لە بەرامبەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێکی عێراق، کە پێشتر لە دژی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق و وەزیری نەوت تۆماریان کردبوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکە و لێسەندنەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە وەزیری نەوتی عێراق، دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکە پێچەوانەی مادەی 27 ی دەستوری عێراقە، بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەڕەشە لەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە.
دکتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کاریگەری بڕیارەکە دەخاتە ڕوو دەڵێت: "بڕیارەکە لە بەرژەوەندی پرسی نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان و مەترسی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەش کەمدەکاتەوە کە بەهۆی بڕیارەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراقەوە کارکردنیان لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێـمی کوردستان ڕاگرتبوو."
" خودی پێکهێنانی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق، بە قانونی ژمارە 4 ی ساڵی 2018 کە تەشکیل بووە، دادگای فیدراڵی خۆی پێشتر چەند مادەیەکی ئەم یاسایەی بە نادەستوری هەژمار کردووە، کەواتە ئەو یاسایەی کۆمپانیاکەی پێ دامەزراوە چەند بڕگەیەکی لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە ڕەت کراوەتەوە، کە نادەستوریە و لەگەڵ دەستور پێک نایەت، لەبەر ئەوە ئەو کۆمپانیایەش کە بەپێی ئەو ماددەیە دانراوە نادەستوریە، بۆیە دادگای فیدڕاڵی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندەوە، ئەم بڕیارەش گرنگیەکی زۆری هەیە چونکە لە ماوەکانی ڕابردوودا، بە تایبەت لە مانگی 2ی ئەمساڵەوە، دادگای فیدڕاڵی لەسەر داوای ئەم کۆمپانیایە بڕیاریدا بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان وە لە پاڵ ئەوەشدا، لەسەر داوای ئەم کۆمپانیایە چەند جارێک سكاڵا تۆمار کراوە لە دادگا بیانیەکان سەبارەت بە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە کەرتی نەوتی گازی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، بۆیە ئاستەنگی لەبەردەم کاری ئەو کۆمپانیایانە دروست دەکرد، لەبەر ئەوە هەڵوەشاندنەوەی خودی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق وە ئیعفا کردنی وەزیری نەوت لە پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، ئەتوانین بڵێین لە ئێستادا کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر وەستاندنی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەتایبەت ئەو کۆمپانیا بیانیانەی کە بەهۆی ملاحەقەی قانونیەوە ترسی ئەوەیان هەبوو کە بەردەوام بن لە کارەکانیان لە کەرتی وزە و کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستاندا."
سەبارەت بە ئەگەری دەستبەکاربوونەوەی بەشێک لەو کۆمپانیاینەی کە لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستاندا کاریان دەکرد بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراقەوە کشابوونەوە، دکتۆرە نەرمین ئاماژە بەوە دەکات گەڕانەوەی کۆمپانیاکان پەیوەستە بە خاوبونەوەی گرژی نێوان لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان و لایەنە عێراقیەکان و چەند پرسێکی ترەوە."
" ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە داهاتوودا ئایە هیچ جیهەتێکی تر لە عێراقدا سکاڵا تۆمار دەکات لەسەر کۆمپانیا بیانیەکان، هاوشێوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق، کە ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگا هەڵوەشاوەتەوە، دووش تا چەند بابەتی نەوت و گاز لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵدا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، ئەگەر بێت و بتوانرێ لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانن پێک بێن لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، وە بتوانرێ ئەمە بکرێتە ئەولەویەتی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و لایەنەکانی تری عێراقدا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، وە کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت وگ ازی فیدڕاڵی، بە دڵنیاییەوە ئەمانە دەتوانێت جۆرێک لە دڵنیایی زیاتر بدات بە کۆمپانیا بیانیەکان بە ئەمەریکیەکانیشەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستاندا."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "بەشێک لە سیاسیەکانی عێراق وەک بانگەشە و ناوبانگ دروستکردن و بە هێز بوونی پێگەی جەماوەریان دەست دەبەن بۆ مەلەفی نەوت و گاز و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
" ئەزموونی 19 ساڵی ڕابردووی دوای ڕوخانی ڕژێم لە عێراقدا ئەوەمان پێدەڵێت کە بەداخەوە بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق، زۆربەی کات تەنانەت هەندێ لە کەسایەتیەکانیش کاتێ دەیانەوێ ناوبانگ پەیدا بکەن دەست دەبەن بۆ مەلەفی نەوت و گاز یان هەر شایستەیەکی دەستوری، دارایی و یاسایی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆکردنەوەی جۆرێک لە لایەنگری و جەماوەری لە ناو پارتەکانی خۆیان، بۆیە ئەم دۆسیەیە لە 2007 ەوە بە تایبەتی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە لەو کاتەوەی کە پەرلەمانی عێراقی پێویست بوو لە ساڵی 2007 ەوە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ دەربکات، بۆ ڕێکخستنی مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و گاز و سامانەکانی عێراق، بە پشت بەستن بە مادەی 111 و 112 ی دەستوری عێراقی بەڵام ئەو یاسایە دەرنەکراوە و حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2007 ەوە یاسای نەوت و گازی خۆی دەرکردوە، تەنانەت ئەو سکاڵایەی کە دادگای فیدڕاڵی عێراقی لە مانگی 2ی ئەمساڵدا بڕیاری لێدا سەبارەت بە نادەستوری بوونی نەوت و گازی هەرێم 10 ساڵ بەر لە ئێستا ئەو سکاڵایە تۆمار کرابوو، بەڵام دادگا بڕیاری لێنەدابوو ئەمەش پەیوەندی هەیە بە ئەوهەڵوێستە سیاسی و دۆخە سیاسیەی کە لە عێراقدا هەیە، واتە ئەم بابەتانە کاتێک دەجوڵێنرێت کە هەڵوێستی کورد بەرامبەر بە پڕۆسە سیاسیەکە بە جۆرێک بێت کە بە دڵی لایەنە عێراقیەکان نەبێت."
ڕۆژی 21 ی مانگی نۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 109 ی ساڵی 2020 مادەی دووەم سێیەم کە تایبەت بوون بە دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق و بەخشینی پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە وەزیری نەوتی عێراق بە هۆی ئەوەی بڕیارەکە دژی ماددەی 27 ی دەستورە کە تایبەتە بە پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئەم کۆمپانیایە چەند بڕیارێکی لە دژی پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەرکردبوو.