لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەرونیدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ " هۆشیارکردنەوەی تاک و کارکردنی ڕاستەقینە" لەو ناوچانەی کە ڕێژەی خۆکوشتن تیایاندا زۆرە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت پەتای کۆرۆنا " قەیرانێکی جیهانی بۆ تەندروستی دەرونی" دروستکرد. ئاماژە بەوەش دەکات فشاری دەرونی کورتخایان و درێژخایان بووە هۆی ئەوەی تیشکی سەرەکی لەسەر تەندروستی دەرونی ملیۆنان کەس لاچێت.
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەرونییەکان دەڵێت نەخۆشییە دەرونیەکانی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر هەستی مرۆڤەکان، هەڵسوکەوتیان، یان ئەو وێنانەی کە لەناو مێشکی مرۆڤەکان دروست دەبێت بۆ ڕووداوەکان و چواردەوری خۆیان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان.
دکتۆر دانیاڵ سەعدی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان بنکە لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " نەخۆشییە دەرونییەکان ئێستا کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە ڕادەیەک کە لە ساڵی 2022 دا نەخۆشی خەمۆکی بووە بە دووهەم نەخۆشی لە هەموو جیهاندا و چەند جۆریکی تری نەخۆشی دەرونیشمان هەیە تەنها بریتی نییە لە نەخۆشی خەمۆکی."
چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان لە هەندێک شوێنی جیهاندا سەختترە و بارودۆخەکە کەمتر لەبارە و کەمتریش هۆشیاری گشتی هەیە لەسەر نەخۆشییە دەرونییەکان.
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانوم گێبریۆسس دەڵێت " ستیگما و فەرق و جیاوازی کردن بەردەوام بەربەستێک دەبن لەبەردەم توابەستەیی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە مافی چاودێری تەندروستی دەرونی. ئێمە دەتوانین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین لە زیادکردنی هۆشیارییەکان لەسەر ئەوەی چ کارێکی گشتگیر کاریگەری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە دەرونییەکان- ڕۆژی جیهانی نەخۆشییە دەرونییەکان ڕۆژێکە بۆ ئەویە ئەو کارە پێکەوە بکەین."
دکتۆر دانیاڵ باس لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات و دەڵێت ناو کورددا پێشتر ئەوەی نەخۆشی دەرونی هەبوایە بە نهێنی سەردانی پزشیکی دەکرد بەڵام " سوپاس بۆ خوا ئێستا بەهۆی عەولەمەو شۆڕشی تەکنەلۆژیا و بەهۆی ئەوەی کە جیهان بووە بە گوندێکی بچووک ئێستا خەڵک نەک تەنها خەمی ئەو نەخۆشییەیانە بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن کە سەردانی پزیشکی دەرونی دەکەن."
یەکێک لەو شتانەی پێویستە بۆ گرنگیدان بە نەخۆشییە دەرونییەکان هاوکاری خێزانەکانیان و نەخۆشەکانە چ لە ڕووی سایکۆلۆژی و چ لە ڕوی دارایشەوە دکتۆر دانیاڵ دەڵێت لە ڕووی سایکۆلۆژیوە لە سەنتەرەکانی نەخۆشییە دەرونیەکان خۆمان ڕێنمایی خێزانەکان دەکەین و هاوکاری سایکۆلۆژییان دەکەین لە ڕووی دارایشەوە دەڵێت " پێشتر ئەوانەی کە نەخۆشی دەرونییان هەبوو وەکو وەکو شیزۆفرۆمیا، ئۆتیزم یان دانسۆندرۆم یان تەنانەت ئەوانەش کە بایپۆڵەرن مانگانە 150 هەزار دیناریان هەبوو بەڵام لە پاش شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و پاش برینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن مالکی ( نوری مالکی سەرۆک وەزیری ئەوکاتەی عێراق) کاریگەری بەسەر ڕەوسی دارایی هەرێم ئەو هاوکارییە بڕاوە."
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان و شوێنی پێویست بۆ نەخۆشەکان دەڵێت " شوێنی تایبەت، دەرمان و ئەو خزمەتگوزاریانەی ئێستا هەیە زۆر لە ئاستی پێویستدا نییە بەڵام وەکو شوێن بەڵێ هەیە."
دکتۆر سەعدی ئاماژە بە کەمی پسپۆڕی دەونیش دەکات و دەڵێت بۆ نمونە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ئێمە ژمارەمان ناگاتە 20 کەس.
گرفی کەمی پسپۆڕی بواری دەرونی تەنها کێشەی وڵاتێکی وەکو عێراق یان هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو ئەم کێشە زۆرێک لە وڵاتانی تریشی گرتووەتەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لە کەمی پسپۆڕی دەرونی بەتایبەتی لە وڵاتانی ئافریکا دەکات و دەڵێت کێشەی نەخۆشییە دەونییەکان و تەنانەت ئاستی خۆکوشتنیش زۆر بەرزە بەڵام هەر 500 هەزار کەس تەنها یەک پزیشکی دەرونیان بەردەکەوێت.
لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشییە دەرونییەکاندا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لێدوانی هەندێک لە نەخۆشەکانی بڵاو کردووەتەوە کە چ بلایەنەوە گرنگە یەک لەوانە دەڵێت " ئەو کەسەی ئێستا چارەسەریم بۆ دەکات جیاوازە، ئەو وەکو کەسێک لێمدەڕوانێت لە بری نەخۆشێکی دەرونی. بەدەستهێنانی ئازادی بەسەر چاودێری تەندروستی دەرونیمدا هاوکارییەکی گەورەبوو بۆ چاکبوونەوەم."
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گرنگی بە دۆخی شوێنی کارکردنی خەڵکیش دەدات کە ئاماژەی بە هەندێک خاڵ کردووە بۆ مەترسی زیادبوونی نەخۆشییە دەرونییەکان و ئاماژە بە چەند خاڵیک دەکات لەوانەش جیاوازی کردن و نایەکسانی، ژینگەی خراپی کارکردن، پێدانی پارەیەکی کەم بۆ لەبەرامبەر کارەکە یان کەمتر نرخ بۆ کەسەکان دابنرێت، شەڕپێفرۆشتن و هەراسانکردن، داخوازی کاری زۆر و ئەوەی کە لە شوێنی کارکردندا کارمەندەکە کۆنترۆڵی لە کارەکەیدا نەبێت.