Accessibility links

چالاکوانانی بەلوچ دەڵێن حکومەتی ئێران لە زاهیدان دەستی داوەتە کوشتنکارییەکی زۆر لە شارەکەیان


ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستداوانی بەلوچ لە زاهیدان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا دەکەن.

حەبیبوڵڵا سەربازی، چالاکوانی دیاری بەلوچ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی گوتی "ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە تاکو ئێستا نزیکەی 100 کەس لە خەڵکی بەلوچ لەم چەند ڕۆژەی دوایی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئاسایشی ئێران کۆژراون."

بەڕیز سەربازی گوتیشی "تاکو ئێستا ناسنامەی زیاتر لە 80 کەس لەوانەی کوژراون، لە لایەن چالاکوانانی بەلوچەوە پشتڕاستکراونەتەوە."

هەینی ڕابردوو هێزەكانی ئاسایش لە زاهیدان خۆپیشاندەران و نوێژکەرانیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکە کوژران. دەوترێت تاکو ئێستاش کەش‌وهەوایەکی ئەمنییەتی بەسەر شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستاندا زاڵە.

مەولانا عەبدولحەمید، ئیمامی ئەهلی سوننەتی زاهیدان ڕایگەیاندوە کە لە ئێستادا زاهیدان نائارامە و شەوانە دەنگی تەقە دەبیسترێت و هێزە ئەمنییەکانیش خاڵی پشکنینی ئۆتۆمبێلیان لە سەرتاسەری شارەکەدا داناوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی دیکە لە فەرزین کەدخودایی چالاکی دیاری بەلوچ کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ئەویش لە تویتەری خۆی بڵاوی کردووەتەوە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 80 کەس لە خەڵکی بەلوچ لە زاهیدان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کۆژراون.

ئەو چالاکوانە بەلوچە دەشڵێت "لە ئیستادا نەخۆشخانەکانی زاهیدان گرفتی کەمی خوێنیان هەیە و داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتیدەری بریندارەکان بدەن."

حەبیبوڵڵا سەربازی گوتیشی " ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک برینداربوون، بەڵام دەترسن بڕوەنە نەخۆشخانە، چوونکە دەزانن دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن."

گوتیشی "زاهیدان وەک نەتەوەیەک کە لە ڕووی زمان و کولتور و ئایینەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا جیاوازە، هەر بۆیە زۆرترین سەرکوتەکان تیایدا ڕوودەدەن."

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "کەمپەینی چالاکانی بەلوچ"، ڕۆژی دووشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای کۆپتەری سەربازییەوە لە زاهیدان تەقەیان لە خۆپیشاندەران و ئۆتۆمبێلی خەڵک کردووە کە لە ئەنجامدا چەند کەس لە سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک کۆژراون.

بەڕیز سەربازی لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی هۆکارەکانی بەرزبوونی ژمارەی کوژراوان و برینداران و دەستبەسەرکراوان لە شارە بەلوچ نشینەکاندا گوتی "هێزەکانی ئاسایشی ئێران و سوپای پاسداران بە زۆرینە لە توندڕەوترین کەسانی شیعە پێکهاتون کە ڕق و بێزارییەکی زۆریان لە بەلوچ وەک نەتەوەیەکی سونە هەیە و هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا فەرمانی تەقەیان پێدراوە، لە کاتێکدا لە شارەکانی دیکە ڕەنگە هێزەکان تەنها لە کاتی زۆر هەستیاردا دەسەڵاتی تەقەکردنیان هەبێت، بەڵام لە شارە کوردنشین و بەلوچ نشینەکان هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەسەڵاتی تەقە کردنیان پێدراوە."

هەستیاربووبی دۆخەکە و ژمارەی بەرزی گیان لەدەستداوان و دەستبەسەکراوان لە زاهیدان لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژە بە شتێکی جیاوازتر لە وتەی خەڵکی خوودی زاهیدان دەکەن و پاڕیزگارەکەی ڕایگەیاندووە کە تاکو ئێستا تەنها 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش 20 کەسن.

خۆپیشاندەران لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی و هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 15 ساڵ لەلایەن بەرپرسێکی پۆلیسی پارێزگاکەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دژی کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە.

حەبیبوڵڵا سەربازی گوتی " لە ئیستادا هێزێکی سەربازی زۆر ڕژاونەتە ناو شاری زاهیدان و هاتوچۆی ئاسایی خەڵک ڕاگیراوە" و گوتیشی "هیزەکانی ئاسایش بە جلوبەرگی خەڵکی بەلوچدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و لە سەربانەکانەوە تەقە لە خەڵک دەکەن."

جێی ئاماژەیە چالاکوانانی کوردیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند گرتە ڤیدیوییەکیان بڵاوکردووەتەوە کە هێزەکانی ئاسایش بە جلوبەرگی کوردییەوە خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن یان دەست دەدەنە کاری تێکدەرانە بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران و دواتر پاساویان هەبێت بۆ سەرکوتی زۆرتری خەڵکەکە.

سەربازی گوتی " ڕووداوەکانی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی زاهیدان لەو ڕۆژەوە دەستیپێکردوە کە خەڵکەکە لە سەر داوای بانگەوازێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیان لە نوێژی هەینیدا دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 15 ساڵی بەلوچ لەلایەن پۆلیسی چابەهارەوە، لە نوێژی هەیندا دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و لە ئەنجامیشدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان دایە تەقەی ڕاستەوخۆ کە تاکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر بەو هۆیەوە کۆژراون."

هاوکات کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕەکان بڵاوکراونەتەوە کە تیایاندا نیشان دەدرێتکە لە سەربانی بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک مزگەوتی زاهیدان، هێزەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن.

XS
SM
MD
LG