Accessibility links

کەناڵێکی سەربازی بۆ ڕووماڵکردنی چالاکیە سەربازییە هاوبەشەکانی سوپا و پێشمەرگە دادەمەزرێنرێت


حکومەتی عێراقی بڕیاری دامەزراندنی کەناڵێکی سەربازی داوە بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییە سەربازییەکانی سوپای عێراق، بەپێی وتەی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، کەناڵەکە ڕووماڵی چالاکیە سەربازییە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید عادل زەنگەنە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، دەڵێت"بڕیار لە دروستکردنی کەناڵەکە دراوە، سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت، بەڵام ڕووماڵی ئەو چالاکیانەی هێزی پێشمەرگەش دەکات، کە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەنجام دەدرێن."

گوتیشی"کەناڵەکە زۆربەی کات بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات، بەڵام بەرنامەی بە زمانی کوردیش دەبێت."

دەربارەی جموجۆڵی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، عەمید عادل زەنگەنە گوتی"جموجۆڵی داعش زیاتر لەو ناوچانەیە کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، ئەوان ناو بە ناو هێرش دەکەن، تا پەیامی مانەوەیان بگەیەنن."

بەپێی وتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە، هەرکات دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆز بێت، داعش هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە دەدات و لە هەندێک ناوچە هێرش دەکات، بەڵام هێزە سەربازیەکان چاودێرییان دەکەن.

سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت"ئۆپەراسیۆنەکان بەپێی پێویستی ئەنجام دەدرێن، هەر ناوچەیەک پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبێت، پێشوەخت کۆبوونەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت و پلانی بۆ دادەنرێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید عادل زەنگەنە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە بارەگاکەی لە بەغدایە، سەردانی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقی بۆ کەرکوک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گێڕایەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخی سەربازی ناوچە جیاجیاکان و گوێ گرتن لە فەرماندەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:13 0:00
XS
SM
MD
LG