توێژەران تا ئێستا زۆرترین خەمڵاندنیان بۆ ژمارەی مێروولە لە جیهاندا کردووە. کۆی ژمارەی ئەم مێروو سەرچاوەدارانە بە 20 کوادریلێۆن مەزەندە کرابوو.
کوادریلێۆن ژمارە یەکە و 15 سفر بەدوایدا دێت. ئەم خەمڵاندنە بەو واتایەیە کە بۆ هەر مرۆڤێک نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار مێروولە لەسەر زەوی هەیە.
مێروولە لە سەردەمی دایناسۆرەکانەوە لەسەر هەسارەکە هەیە. کۆنترین بەردبووی مێروولەی ناسراو مێژووەکەی بۆ نزیکەی 100 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کریتاسیۆس.
زیاتر لە 12 هەزار جۆری مێروولەی ناسراو هەیە. بەگشتی مێرووەکان رەش، قاوەیی یان سوورن، جەستەیان بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت. قەبارەیان لە نزیکەی یەک ملیمەترەوە تا 3 سانتیمەتر درێژ دەبێتەوە. حەزیان لە ژیان لە خاک و خۆڵ و لکاندنی خۆیانە بە ڕووەکەکانە.
پاتریک شولتایس پسپۆڕی مێرووە لە زانکۆی ڤۆرزبۆرگ لە ئەڵمانیا. ئەو هاوبەشی نووسەری توێژینەوەیەک بووە کە لە بڵاوکراوەی Proceedings of the National Academy of Sciences بڵاوکراوەتەوە باس لە خەمڵاندنەکە دەکات.
شولتایس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، مێروولە لە نزیکەی هەموو سیستەمی ژینگەی سەر زەویدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت. بۆ نموونە یارمەتیدەر دەبن لە پرۆسەی سووڕ و شکاندنی ڕووەکەکان. یارمەتی بڵاوکردنەوەی تۆو و خاک دەدەن. شولتایس دەڵێت "بەڵام لە هەمووی زیاتر، ژمارەی زۆریان وایان لێدەکات ببنە کاریگەرترین بوونەوەری سەرەکی ژینگە.
مێروولە کە نزیکترین خزمەکانیان هەنگ و شەنگەسوورەن، لە نزیکەی هەموو شوێنێکی سەر زەوی بوونیان هەیە، جگە لە ئەنتارکتیکا، گرینلاند، ئایسلەندا و هەندێک دوورگە.
سابین نووتێن، یەکێکی دیکە لە توێژەرە سەرەکییەکان دەڵێت "سەرسام بووم کە قەبارە زیندەوەری مێروولەکان زیاترە لە قەبارە زیندەوەری مێروولە کێوییەکان و باڵندەکان پێکەوە" ئەو ئاماژەی بەوەدا کە قەباەری زیندەوەری مێرووەکان دەگاتە 20%ی قەبارە زیندەوەری مرۆڤ"، وەک دەڵێت "ئەمەش گرنگی کاریگەرییانە لە سروشتدا".
زاناکان توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای 489 توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگاکانی مێروولە لە سەرانسەری ئەو کیشوەرانەی کە تێیدا دەژین کردوە.
شولتایس وتی "کۆمەڵە داتاکانمان نوێنەرایەتی هەوڵێکی بەرفراوانی کۆکردنەوەی هەزاران زانا دەکات. زیاتر ووتیشی، تیمەکە داتاکانیان بەکارهێناوە بۆ خەمڵاندنی ژمارەی مێروولە بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان هەروەها کۆی ژمارەی مێروولەی جیهان و قەبارە زیندەوەری.
زۆربەی مێروولەکان لە گەرمترین و تەڕترین شوێنەکانی جیهان دەژین. ژمارەیان لە ژینگەی دارستانەکان و ناوچە وشکەکان زیاترە لە ناو شارەکان.
شولتایس وتی "هەندێک شوێنی جیهان هەن کە ئێمە داتایەکی کەممان هەیە و ناتوانین بگەینە خەمڵاندنێکی جێی متمانە بۆ هەموو کیشوەرەکان. ئەفریکا یەکێکە لەو نموونانە. ئێمە لە مێژە دەزانین کە کیشوەرێکی زۆر دەوڵەمەندە بە مێروولە بەڵام توێژینەوەی پێویستی لەسەر نەکراوە".
مێروولە بەگشتی لە کۆلۆنیەکاندا دەژین کە هەندێکیان ملیۆنان مێروو لەخۆدەگرن. ئەوان بەسەر گروپەکاندا دابەش دەبن کە کاری جیاوازیان هەیە، وەک کرێکار و سەرباز و شاژن. کرێکارەکان کە هەموویان مێیەن، گرنگی بە شاژنە گەورەکە و کۆرپەکانی دەدەن. هەروەها ئاگاداری هێلانەکە دەبن و بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن. نێرەکان لەگەڵ شاژنەکان جووت دەبن، پاشان دەمرن.
شولتایس وتی لە کاتێکدا مرۆڤەکان ڕەنگە مێروولە بە "بێزارکەر" بزانن، زۆر هۆکار هەیە کە پێویستە سوپاسگوزار بین بۆ بوونیان.
وتیشی "بیر لە بڕی ئەو ماددە ئۆرگانیییانە بکەرەوە کە ٢٠ کوادریلیۆن مێروولە دەیگوازنەوە، لایان دەبەن، دووبارە بەکاریدەهێنن و دەیخۆن." لە ڕاستیدا شولتایس وتی مێروولە ئەوەندە پێویستن بۆ زنجیرەیەک پرۆسەی بایۆلۆجی کە دەتوانرێت وەک ئەندازیاری سیستەمی ژینگە سەیریان بکرێت کە زانای مێروولەی کۆچکردوو ئی ئۆ ویڵسن جارێک مێرووەکانی ناوناوە بە "ئەو شتە بچووکانەی کە جیهان بەڕێوەدەبەن".
کینیا ئاپی مۆبایل بۆ یارمەتیدانی شوێنپێهەڵگرتنی ئاژەڵەکان بەکاردێنێت
بەرپرسانی بواری ئاژەڵە کێوییەکانی کینیا ئاپێکی مۆبایڵیان بەخۆڕایی دروستکردووە بۆ یارمەتیدانی بەدواداچوونی ئاژەڵە کێوییەکان لەو وڵاتەدا. پلانیان هەیە زانیارییەکانی ئاپەکە بەکاربهێنن بۆ یارمەتیدانی پاراستنی ئاژەڵەکان.
کینیا شوێنی نزیکەی ٤٠٠ جۆری شیردەرە. بەرپرسان دەڵێن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤ زیان بە ژینگە سروشتییەکانیان دەگەیەنن، پاراستنیان سەختتر دەبێت.
ئەتڵەسی شیردەرەکانی کینیا، یان ماکێنیا، ڕێگە بە هەر بەکارهێنەرێک دەدات شیردەرێکی کێوی ببینێت، دەستنیشانی بکات و شوێنی دیاری بکات. هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن وردەکارییەکانی دیکەش بدەن.
دکتۆر سیمۆن موسیلا، توێژەر لە مۆزەخانە نیشتمانییەکانی کینیا دەڵێت "دەتوانن زانیاری دەرەباری ڕەفتاریان زیاد بکەن". "کاتێک ئەم ئاژەڵە دەبینیت چی دەکەن، پشوو دەدەن، ، ڕادەکەن، خۆراک دەخۆن، لەو ساتەوەختەدا کە دەیانبینیت چی دەکەن؟".
موسیلە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە خەڵکێکی زۆر ئەو ئاپە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر ئاژەڵەکان وەربگرن. ئەمەش دەتوانێت یارمەتی ژمارەیەکی کەمی پسپۆڕانی شیردەرەکان بدات لە کینیا. پسپۆڕان تۆماری ئاماری گۆڕانکاری ژینگە و بارودۆخی مانەوەی ئاژەڵەکانیان کردووە.
موسیلا وتی زۆر کەس لەوانە ڕێبەرانی سەفاری، ئەوانەی سەردان ئەکەن، خوێندکاران، یان هەر کەسێک کە بچێتە دەرەوە و ئاژەڵەکان ببینێت، دەتوانن ئاپەکە بەکاربهێنن. دەتوانن وێنە باربکەن و وردەکارییەکان زیاد بکەن، وەک ژمارەی شیردەرەکان و شوێن و جێگایان بەوردی.
سامسۆن ئۆنیۆک ئاپی ماکێنیا بەکاردەهێنێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، شانازی دەکات بە یارمەتیدانی پاراستنی ئاژەڵەکان لە وڵاتەکەیدا. بەکارهێنەرانی وەک ئەو لە مانگی 8ـەوە زیاتر لە 2500 شیردەریان بینیوە.
ئۆنیۆک وتی "پێموایە وەک کینیایەک، ئەوە ڕێگەیەکی بچووکی منە بۆ بەشداریکردن لە دەستپێشخەرییەکانی پاراستن".
شارەزایان دەڵێن، لە کاتێکدا ئەفریکا هۆکاری گۆڕانکاری زۆری کەشوهەوا نییە، بەڵام کاریگەری خراپی لەسەرە. دکتۆر فیلیپ موروتی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاژەڵە کێوییەکانی ئەفریکا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، ڕێژەی لەدایکبوونی شیردەرە دەگمەنەکان و ڕێژەی مانەوەی گەنجەکانیش لە دابەزیندایە.
وتیشی زۆر سەختە سوودمەند بیت یان ئەو شتانە بەڕێوەببەیت کە نایزانیت. "ئەمە ئەو هۆکارەیە کە ئەمە زۆر گرنگە. پێمان دەڵێت کام جۆرمان هەیە، لە کوێدان، و ڕەنگە کامیان مەترسی لەناوچوونێکی زۆریان لەسەرە، پێویستە چی دەربارەیان بکەین. بە تایبەتی نەک تەنها گیاندارە گەورەکان بەڵکو گیاندارە بچووکەکانیش، وەکو شەمشەمە کوێرە".
بەرپرسانی بواری ئاژەڵە کێوییەکان دەڵێن کینیا شوێنی نیشتەجێبوونی لانیکەم یەک لەسەر سێی جۆرەکانی شیردەرەکانی ئەفریکایە و هیواخوازن بەکارهێنەرانی ئاپەکە یارمەتیدەر بن لە پاراستنیان.
سیستەمی تەکنەلۆژیا ئامانجی پاراستنی نەهەنگەکانە لە کەشتیەکان
زانایان ئامرازێکی نەخشەسازییان پەرەپێداوە کە بە تەکنەلۆژیا کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی کەشتییەکان لەگەڵ نەهەنگەکان لە ناوچەکانی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکا.
ئەم سیستەمە ناوی Whale Safeـە. ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنێت کە لەناو زەریادا دانراون بۆ دەستنیشانکردنی بوونی نەهەنگەکان لە دەوروبەری. هەروەها ئامرازەکە چالاکییەکانی گواستنەوە و خێرایی کەشتیەکان تۆمار دەکات. دواتر ئەو زانیاریانەی کە کۆکراونەتەوە لە ڕێگەی سەتەلایتەوە دەنێردرێت بۆ زاناکان کە پشکنینیان بۆ دەکەن و هەوڵدەدەن ڕێنمایی پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی کەشتیەکان بکەن.
پەرەپێدەرانی ئەم سیستەمە دەڵێن زانیاری دەستبەجێ لەبارەی جووڵەی نەهەنگەکانی لەونزیکانەن دەرەخسێنیت.
Whale Safe لە نزیک بەندەرەکانی باشووری کالیفۆرنیا کاردەکات. لەم دواییانەدا لە کەنداوی سانفرانسیسکۆ بەرەو باکوور کەوتە کارەوە.
لە کەنداوەکەدا کێشەیەک هەیە کە کەشتییەکان بەر نەهەنگەکان دەکەون. مانگی ڕابردوو بەرپرسانی بواری ئاژەڵە کێوییەکان دوایین ڕووداوی گومانلێکراویان ڕاگەیاند. نەهەنگێکی قەمبوور لە کەنداوی سانفرانسیسکۆ بە برینەوە کانار کەوتبوو دەریدەخات ئاژەڵەکە بە بەرکەوتنی بە کەشتییەکدا کوژراوە.
سەنتەری شیردەرەکانی دەریایی لە نزیک سانفرانسیسکۆ ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ پێنجەمین نەهەنگ بەهۆی بەرکەوتنی کەشتییەکەوە لەو ناوچەیە کوژراوە. بەرپرسانی بواری ئاژەڵە کێوییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ژمارەی دروستی ئەو نەهەنگانەی لەلایەن کەشتییەکانەوە دەکوژرێن زۆر زیاتر بێت، چونکە بە دەگمەن تەرمی ئەو ئاژەڵە مردووانە دەدۆزرێتەوە.
نەهەنگی قەمبور سەردانی کالیفۆرنیا دەکەن بۆ ئەوەی لە هاوین و پایزدا خۆراک بخۆن پێش ئەوەی کۆچ بکەن بۆ باشوور بۆ ئەوەی لە کەناراوەکانی مەکسیک زاوزێ بکەن. لەو جۆرە نەهەنگانەن لە جیهاندا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. بەپێی خەمڵاندنەکان 35 بۆ 40 هەزاریان لە دەریاکاندا ماونەتەوە. ناوەندی شیردەرەکانی دەریایی دەڵێت مەترسییە سەرەکییەکانی بەردەم نەهەنگی قەمبور بریتین لە بەرکەوتنیان بە کەشتییەکان و کەوتنە تۆڕی ماسیگرتن و پلاستیکەکانی دەکرێنە دەریاوە.
سیستەمی سەلامەتی نەهەنگەکان بۆ ناسینەوە و پاراستنی جۆرە جیاوازەکان دروستکراوە، لەوانە نەهەنگەکانی جۆری قەمبور، شین، باڵدرێژەکان و خۆڵەمێشی. بۆ ئەم مەبەستەش سێ شێواز بەکاردەهێنێت.
یەکەم: ئامێری سەرئاوکەوتن بەکاردەهێنێت – کە بە سەرئاو خستن ناسراوە – بۆ تۆمارکردنی ئەو دەنگانەی کە نەهەنگەکان دەریدەکەن.
دووەم: مۆدێلی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنێت بۆلێکدانەوەی داتای ئێستا و مێژووی زەریاکان بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی کە نەهەنگەکان زۆرترین ئەگەری ئەوەیان هەیە لە کوێ بن.
سێیەم: ڕێگە بە چاودێرانی ڕاهێنراو و هاوڵاتیان دەدات لە ڕێگەی ئاپی مۆبایلەوە ڕاپۆرتی بینینی نەهەنگەکان بدەن.
پڕۆژەی سەلامەتی نەهەنگەکان لەلایەن ناوەندی شیردەرەکانی دەریایی و تاقیگەی زانستی ئۆقیانوسی بێنیۆف لە زانکۆی کالیفۆرنیا سانتا باربارا پشتگیری دەکرێت. هەروەها ڕێکخراوەکانی دیکە و دەزگاکانی دیکەش لە پڕۆژەکەدا هاوکاری دەکەن.
گەشەپێدەرانی سیستەمەکە دەڵێن فراوانکردنی کۆمپانیای Whale Safe بۆ سانفرانسیسکۆ ئەوە نیشان دەدات کە دەتوانرێت سیستەمەکە بە شێوەیەکی کاریگەر لە ناوچەی زیاتری ئەمریکا و جیهاندا جێگیر بکرێت
بەرپرسانی ناوەندی شیردەرەکانی دەریایی دەڵێن پلانیان هەیە بۆ فراوانکردنی سیستەمەکە بۆ ناوچەکانیدیکە کە نەهەنگەکان ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر دەبنەوە بە بەرکەوتنیان بە کەشتییەکاندا. ئەم ناوچانە بەشێک لە کەناری دەریای ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا لەخۆدەگرن. لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم جۆرە ناوچانە بریتین لە ئاوەکانی نزیک سریلانکا، شیلی، یۆنان و دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا.
جێف بۆیم بەرپرسی ناوەندی شیردەرەکانی دەریایە. وتی سیستەمی سەلامەتی نەهەنگەکان نوێترین تەکنەلۆژیا لەگەڵ هەوڵەکانی پاراستن تێکەڵ دەکات "بۆ دروستکردنی چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بۆ نەهەنگەکان." بۆیم زیاتر ووتی "لێرەدا تەکنەلۆژیا بۆ سوودی ژیانی دەریایی لەگەڵ سروشتدا یەکدەگرێتەوە".
دۆگلاس مەککۆلی بەڕێوەبەری تاقیگەی بینیۆفە بۆ زانستی ئۆقیانوسەکان. لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کوشتنی نەهەنگەکان بە بەرکەوتنیان بە کەشتیەکاندا کێشەیەکە دەکرێت خۆی لێ بەدوور بکرێت".
مەککۆلی وتی "چیتر ناتوانین چاودێری پاسیڤ بین لە نەهەنگەکانی مەترسی نەمانیان لەسەرە کە بەدرێژایی کەناراوەکانی سانفرانسیسکۆ هاتووچۆ دەکەن" ووتیشی "پرۆژەی سەلامەتی نەهەنگەکان کۆبوونەوەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ زاناکانی دەریا، تەکنەلۆژیستەکان، ڕێکخراوەکانی پاراستن، سەرکردەکانی بازرگانی و هاوبەشەکانی حکومەت بۆ ئەوەی شتێک لەم پرسەدا بکەن".