لە کاتێکدا کە پارێزگاری تاران و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خۆپیشاندانەکان لە ئێران کۆتایی هاتوە و کونتڕۆل کراون، بەڵام ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە، ئاماژە بە درێژەی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی ناو شەقامەکانی شارە جیاجیاکانی ئێران دەکەن.
لە کاتێکدا لە ماوەی سێزدە ڕۆژی ڕابردوودا شەقامەکانی ئێران شاهیدی ناڕەزایەتی بەردەوامی خەڵکە، رۆژی پێنجشەممە بۆ شەشەمین رۆژ لەسەر یەک سوپای پاسداران پێگەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و هێرشیان دەکاتە سەر و ئەمەش کاردانەوەی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی لێکەوتوەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تاکو ئێستا 17 کەس بە هۆی بۆردومانەکانی سوپای پاسدارانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.
ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەتەوە یەکگرتووەکان، میسر، ئوردن و سعودیە هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان شەرمەزار کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندوە کە بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی له به غدا كردووه و ناڕەزایەتی توندی حکومەتی عێراقی سه بارەت بە هێرشەکان پێ ڕاگەیاندوە.
ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم خەڵکی شارە کوردنشینەکان کردوە کە ڕۆژی شەممە لە مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەریدا ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی هێرشەکانی سوپای پاسداران نیشان بدەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی ئێران چەند ڕۆژ پێش ئێستاش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی کە شایەتحاڵان دەڵێن لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە کوژراوە، داوای مانگرتنی سەرتاسەریان لە شارە کوردنشینەکاندا کردبوو کە لە وەڵامی بانگەوازەکەیاندا لە زۆرێک لە شارەکانی پارێزگای کوردستان و کرماشان و ئیلام و ئازەربایجان خەڵک بازاڕ و دوکانەکانیان وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی داخست.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چین و توێژە جیاوازەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆردارییەک لەگەڵ خەڵکدا دەکرێت، مانگرتنیان لە ئێران ڕاگەیاندووە، وەک ناوەندەکانی پەروەردەیی و کرێکاری.
كرێكارانی فهرمی پیشهسازی نهوت له راگهیهندراوێكدا هۆشدارییان داوه كه ئهگهر سهركوتهكانی حكوومهت بهردهوام بێت و ههموو ئهو كهسانهی دهستگیركراون ئازاد نهكرێن ئەوا دهوام دهوستێنن و بەردەوام نابن لە کارکردن.
هەروەها زیاتر لە 200 مامۆستای زانکۆ جیاجیاکانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕۆژی پێنج شەممە سەرکوت و دەستبەسەرکردنی خوێندکارانیان شەرمەزار کرد و بانگهێشتی مامۆستاکانی دیکەیان کرد کە کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی خوێندکاران هەبێت.