Accessibility links

هەر کە خۆپیشاندانەکان پەرەدەسێنن، ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ وڵاتانی رۆژئاوا درێژدەکات 


Iran Protest
Iran Protest

دوای ئەوەی رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی ئێرانی- ئەمەریکایی مەسیح عەلینەژاد لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنێکی ئەمریکادا مەرگی ژینا (مەهسا ) ئەمینی بە روخانی دیواری بەرلین بەراورد کرد، لە باڵاترین ئاستەوە لە ئێران سەرکۆنەی قسەکانی کرا و تۆمەتی بۆ هەڵبەسترا.

قسەکانی مەسیح عەلی نەژاد لە میانی بەرنامەیەکی بەناوبانگی ئەمەریکادا بوو بە ناوی Real Time with Bill Maher کە پێشکەشکاری کۆمیدی بیڵ مار پێشکەشی دەکات. رۆژێک دوای قسەکانی مەسیح عەلینەژاد، عەلی خامنەئی رابەڕی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی چالاکوانەکە بهێنێت بە "بەکرێگیراوێکی ئەمەریکایی" دانا.

لە گوتارێکدا کە لە پشتیەوە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دانیشتبوون، خامنەئی گوتی "راستی دەرکەوت کاتێک بەکرێگیراوە سیاسی ئەمەریکاییەکە ئەم پرسەی بە دیواری بەرلین بەراورد کرد. دەبێت تێبگەن مەبەست لەم بەراوردکارییە چییە. دەبێت بزانن کە مەسەلەکە تەنیا دەربڕینی هاوسۆزی نییە بۆ کچێکی لاو. دەبوو بتانزانیایە. ئەگەر درکت پێنەکردووە، ئێستا درکی پێبکە. ئەگەر درکت پێکردووە هەڵوێست وەرگرە."

مەسیح عەلی نەژاد رۆژنامەنووسێک و چالاکوانێکی سەربەخۆییە کە بۆ کەناڵی دەنگی ئەمەریکا کاردەکات و یەکێکە لە رەخنەگرە توندەکانی ئیدارەی بایدن و تەواوی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هەوڵدانیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و نەدانی بایەخێکی ئەوتۆ بە رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران.

مانگی حەوت FBI بڵاویکردەوە کە حکومەتی ئێران هەوڵی رفاندنی عەلینەژادی لە نیۆرک داوە و دواتر کەسێک کە لە بەردەم ماڵی چالاکوانە ئێرانییەکە بە چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفەوە دەستگیرکرا کە بڕوا وایە بۆ کوشتنی عەلینەژاد نێردرابوو.

مافی مرۆڤی ئێران، کە رێکخراوێکی ناحکومییە، لە دواین راپۆرتیدا دەڵێت لانیکەم 133 لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی وڵاتەکە تا ئێستا کوژراون.

بەپێی چەندین راپۆرتی میدیایی لۆکاڵی و جیهانی، خۆپیشاندانەکانی ئێران پەرەیان سەندۆتە نێو زانکۆ و خوێندنگاکان. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆتەوە، خوێندکارانی زانکۆکەیەک دەبینرێن کە ئەم هوتافە دەڵێن: "دوژمنی ئێمە لێرەیە. درۆ دەکەن کاتێک دەڵێن لە ئەمریکایە."

خۆپیشاندانی فێرخوازان وادەردەکەون ترسی زیاتریان لای دەسەڵاتدارانی ئێران دروستکردبێت. سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسی وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی دەیانەوێت "سواری شەپۆلی" نارەزایەتییەکان ببن و خۆپیشاندەرنی بە "ئاژاوەگێڕ" لە قەڵەمدا. وەزیری پەروەردەی ئێرانیوسف نووری رۆژی چوارشەممە گوتی"دووژمن تەواوی توانای خۆی بۆ بەئامانجکردنی پەروەردە وەگەرخستووە."

جگە لە خۆپیشاندارانی مەدەنی، رۆژنامەنووسانیش قوربانییەکی دیکەن. بەپێی دواین راپۆرتی کۆمیتەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ)، رێکخراوێکی ناحکومی کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، دەسەڵادارانی ئێران لانیکەم 35 رۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە.

موحەمەد ساڵەح، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە میدیا لە زانکۆی پنسڵڤانیا، لە ئێران گەورەبووە و بەووردی چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکات. لە دیدارێکی دەنگی ئەمەریکادا، ئەم خۆپیشاندانەی بە "کاریگەرترین" خۆپیشاندانی مێژووی کۆماری ئیسلامی دانا کە زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر هاتە سەر دەسەڵات.

موحەمەد دەڵێت، "بێگومان دەتوانین بڵێین ئەم خۆپیشاندانانە کاریگەرترین هەڵمەتی خۆپیشاندانبوون لە ئێران لە چەند دەیەی رابردوودا لە دەستپێکی شۆڕشی ئێرانەوە لە ١٩٧٩ و بەڵگەی ئەم کاریگەریەش بەربڵاوی و فراوانی خۆپیشاندانەکانە کە خەڵکی جیاواز بە شواناسی نەتەوەیی و ئاینی و رەگەزی جیاواز و لە ناوچەی جوگرافی جیاوازەوە بەشداریان کردووە. ئەوەشی گرنگە کە بزوێنەری ئەم خۆپیشاندانانە خەڵکی گەنجن تا ئاستێک کە گەشتۆتە زانکۆ و خوێندنگاکان و تەنانەت فێرخوازانی کچی ئامادەییەکان بەشداری دەکەن."

XS
SM
MD
LG