Accessibility links

پسپۆڕێکی بواری ئاو: ڕەنگە کۆچ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەست پێبکات و تورکیاش پلانی هەیە ئاو بفرۆشێتە عێراق


پسپۆرێکی بواری ئاو و ژینگە ڕایدەگەیەنێت، گەر عێراق نەتوانێت گرفتی کەم ئاوی چارەسەر بکات، ڕەنگە کۆچ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەست پێبکات، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، تورکیا دەیەوێت ئاو بە عێراق بفرۆشێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری ئاو و ژینگە، دەڵێت"ڕووبەرێکی زۆر لە ناوچەکانی هەرێم دووچاری گرفتی کەم ئاوی و وشکەساڵی بوونەتەوە، چونکە ناوچەی وشک و نیمچە وشکن، کەم بارانی دوو ساڵی ڕابردوو، کاریگەری گەورەی لەسەر ئەم ناوچانە هەبووە."

جەختیشیکردەوە"پێویستە چارەسەر بۆ گرفتی کەم ئاوی بدۆزرێتەوە و ئاو بە شێوەی زانستی بەکار بهێنرێت، یاخود سەرچاوەی ئاوی تازە دابین بکرێت."

دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت ڕوونیکردەوە، ئێران بەنداوێکی زۆری لە ناوچە سنورییەکان دروستکردووە، نزیکەی 20 تا 30 بەنداوی دروستکردووە و پارەیەکی زۆری خەرج کردووە، بۆیە ئێران ئامادە نییە ئاو بۆ عێراق دابین بکات، گوتی"ئێران خۆشی ڕووبەڕووی وشکە ساڵی و کەم ئاوی بووەتەوە، دۆخی عێراقیشی ئیستیغلال کردووە و ڕێڕەوی سەرچاوە ئاوییەکانی گۆڕیووە، ئەمە لەڕووی یاسای نێو دەوڵەتییەوە ڕێگە پێدراو نییە، بەڵام دۆخی عێراق وایکردووە، ئێران هەموو شت بکات."

ئەو پسپۆڕەی بواری ئاو و ژینگە ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەنداوی زیاتری لە ئێران دروستکردووە، لەکاتێکدا تورکیا کێشەی کەم ئاوی نییە، بەڵام لاوازی عێراق وایکردووە ئاو بەر نەداتەوە، چونکە ئێران و تورکیا، عێراق وەکو بازاڕێک دەبینن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان، دەڵێت"دەبێت عێراق لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ فشارخستنە سەر تورکیا، تا ئاوی بۆ بەر بداتەوە."

دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت پێیوایە، تورکیا بەنداوەکانی بە پلان دروستکردووە و دەیەوێت پەرە بە کشتوکاڵ بدات و لەڕووی ئابورییەوە خۆی بەهێز بکات، بەتایبەت تورکیا دەیەوێت عێراق بکاتە بازاڕی ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانی لە قۆناغی یەکەمدا، گوتی" لە قۆناغی دووەمیشدا، تورکیا گەر بەنداوی جەزرە تەواو بکات، پلانی هەیە ئاو و کارەبا بە عێراق بفرۆشێت، ئەوکات تورکیا لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، تاڕادەیەکی زۆر عێراق کۆنترۆڵ دەکات."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت پسپۆری بواری ئاو و ژینگە باسیلەوەکرد، خەزنی ستراتیژی ئاو لە بەنداوەکانی عێراق بە تەواوەتی کەمبووەتەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نیشتیمانیش هەیە، گەر عێراق نەتوانێت ئاو دابین بکات، ڕەنگە کۆچ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەست پێبکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:06 0:00
XS
SM
MD
LG