Accessibility links

وردەکاری هەوڵەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە خانەقین


حکومەتی عێراق هەوڵی دەرکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان لە قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە دەدات، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی بەرگری عێراق لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە، بڕیاری دەرکردنی ئەو هێزانە "بەشێوەی کاتی" ڕاگیراوە.

ئەو هێزە ئەمنی و سەربازییانەی سەر بە حکومەتی هەرێمن و بنکە و بارەگایان لە قەزای خانەقین هەیە، بریتین لە: هێزێکی پێشمەرگە کە بارەگاکەیان لە نزیک بەنداوی ئەڵوەنە، لەگەڵ ئاسایشی خانەقین کە بارەگاکەیان لەناو شارەکەدایە و سەر بە ئاسایشی گەرمیانە، هەروەها بەشی پۆلیسی خانەقین و سریەیەکی پۆلیس کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانن.

عەمید محەمەد فایەق بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی گەرمیان، لە بارەی هەوڵەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانیان لە خانەقین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، هێزەکانی پۆلیسی سەر بە ئێمەیان لە خانەقین ئاگادارکردەوە بۆ جێهێشتنی قەزاکە، لە کاتێکدا هێزەکانمان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی ئەمنیەتی خانەقین دا هەیە، بەڵام ئێمە داواکاریەکەمان ڕەتکردەوە."

گوتیشی"سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی بەرگری عێراق هاتنە سەر هێڵ و دەستوەردانیان لە مەسەلەکەدا کرد، بۆیە بڕیارەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە ڕاگیرا."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو، فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە، فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراقی بە نوێنەرایەتی خۆی ناردووەتە لای هێزە ئەمنی و سەربازیە کوردییەکان لە خانەقین، داوای لێکردوون هێزەکانیان شارەکە جێبهێڵن.

دواتر هێزە کوردییەکان، نوێنەری قەزای خانەقینیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مەسەلەکە ئاگادارکردووەتەوە و ئەویش مەسەلەکەی گەیاندووەتە سەرۆکایەتی کۆمار، دواتر لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە مەسەلەکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە قەزای خانەقین، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پێشتر مەفرەزەکانی ئاسایشی هەرێم لە ناو خانەقین بوونیان هەبوو، بەتایبەت لە شوێنە گرنگەکانی وەکو فولکەی کرندی و فولکەی عەزیز پشتیوان، بەڵام ئێستا نەماون."

گوتیشی"هێزەکانی ئاسایش لە ناو بارەگای خۆیاندان و وەکو جاران لە ناو شاردا ئەرکیان نیە."

XS
SM
MD
LG