داعش چەکدارانی بەشێوەی مەفرەزەی بچوک بە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بڵاو کردووەتەوە، بەهۆی ئاڵۆزی نێوان لایەنە عێراقییەکان و خراپی دۆخی بەغداش، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانە ڕاگیراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەنگی ئەمەریکا، لە فەرماندە سەربازییەکانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدینەوە دەستیکەوتوون، داعش مەفرەزەکانی بە ناوچە کێشە لەسەرەکان دا بڵاوکردووەتەوە، داوای لە شانە نوستووەکانیشی کردووە، تا پەیوەندیان پێوەبکەنەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان، کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش پێیوایە وەزعی عێراق تێکدەچێت، بۆیە خۆیان بۆ دۆخی نوێی عێراق ئامادە دەکەن."
هەرکات بارودۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزبێت، جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیاد دەکات، بەوپێیەی دۆخی سیاسی و سەربازی گرێدراوی یەکترین، داعش دەیەوێت ئاڵۆزییەکان بقۆزێتەوە و پەلاماری ئەو ناوچانە بدات، کە بۆشایی ئەمنییان تێدا دروست دەبێت.
لیوا محەمەد ڕۆستەم جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرین ی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"جموجۆڵی داعش تەواو زیادیکردووە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیش بە هۆی بارودۆخی بەغداوە ڕاگیراون."
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، جوڵەی فراوانی چەکدارانی داعش، هێزە عێراقییەکانی ناچارکرد لە دەوروبەری پارێزگای دیالە و لە ڕێگەی فرۆکەوە بیانکاتە ئامانج، لە هێرشێکدا ( وسام عەلی) فەرماندەی میحوەری خالید بن وەلیدی داعش کوژرا، ئەم میحوەرە ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە دەگرێتەوە.
وسام عەلی، فەرماندە کوژراوەکەی داعش، پێشتر عەقیدێکی بەشی پاسەپۆرتی پارێزگای دیالەی سەربڕیووە و گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها دوو براشی لە ڕیزی داعش دا کوژراون، کە یەکێکیان ساڵی 2016 لە موسڵ و ئەویتریان لە پارێزگای دیالە خۆی تەقاندووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"داعش چاوەڕێی بارودۆخی عێراقن، داوایان لە شانە نوستووەکانیان کردووە، پەیوەندییان پێوە بکەنەوە، لە ئێستاشدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارە و داهاتن بۆ خەرجی چەکدارەکانیان."
جەختیشیکردەوە"ژمارەی چەکدارانی داعش لە هەموو ناوچەکان زیادیکردووە، چەکداری زیاتریان بۆ هاتووە."