Accessibility links

سرود ئەحمەد: ژنانی گوندنیشین گیرۆدەی دەست توندوتیژین و دەنگیشیان ناگاتە دادگا و رێکخراوەکان


سرود ئەحمەد
سرود ئەحمەد

بەرپرسی لقی کەرکوکی رێکخراوی هیوای عێراقی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان ئاشکرایدەکات، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری ڕووی لە هەڵکشانە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ژنانی گوندە دوورە دەستەکان زیاتر گیرۆدەی دەست توندوتیژین، بەو پێیەی دەنگیان ناگاتە یاسا و رێکخراوەکان و هۆشیاریشیان لاوازە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسی لقی کەرکوکی رێکخراوی هیوای عێراقی دەڵێت"توندوتیژی لە نێو خێزانە هەژارەکاندا زیاترە، بەتایبەت هێشتا دیاردەی ژن بە ژن و کچی منداڵ بەشودان لە هەندێک ناوچە بەربڵاوە."
بەرپرسی رێکخراوی هیوای عێراقی، ئاماژەی بەچەند دۆسیەیەکی جۆراجۆر کرد، کە لە ئێستادا لە ڕێکخراوەکەیانە و کاری لەسەر دەکەن، وتی"دۆسیەی ژن بە ژنمان لایە، کە یەکێک لە کچەکان پێش ئەوەی بگوێزرێتەوە هەڵاتووە، دۆسیەی ترمان لایە، لەکاتی ژن بە ژن دا، یەکێک لە کچەکان هەوڵی خۆکوشتنی داوە، یاخود کچ هەیە بەزۆر دراوە بە شوو، دوای دوو ڕۆژ هاوسەرەکەی بەجێهێشتووە و هەڵاتووە."
ڕوونیشیکردەوە، کچان و ژنانی گوندە دوورە دەستەکان زیاتر گیرۆدەی دەست توندوتیژین، بەو پێیەی دەنگیان ناگاتە دادگا و رێکخراوەکان و هۆشیاریشیان لاوازە، بۆیە زۆرجار هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، لە کاتێکدا دەیانەوێ جیاببنەوە و رێگەیان پێنادرێت، یاخود توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
بەپێی وتەی سرود ئەحمەد، دەیان و سەدان کچ، بە منداڵی و لە تەمەنی 12 ساڵی بۆ سەرەوە لە قوتابخانە دەرهێنراون و دراون بەشوو، دواجاریش هاوسەرگیریەکەیان شکست دەهێنێت، بەو پێیەی کچەکان منداڵن و ئەرک و مافی خۆیان نازانن.
سرود ئەحمەد جەختیکردەوە"زۆرێک لەو کچانەی بە منداڵی بە شوو دراون، کاتێک دەبینن هاوسەرەکانیان خیانەتیان لێدەکەن، ئەوانیش پەیوەندی گرێ دەدەن، دواجار کە پێیان دەزانرێت، لە ماڵ هەڵدێن و چەند حاڵەتێکمان لە شێڵتەرەکان هەیە."

ئەمەش ببینە

XS
SM
MD
LG