Accessibility links

خۆپیشاندەرانی لایەنگری دەوڵەتی ئێران داوای لە سێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ناڕازی دەکەن


خۆپیشاندانی ڕێکخراو لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژە حکومەت کە بەهۆی کوژرانی خانمێکەوە لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە بەرپابوو، ڕۆژی هەینی لە چەند شاری ئێران دەستیپێکرد و ئەوانەی ڕێپێوانیان دەکرد داوای لە سێدارەدانی "خۆپیشاندەرانی ناڕازییان" دەکرد.

خۆپیشاندەران سەرکۆنەی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەتیان کرد و بە "سەربازانی ئیسرائیل" ناوزەندیان دەکردن، ڕوماڵی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئەو خۆپیشاندەرانە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا" و "مەرگ بۆ ئیسرائیل"، یان دەوتەوە کە دروشمێکی باوی فەرمانڕەوا ئاینییەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ هەوڵدان و وروژاندنی پشتیوانی بۆ دەسەڵاتداران بەکاریدەهێنن.

جەماوەرەکە بە دروشمەوە ڕێپێوانیان دەکرد و دەیانووت "ئەوانەی بەرەنگاری قورئان دەبنەوە دەبێت لە سێدارە بدرێن."

ئێرانییەکان لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) ی تەمەن 22 ساڵ چەندین ڕۆژە خۆپیشاندانی جەماوەرییان ئەنجامداوە و خۆپیشاندان بەردەوامە.

مەرگی ژینا ئەمینی بووەهۆی وروژاندنی توڕەیی لە کۆمەڵێک پرس و گرفتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە؛ لەوان سنووردارکردنی ئازادییە کەسییەکان لە ئێران، سەپاندنی یاسای توندی جل و بەرگ بۆ ژنان و قەیرانی ئابووری کە بەهۆی سزاکانەوە لە داڕوخاندایە، جارێکی دیکە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان تاویانسەندەوە.

ئەرتەشی ئێران کە ناوسراون بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی هەینی توندترین هۆشداری دا بەوەی کە خۆپیشاندەران تووڕەن لە مەرگی مەهسا و ڕایانگەیاند بۆ دابینکردنی ئاسایش "ڕووبەڕووی دوژمنان دەبنەوە."

سوپای پاسداران ڕایانگەیاند کە "ئەم کردەوە بێ ئومێدانە بەشێکن لە ستراتیجی خراپەکاری دوژمنان بۆ لاوازکردنی ڕژێمی ئیسلامی."

دەشڵێن "ڕووبەڕووی پیلانی جۆراوجۆری دوژمنان دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو خەڵکە مسۆگەر بکات کە بە ناڕەوا هێرشیان دەکرێتە سەر."

هاوکات مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات ڕۆژی هەینی هۆشداری داوەتە " خۆپیشاندەرانی ناڕازی" کە "خەونی شکستپێهێنانی بەها ئایینییەکان و دەستکەوتە گەورەکانی شۆڕش هەرگیز بەدی نایەت."

دەسەڵاتدارانی ئایینی ئێران ترسیان هەیە لە زیندووبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ساڵی 2019 دا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین سەریهەڵدا، کە خوێناویترین خۆپیشاندانە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەزار و 500 کەس کوژراون.

لە دوایین نائارامییدا، خۆپیشاندەران لە تاران و شارەکانی دیکە بنکەکانی پۆلیس و ئۆتۆمبیلەکانیان سووتاند، چونکە توڕەیی لە کوژرانی ژینا ئەمینی هیچ نیشانەیەکی خاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان کەوتونەتە بەر هێرشی خۆپیشاندەران.

میدیاکانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویان کردەوە کە 288 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە.

لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، چوار چالاکوان ڕۆژی هەینی لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لەسەر کوژرانی ئەمینی ناڕەزایەتییان دەربڕی و سەروسنگی خۆیان ڕووتکردەوە و تابلۆی "ژن، ژیان، ئازادی" و "مەهسا ئەمینی تیرۆرکرا"یان لەسەر بوو.

خۆپیشاندانەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەچوو و هیچ کەسێک دەستگیر نەکرا.

لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، خۆپیشاندەرانی توڕە کە لەسەر کوژرانی ئەمینی خۆپیشاندانیان دەکرد، ڕۆژی پێنجشەممە ویستیان لە باڵیۆزخانەی ئێران نزیک ببنەوە پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەربکرێن و هێرشیان کردە سەر باڵێۆزخانەکە. خۆپیشاندەران دروشمیان بەرزکردەوە و پلاکارتیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو "ئەوان دژی هاوڕەگەزخواز و کەسانی جیاوازن و دەیانکوژن."

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کەنەدا و هۆڵەندا خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG