Accessibility links

ڕوبەڕوبوونەوەی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا ئۆکرانی و ڕۆژئاواییەکانی سەبارەت بە کردەوە دڕندەییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا


وا بڕیارە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕووبەڕووی هاوتا ئۆکرانی و ڕۆژئاواییەکانی ببێتەوە، لەنێویاندا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کاتێک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو کردەوە دڕندانانەی لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون کۆدەبێتەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەریم خان داواکاری گشتی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی پوختەیەک لەبارەی ئەو دەزگا 15 ئەندامە دەخەنە بەردەست کە لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبنەوە.

ڕووسیا لە 24ی مانگی دوودا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا لەکاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش لە نیویۆرک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا کەوا مۆسکۆ پلانی بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە دادەڕێژێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا لە ڕۆژی چوارشەممەدا بە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت "تاوانێک بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجامدراوە، ئێمەش تەنها داوای سزای دادپەروەرانە دەکەین، تاوانەكە لە دژی گیانی گەلەكەمان و لە دژی شکۆی ژنان و پیاوەكانمان ئەنجامدراوە ".

ئۆکرانیا و ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکە ڕووسیایان بە تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا تۆمەتبار کردووە. ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کە خەڵکی مەدەنی کردبێتە ئامانج لە کاتی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی خۆی"دا، تۆمەتبارکردنی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە هەڵمەتێکی ناوزڕاندن وەسف دەکات.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش کۆده‌بێته‌وه بە ‌ڕۆژێک دوای ئه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆکی ڕووسیا فه‌رمانی دا بە کۆکردنەوەی سه‌دان هه‌زار کەس بۆ شه‌ڕکردن له‌ ئۆکرانیا، هه‌نگاوی بۆ لکاندنی به‌شێک له‌ خاکی ئۆکرانیا نا و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کارهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی کرد.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG