Accessibility links

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم چوارجۆر مۆڵەتی چەک دەداتە هاووڵاتیان


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 12 بنکەی وەرگرتن و تۆمارکردنی چەک بۆ هاووڵاتیان لە دەرەوەی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە سەرجەم پارێزگاکان بۆ ماوەی یەک ساڵ دەکاتەوە و چوارجۆری مۆڵەتی چەکیش دەداتە ئەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان لە سەروو 21 ساڵەوەیە. دوای تۆمارکردنی چەکەکان، چەکەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکاتەوە، پاش ساڵێک لە کردنەوەی بنکەکان هەرچەکێکی تۆمارنەکراو بگرن ئەوا بە چەکی قاچاخ لە قەڵەم دەدرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە هەڵمەتی تۆمارکردنی چەکی ئاگرین و داماڵینی چەکی جەنگی هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت و چواربنکە لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی هاووڵاتیان دەکرێتەوە بە تایبەت ئەوچەکانەی کە پێکهاتوون لە کلاشینکۆف و دەمانچە لای هاووڵاتیانە و دوای تۆمارکردنیان و هەڵسەنگاندنی کەشەکان چەکەکانیان دەتوانن بە شێوەیەکی یاسایی هەڵبگرن، دەشڵێن ئەم ڕێنماییانەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەیە کە چەکی بێ مۆڵەت لای هاووڵاتیان نەمێنێت.

موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "چەکی جەنگی ئەوانەن کە بەدەست هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆوەن، بەڵام چەکی ئاگرین زیاتر دەمانچە و کلاشینکۆفن ئەوانەن لای هاووڵاتیان هەن و 12 بنکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراونەتەوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکان".

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند " لە 27ی مانگی یەکەوە ئەم ڕێنماییە دەرچووە، ئەو چەکەی دەهێنرێت بۆ تۆمارکردن فۆڕمێکی بۆ دەکرێت و پێی دەدرێتەوە، هاووڵاتیەکە ناتوانێت کڕین و فرۆشتن بە چەکەکەوە بکات، پاش کۆتایی هاتنی مۆڵەتی تۆمارکردن کە یەک ساڵە، وەزارەتی ناوخۆ لە ژێر ڕێنمایی 2 ی ساڵی 2022 مۆڵەتی چەک دەدرێت بە هاووڵاتیان پاش ئەو بەروارە هەر چەکێک بگیرێت بە قاچاخ لە قەڵەم دەدرێت".

موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند "هەرکەسێک پیشەی چەک فرۆشتن بێت، پێویستە مۆڵەتی هەبێت و ناوی ئەو کڕیارە بنوسێت و وەزارەتی ناوخۆی لێ ئاگاداردەکرێتەوە. سەبارەت بە هۆکاری هەبوونی چەک لای هاووڵاتی بەدەر لە هێزە ئەمنیەکان لە وەڵامی پرسیارەکەی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند هەندێک کەس هەن پێویستیان بەوەیە کە چەکیان هەبێت، ئەو چەکانەی پێیان دەدرێت لە ژێر ڕێنماییەکاندایە ".

چوارجۆر موڵەتی چەک لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم ڕێنماییانەش لە کاتێکدایە کە هەڵمەتی دەست بەسەراگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و لە ماوەی یەک ساڵیشدا هەموو هاووڵاتیەکی خاوەن چەک دەتوانێت چەکەکەی لە هەردوو جۆری جەنگی و ئاگرین تۆماربکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:58 0:00

XS
SM
MD
LG