جیاواز لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا نەبوونی سەنتەری ڕاهێنانەوەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەڵەبجە و لە هەردوو جۆری ئۆتیزم و شەلەل دەماغ لە پارێزگای هەڵەبجە گرفتێکی گەورەی ئەو خانەوادانە بوو کە ئەو منداڵانەیان هەیە، لە ئێستا خێرخوازێک دوو سەنتەری ڕاهێنانی بۆ کردوونەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کارمەندی پێویستی بۆ سەنتەرەکان دامەزراند .
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی 30 کاندیدی دامەزراوی بۆ سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە ڕاگەیاند و بەڕێوبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدان و کۆمەڵایەتی هەڵەبجەش دەڵێن لە ئایندەیەکی نزیکدا منداڵانی ئۆتیزم و شەلەل دەماغ لە پێشکەوتووترین سەنتەردا ڕاهێنانەوەیان پێدەکرێت کە لەلایەن سەرمایەدارێکی هەڵەبجە و بە گوژمەی 2 ملیۆن دۆلار بە تەواوی کەرەستەکانەوە و بێبەرامبەر بۆ منداڵان دروست کراوە.
دانا حەمەشەریف بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لیژنەیەکی پەیوەندیدار و هاوبەش لە نێوان بەڕێوبەرایەتیەکەیان و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی و پەروەردە پێکهاتووە، تا ئەو منداڵانەی کە تووشبووی ئۆتیزم و شەلەل دەماغن لە سەنتەرەکە وەربگیرێن."
دوای ڕادەستکردنی سەنتەرەکانی ئۆتیزم و سەنتەری شیاندنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە ئامانجی سەرپێخستنی پڕۆژەکە و گەیاندنی خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت، بێستون جەبار لێپسراوی نوسینگەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" 30 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست ناوەکانیان لە پسپۆڕە جیاوازەکان ڕاگەیەنراوە دوای تەواو بوونی ماوەی تانەدا تەواوی فەرمانبەرەکان ڕادەسپێرێن تا لە سەنتەرەکانەوە خزمەتەکان دەست پێبکەن".
لە پارێزگای هەڵەبجە نەبوونی سەنتەری ڕاهێنانەوەی منداڵانی ئۆتیزم و سەنتەری تایبەت بە مندالانی خاوەن پێداویستی تایبەت گرفتێکی گەورەی ئەو خانەوادانەیە کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە و پێشتر لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانیەکانەوە بە پڕۆژەی کاتی ڕاهێنانیان پێدەکرا، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەی هەمیشەیی بڕیارە پرۆسەی ڕاهێنانەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.