Accessibility links

ئێران هونەرمەندی ناوداری کرماشان حوسێن سەفامەنش دەستبەسەر دەکات


حوسێن سەفامەنش هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان، دوای ئەوەی ڕاگەیاند هاوکاری و کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران و هەروەها دەنگ و ڕەنگی ئەو وڵاتە ڕادەگرێت وەک ناڕەزایەتی لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون، ڕۆژی پێنجشەممە ئیدارەی ئیتڵاعاتی تاران، هونەرمەند حوسێن سەفامەنشی بانگ کردووە و پاشان دەستبەسەریان کردووە و لە ئێستاشدا چارەنووسی ناوبراو نادیارە.

دەستبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند کۆنسێرتەکەی لە شاری هەولێر، سەرەڕای فرۆشتنی هەموو بلیتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەم هونەرمەندە لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت "تەواوی هاوکارییەکانم لەگەڵ وەزارەتی ئیرشاد و فەرهەنگ و هەروەها ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕادەگرم و چی دیکە لەگەڵیاندا کار ناکەم."

هەروەها لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانەی هاووڵاتییانی کورد، هەنگاو ناسنامەی 23 هاووڵاتی کە لە شارەکانی سونقوڕ، سنە، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ و ئورمیە دەستبەسەرکراون ئاشکرا دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی بە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لانیکەم 13 هاووڵاتی دیکە لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکراون.

XS
SM
MD
LG