاتر خزمەتکردنی خاوەنپێداویستی تایبەتە."

دەشڵێت "هەموومان ئەم حەوت ڕێكخراوە لە پێناوی خاوەنپێداویستی تایبەت دەبینە یەک ڕەنگ و یەک هێز، بۆ گەیاندنی پەیامەکەمان، لە چالاکیەکانی ئایندەماندا سەردانی، پەرلەمانی عێراق و کوردستان، حزبەکان، کەرتی تایبەت، ڕێکخراوەکان و هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی پەیامی خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان بگەیەنین ئەمە جێگەی دڵخۆشیە، چونکە ئیتر بە پەرتەوازەیی نابین، بەڵکو هەمومان دەبینە یەک هێز و توانا بۆ ئەوەی خزمەتی خاوەنپێداویستی تایبەت بکەین."

عومەر جەبار
عومەر جەبار

عومەر جەبار سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان ئاماژە بەوە دەکات چەندین جار لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ڕێکخراوە جیاجیاکانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان یەکبگرن و بە هاوبەشی کارەکانیان بکەن، بۆیە دواجار بڕیاریانداوە بە دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە.

"ئێمە وەکو ڕێکخراوە خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان پێشتر هەر ڕێکخراوەو کاری خۆی بەجیا دەکرد و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەبوو، وە ئەرکێکی زۆر کەوتبۆوە سەر شانمان، لەلایەن ئەندامەکانمانەوە، وە لەلایەن حکومەتیشەوە پێشنیاریان دەکرد کە بۆ بەیەکەوە کار ناکەین، بۆیە ئەم ئەنجومەنەمان پێکهێنا، وە بڕیارمانداو و ئەمڕۆ ئیعلانمان کرد، هیوادارین ڕاگەیاندنەکان ببنە پشتیوانی ئێمە، وێنەو مەعاناتەکانی ئێمە پیشان بدەن، کە خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان سەرجەمیان ژیانێکی خراپیان هەیە، بۆیە یەکەم هەنگاومان بۆ لایەنە سیاسیەکان، سەرۆکی حزب، پەرلەمانتاران، سەرۆکی حکومەت و هەرێمە، بەتایبەتی تریش هەنگاومان بۆ بەغدادە.

ئامانجمانە چۆن لە بەغداد ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت باشترە و مووچەیان کەمتر نیە لە 400 هەزار دینار، بەڵام لێرە 150 هەزار دینارە، ئەم جارە وادەکەین زۆربەی خواست و خەونەکانمان بهێنینە دی، ئەو بەهانەیەی حکومەتیشمان بڕی گەشبینین کە دۆخمان باشتر ببێت، ئەم ئەنجومەنە ئەو ئەرکەشی لەسەرە کاتێک کەسێک دێت هاوکاریمان دەکات، دەبێت سندوقی هاوبەش هەبێت و پارەکە بکاتە ئەو سندوقەوە، ئیتر هەموویان نوێنەریان دەبێت لە سندوقەکەو بە عەدالەت ئەو کەسەی فەقیر و هەژار و کەمدەرامەتە ئێمە هاوکاری دەکەین."

دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە لە کۆی حەوت ڕێکخراوی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کاتێكدایە لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار ناڕەزایەتیان بەرامبەر خراپی دۆخیان پشانداوەو هەڵوێستیان بەرامبەر حکومەت وەرگرتووە، وە داوایان کردووە شایستە داراییەکانیان بۆ زیاتر بکرێت کە لە ئێستادا بڕی مووچەی مانگانەیان پێكهاتووە لە تەنها 150 هەزار دینار.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:54 0:00

XS
SM
MD
LG