Accessibility links

هەندرێن محەمەد: سوپاسی دادگای فیدراڵی عێراق و ئەو کەسانەش دەکەم کە سکاڵایان لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان تۆمار کرد


دادگای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە چەند بڕیارێکی دەرکرد، بەشێک لە بڕیارەکانی تایبەت بوون بە پرسی هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیاریارانەی دادگای فیدراڵیش لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ بوو.

هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" سوپاسی دادگای فیدراڵ دەكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ویژدان و دادپه‌روه‌ر بوو له‌و بڕیاره‌ی داویه‌تی ته‌نانه‌ت ده‌مه‌وێت سوپاسی سكاڵاكارانیش بكه‌م، چونكه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و ده‌ستوریی بناسرێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا پێمان ناخۆش بوو كه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ كرا، به‌ڵام به‌خێر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كۆمسیۆنی كوردستان، دەشڵێت"ئومێد ده‌كه‌م هه‌موولا هاوكاری ئه‌و كۆمسیۆنه‌ بن ته‌شهیركردن به‌ كۆمیسیۆن به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌رێم شتێكی خراپه‌ و شتێكی نیشتمانی نییه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه‌ له‌داهاتوودا بچینه‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ڕاستی ئه‌مجاره‌ كۆمسیۆن به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یاسایی توندمان ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێک ته‌شهیر به‌ كۆمسیۆن بكات به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمه‌.، هەندرێن محەمەد زیاتر وتی"ئه‌وه‌ جێگای دڵخۆشیه‌ به‌ڵێ سه‌د له‌ سه‌د كۆمسیۆنی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌یه‌ له‌ كوردستانی عێراق هه‌ر جۆره‌ هه‌ڵبژاردنێک بێت یان هه‌ر جۆره‌ ڕاپرسیه‌ک بێت. "


" سوپاسی دادگای فیدراڵی و سکاڵاکارانیش دەکەین چونكه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و ده‌ستوریی بناسرێت "

لە سەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق وتی " سه‌ره‌تا سوپاسی نوێنه‌رانی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌م (كاک وریا و كاک وه‌حدی) كه‌ ئه‌ركی به‌رگریكردن له‌ مافی ده‌ستوریی هه‌رێم بۆ هه‌بوونی كۆمسیۆنیان كرد، ده‌شمه‌وێت سوپاسی دادگای فیدڕاڵ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ویژدان و دادپه‌روه‌ر بوو له‌و بڕیاره‌ی داویه‌تی ته‌نانه‌ت ده‌مه‌وێت سوپاسی سكاڵاكارانیش بكه‌م، چونكه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و ده‌ستوریی بناسرێت هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا پێمان ناخۆش بوو كه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ كرا، به‌ڵام وه‌كو ده‌وترێت (عسی ان تكره‌ شيئأ فهو خیرٌ لكم) به‌خێر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كۆمسیۆنی كوردستان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵدا بچینه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كۆمیسیۆن دروست ده‌كرێت له‌ عێراق له‌ مادده‌ی (102) ی ده‌ستور هاتووه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی نه‌داوه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی كه‌ ته‌نها ئه‌و كۆمیسیۆن دروست بكات هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی (115) له‌ ده‌ستوری عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر بابه‌تێک كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پسۆڕی (حصری) فیدراڵی نه‌بێت ئه‌وا ئاساییه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم ئه‌و ده‌زگا و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ دروست بكات بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌ مادده‌ی (121) ده‌كه‌م كه‌ دادگا بڕیاریداوه‌ كۆمسیۆنی كوردستان كۆمسیۆنێكی ده‌ستورییه‌، وه‌ كارده‌كات له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیه‌كانی تایبه‌ت به‌ سنوری هه‌رێمی كوردستان. "

هەندرێن محەمەد زیاتر وتی" تایبه‌ت به‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ به‌ڕاستی زۆر كه‌س به‌هه‌ڵه‌ لێكیداوه‌ته‌وه‌ ئایا ئه‌و بڕگه‌ی (حصری) لابردووه‌ هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌ 2015 وه‌ ده‌ركمان به‌وه‌ كرد چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانزانی كۆمسیۆنی كوردستان تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانی عێراق نه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدراڵی چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵیه‌كان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كرێت، ناكرێت ئێمه‌ بڵێین كۆمسیۆنی كوردستان (حصری) یه‌ ڕێگه‌ بدرێت به‌ كۆمسیۆنی عێراقیش ئیش بكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ فیدڕاڵیه‌كان و ڕاپرسیه‌كانی فیدراڵی، ئێمه‌ له‌ ساڵی 2015 وه‌ ده‌ركمان به‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌شمان كردووه‌ له‌كاتی واژووكردنی یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن ئه‌وكات باسی ئه‌وه‌مان كرد، چونكه‌ ئه‌وانیش باسیانكرد وتیان ئێوه‌ بڕگه‌یه‌كتان هه‌یه‌ (حصری) یه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێمه‌ ناده‌ن ئیش بكه‌ین وتمان نه‌خێر ئه‌وه‌ نییه‌ وتمان (حصری) یه‌ بۆ ئێمه‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژادنه‌كانی كوردستانی عێراق، وه‌ له‌ یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن ئێمه‌ بڕگه‌یه‌كمان جێكرده‌وه‌ وتمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵیه‌كان و ڕاپرسیه‌ فیدراڵیه‌كان ئێوه‌ ده‌یكه‌ن و به‌ یاسای ئێوه‌ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت شتێكی تریشمان تێدا بۆ زیاد كرد وتمان ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژادنه‌ فیدڕاڵیه‌كان بكرێت به‌ یاسای حزبه‌كان و قه‌واره‌ سیاسیه‌كانی ئێوه‌ش بكرێت واته‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ چاره‌سه‌رمانكرد ئه‌وه‌ی ئێستاش ئه‌وه‌ی دادگا به‌نزیكه‌یی گونجاو هاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وكات باسمانكرد ئه‌و ناكۆكیه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی (حصری) ئه‌نجامدانی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی كوردستان، وه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی عێراق له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بوو به‌و بڕیاره‌. "


