گروپێکی مافەکانی مرۆڤ ڕایگهیاند، ڕۆژی دووشهممه له میانهی ناڕهزایهتییهکاندا له دژی کوژرانی ژنێکی لاو بە ناوی ژینا ئەمینی دوو کهس لە ئێران کوژران، له کاتێکدا خۆپیشاندانهکان بههۆی ڕووداوهکهوه بۆ سێیهم ڕۆژ بهردهوام بوون.
مەهسا (ژینا) ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، دوای دەستگیركردنی لە هەفتەی ڕابردوودا لە تاران لەلایەن گەشتی ئیرشاد (پۆلیسی ڕێنوێنی ئاینی) بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای توندی حیجابی زۆرەملێ بێ هۆش مایەوە و دواتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە چەندین ناوچەی ئێران، لەوانەش ناوچە کوردییەکان و تاران و شارەكانی دیكە.
گرووپی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند ئەو دوو کەسه له شارۆچکەی دیواندەره کوژراون، کە ناوچەیەکی کوردنشینە و ناڕەزایەتیەکانی تێدا قوڵتر بوونەتەوە.
تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەو کوژراوانە نییە. تەلەفزیۆنی دەوڵەت ڕایگەیاند ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، بەڵام "هەندێک ئیدیعای کوشتنی لە سۆشیال میدیا" ڕەتکردەوە.
ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکەی هەنگاو پشتڕاست بکاتەوە.
هەنگاو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند " لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی دووشەممەی شارۆچکەی دیواندەرە، لانیکەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فواد قادیمی و موحسین محەممەدی دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانەی کۆسار لە شاری سنە گیانیان لەدەست داوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون". بەڵام ڕوون نیە و ئاماژە بەوە نەکراوە کە چۆن گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز