ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە فشاری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، بەرپرسانی حزبە کوردییەکانی ئێرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئاگادارکراونەتەوە بۆ جێهێشتنی ناوچە سنورییەکان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەفدێکی سەربازی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەرپرسانی هەرێمیان لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ناوچە سنورییەکان ئاگادارکردووەتەوە، گەر ئەو ناوچانە بە هێزە کوردییەکانی ئێران چۆڵ نەکرێن.
عەتا سەقزی بەرپرسی پەیوەندیەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هێزەکانی کۆمەڵە و دیموکرات بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئاگادارنەکراونەتەوە بۆ چۆڵکردنی ناوچە سنورییەکان، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ناوچە سنورییەکانەوە بە هێزەکانمان وتراوە، لە شاخەکان دابەزن و چۆڵی بکەن."
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسانی باڵای هەرێم، حزبە کوردیەکانی ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە لە هێرشی زەمینی ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکان، گەر ئەو ناوچانە جێنەهێڵن، هەرچەندە سەرەتا حیزبە کوردییەکان چۆڵکردنی ناوچە سنورییەکانیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام فشارەکانی سەریان تا دێت بەهێز دەبێت.
عەتا سەقزی گوتی"ئێران هێزی زۆری هێناوەتە سنورەکان، تەنانەت مەترسی تیرۆرکردنی چالاکوانە سیاسیە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەیە لەناوخۆی هەرێم."
زانیاریەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، بەرپرسانی حزبە کوردییەکان ترسیان لەوە هەیە لەلایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج، بۆیە لە جاران زیاتر خۆیان دەپارێزن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە، دەڵێت"دەمێکە هەڕەشە لەسەر بەرپرسانی حیزبە کوردییەکان هەیە، بەڵام دوای خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی تۆڵە کردنەوە لە حیزبە کوردیەکان دەکات."