" ته‌نها له‌و بڕگه‌یه‌دا ده‌ڵێت ناده‌ستورییه‌ "

به‌ڵام لە بڕیارەکەدا دەڵێت ئەمە ناده‌ستوریی بوونی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت مه‌به‌ستی چیه‌ له‌وه‌؟
لە وەڵامدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ڕونیکردەوە" ته‌نها له‌و بڕگه‌یه‌دا ده‌ڵێت ناده‌ستورییه،‌ چونكه‌ ناكرێت ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی به‌ته‌واوه‌تی قۆرخ بكه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوخۆیی خۆمان په‌رله‌مان و ڕاپرسیه‌كانی كوردستانی عێراق ، وه‌ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیه‌كانی فیدراڵی ته‌نها له‌وه‌دایه‌ كه‌ دادگا باسی ده‌كات ناده‌ستورییه‌ چونكه‌ ناكرێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قۆرخ بكرێت و بدرێته‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆمسیۆنی كوردستان، وه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ زۆر به‌ڕوونی هاتووه‌ ده‌ڵێت هه‌موو بڕگه‌كانی تر یاسایین ته‌نها ئه‌و بڕگه‌ی (حصری) بۆئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بدرێت به‌ كۆمسیۆنی فیدراڵی هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵیه‌كان بكات لێره‌. "

" ئه‌وه‌ به‌ڕوونی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگا هاتووه‌ "

كه‌واته‌ هه‌رێمی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ كۆمسیۆنێكی باڵای هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆی بۆنموونه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یان په‌رله‌مان یان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه‌ به‌ڕێوه‌ ببات؟

هەندرێن محەمەد بەمجۆرە وەڵامی دایەوە" به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ له‌ ده‌قی یاساكه‌ هاتووه‌ كۆمسیۆنی كوردستان هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یان ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، وه‌ هه‌ر ڕاپرسیه‌ک تایبه‌ت بێت به‌ كوردستانی عێراق كۆمسیۆنی كوردستان ئه‌نجامی بدات ئه‌وه‌ به‌ڕوونی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگا هاتووه‌ هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ڕۆیشتووه‌ وه‌كو باسمكرد زوو چاره‌سه‌ری ئه‌و بڕگه‌یه‌مان كردبوو، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌ركمان پێكرد ئه‌وكات له‌كاتی ده‌رچوونی یاسای ژماره‌ (4) ی كۆمسیۆن كه‌ (تضارب-ناكۆكیه‌ک )ڕووده‌دات له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی نێوان ئێمه‌ و ئه‌وان له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ فیدراڵیه‌كان . "


" ئێمه‌ زوو پێمانزانی بۆیە خۆمان ئه‌وه‌مان نه‌كرد "

بەڵام خۆ ئێوه‌ له‌ ڕابردوودا خۆتان وتوتانه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ناكه‌ن و قسه‌ ناكه‌ن له‌و بابه‌ته‌دا؟
وەڵامەکەی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەمجۆرە بوو" له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ زوو پێمانزانی ئێمه‌ ئه‌وه‌مان نه‌كرد ئه‌گه‌رنا به‌پێی یاسای كۆمسیۆنی كوردستان بێت ژماره‌ (4) ی 2014 ده‌بووایه‌ ئێمه‌ ڕێگه‌مان نه‌دایه‌ هه‌ڵبژاردنی 2018 كۆمسیۆنی عێراق بیكات چونكه‌ به‌ (حصری) ده‌سه‌ڵات به‌ ئێمه‌ درابوو، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو باسمكرد زوو ده‌ركمان پێكرد، وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ یاساكه‌ ده‌رچوو بوو توانیمان له‌ڕێگه‌ی یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غداد ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژادنه‌كانی تر ئه‌وه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و ڕاپرسیه‌كان هه‌مووی له‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆمسیۆنی كوردستانه‌ و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌ له‌ یاسای ژماره‌ (4) ی 2014 دا هاتووه‌ دادگای فیدراڵ دانی پێداناوه‌ چونكه‌ ته‌نها باسی یه‌ک مادده‌ ده‌كات له‌و یاسایه‌ كه‌ ده‌ڵێت پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌. "

