Accessibility links

سالار مەحمود: گەر هەوڵی پەراوێزخستنی سەدر بدرێت دۆخی عێراق ئاڵۆز دەبێتەوە


چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، گەر دوای کۆتایی هاتنی چلەی ئیمام حسێن، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، سەدر ڕازی نەکەن و بیانەوێت پەراوێزی بخەن، دۆخی عێراق جارێکی تر ڕوو لە ئاڵۆزی دەکاتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سالار مەحمود چاودێری سیاسی و ڕاوێژکاری پێشوو لە سەرۆکایەتی کۆمار، دەڵێت"گەر نوری مالیکی و شەریکەکانی نەگەنە سیغەیەک بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بە شێوەیەک ڕەوتی سەدر ڕازی بکەن، ئەوا دوای چلەی ئیمام حسێن، دۆخی عێراق بەرەو خراپی دەڕوات بە دوو ئاراستە، ئاراستەیەکیان تشرینیەکان و ئاراستەکەی تر ڕەوتی سەدر."

جەختیشیکردەوە"دۆخەکە بۆ کورد هیوا بەخش نییە، چونکە لایەنەکان کار بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆست دەکەن، نەک ئیستیحقاقی دەستوری خەڵکی کوردستان، لەولاشەوە وڵاتانی هەرێمی پێچەوانەی خواستەکانی کورد دەستوەردان دەکەن، بێگومان ئەوەشی پرۆسەی سیاسی ئاراستە دەکات ئیرادەی ئیقلیمییە نەک ناوخۆیی."

سالار مەحمود پێیوایە، کارکردن بە میکانیزمی پشک پشکێنە، وادەکات دۆخی عێراق ئارامی بە خۆوە نەبینێت، بەتایبەت گەر هەوڵی پەراویزخستنی سەدر بدرێت، وتی"سەدر لە یارییەکە نەکشاوەتەوە، هەموو جوڵەیەکی سەدر مانۆڕی سیاسییە."

بەبڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەڕێگەی پەرلەمانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێشووی سەدر( پارتی و عەرەبی سونە) دۆخێکی نەخوازراو دروست دەکات، چونکە سەدر پەراوێزخستن قەبوڵ ناکات.

دەربارەی ئەو کارتانەی چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا سەدر بەکاریان بهێنێت، سالار مەحمود چاودێری سیاسی دەڵێت"سەدر ئەو وێنای پیشانداوە، هەرکات بیەوێت پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کۆنترۆڵ دەکات و مانۆڕەکانی ڕوونە، نادیدە گرتنی جوڵە جەماوەری و سیاسییەکانی سەدر تێنەگەیشتنە لە هاوکێشەی سیاسی، لایەنە دەرەکییەکانیش دەیانەوێت دۆخی عێراق هەروا بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:28 0:00
XS
SM
MD
LG