" بڕیارەکە پەیوەندی بە بەسەرچوونی ماوەی کۆمسیۆنەوە نیە "

كه‌واته‌ ئه‌م بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌؟
لە وەڵامدا هەندرێن محەمەد وتی" نه‌خێر، ته‌نها 9 كه‌س ماوه‌ی به‌سه‌رچووه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یه،‌ چونكه‌ كۆمسیار ته‌نها پێكنه‌هاتووه‌ له‌ كۆمسیار، به‌ڕێوه‌ربه‌ی گشتیمان هه‌یه‌ و به‌شمان هه‌یه‌ 535 كارمه‌ند ئیش ده‌كات، ده‌زگاكه‌ بوونی هه‌یه‌، ده‌زگاكه‌ كارمه‌ندی هه‌یه‌ ئیش ده‌كات هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر 9 كه‌سی تر بێن یان هه‌ر ئه‌وان دابنرێنه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر هه‌مووان جێبه‌جێ ده‌بێت به‌ڕاستی ئێمه‌ زۆر دڵخۆشین به‌و بڕیاره‌، یه‌كێک له‌و قسانه‌ی كه‌ زۆر ده‌وترایه‌وه‌ ئایا به‌غداد بیكات یان ئێوه‌ بیكه‌ن ئه‌وه‌ چۆن ده‌بێت ئه‌وه‌ كۆتایی به‌و مه‌سه‌له‌ هێنا و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ درایه‌وه‌ كۆمسیۆنی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌بێ دوو دڵی. "

" هه‌موو جارێک ده‌ڵێم كه‌س دنیای تێک نه‌داوه‌ نیو دكتۆر و نیو سیاسی و نیو فه‌قیه نەبێت "

پێشتر له‌ وته‌ی سكاڵاكاران باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ شه‌رعیه‌تی له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ حزبیه‌ و له‌ ڕابردوودا كۆمه‌ڵێک تۆمه‌تیان ئاراسته‌ ده‌كرا هەروەها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كۆمه‌ڵێک گله‌یی و سكاڵا هه‌بوو به‌و هۆیانه‌وه‌ ئه‌وان سكاڵایان تۆمار كردبوو كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ ئه‌وانن ناتوانن سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژادنی داهاتوو بكه‌ن؟

لەوەڵامدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم وتی" به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ موزایه‌ده‌یه‌كی سیاسیه‌، ئه‌وانه‌ ده‌بێت یاسا بخوێننه‌وه‌ ده‌بێت ڕێكار و ڕێنمایی بخوێننه‌وه‌ شت به‌ته‌نها به‌ قسه‌ ناكرێت ده‌بێت لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت هه‌موو جارێک ده‌ڵێم كه‌س دنیای تێكنه‌داوه‌ نیو دكتۆر و نیو سیاسی و نیو فه‌قیه نەبێت، پێویسته‌ هەر كه‌سێک له‌ بوارێكدا كاربكات ده‌بێت به‌ته‌واوه‌تی لێی تێبگات و ده‌قه‌ یاساییه‌كانی بیخوێنێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ڕێكاره‌كان بخوێنێته‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتر له‌ 2018 ڕێگه‌ماندا به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه‌ ڕێماندان كه‌ به‌شداربن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ هه‌موو بنكه‌كانیش به‌شداربوون ده‌ستمان به‌ڕووی هیچ ده‌نگده‌رێكه‌وه‌ نه‌ناوه‌ هه‌موو بریكاری قه‌واره‌ سیاسیه‌كانمان تۆمار كرد به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ ئینسافی ته‌واوه‌وه‌ ئیشمانكرد ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 ئه‌وانه‌ی لایه‌نی سكاڵاكار ته‌نانه‌ت هیچ سكاڵایه‌كی جددیشیان نه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌خوا به‌زیادبێت زۆر به‌ڕێكوپێكی ڕۆیشت. "

" ئه‌م جاره‌ كۆمسیۆن به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یاسایی توندمان ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێک ته‌شهیر به‌ كۆمسیۆن بكات "

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان (هەندرێن محەمەد) وتی" ئومێد ده‌كه‌م هه‌موولا هاوكاری ئه‌و كۆمسیۆنه‌ بن ته‌شهیر كردن به‌ كۆمسیۆن به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌رێم شتێكی خراپه‌ و شتێكی نیشتمانی نییه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه‌ له‌داهاتوودا بچینه‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ڕاستی ئه‌مجاره‌ كۆمسیۆن به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یاسایی توندمان ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێک ته‌شهیر به‌ كۆمسیۆن بكات به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمه‌. "

هەندرێن محەمەد زیاتر وتی"ئه‌وه‌ جێگای دڵخۆشیه‌ به‌ڵێ سه‌د له‌ سه‌د كۆمسیۆنی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌یه‌ له‌ كوردستانی عێراق هه‌ر جۆره‌ هه‌ڵبژاردنێک بێت یان هه‌ر جۆره‌ ڕاپرسیه‌ک بێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:22 0:00



XS
SM
MD
LG