Accessibility links

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە تا کۆتایی بە ساڵێک چەقبەستووی سیاسی بهێنێت


ساڵێک دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کوتلە سیاسییەکان لە هەموو کات زیاتر لە پێکهێنانی حکومەت نزیک بوونەتەوە دوای ئەوەی ئەو پارتەی کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا نەیتوانی هاوپەیمانییەکی هێندە گەورە دروست بکات کە حکومەت پێکبهێنێت.

ڕەوتی سەدر ، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی ساڵی پاردا بەدەستهێنا. بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، رەوتێک بەناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دیارترین سەرکردەیان نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووە وادەردەکەوێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و سوونەکان گەشتبن بە جۆرێک ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

سەرۆکی پەرلەمان، موحەمەد حەلبوسی، ڕۆژی پێنجشەممە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناکۆکن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، پارتی ئامادەیە کاندیدەکەی خۆی بکشێنێنتەوە بۆ ئەوەی کاندیدێکی سەربەخۆ بەناوی دکتۆر لەتیف ڕەشید ببێتە سەرۆک کۆمار. مالیکی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی پارتی کردووە بەڵام یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت تەنیا دکتۆر بەرهەم کاندیدی ئەوانە.

بیلال وەهاب، پسپۆڕی کاروباری عێراق لە پەیمانگای واشنتن، دەڵێت ئامانجێکی گەورەی پارتی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا لاوازترکردنی یەکێتییە.

دکتۆر بیلال وەهاب
دکتۆر بیلال وەهاب

بیلال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند“شتەکە لەبەرخاتری دکتۆر لەتیف نییە، ئەوەندەی لە داخی دکتۆر بەرهەمە…. گۆڕەپانەکە بۆ پارتی چۆڵ بووە تا ڕادەیەکی زۆر. ئێستا بۆ نموونە کەس باسی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی هەرێم ناکات. مام جەلال نەماوە. یەکێتی لە سلێمانی لە زۆر ڕووەوە لاوازە. بەدەرفەتێکی دەبینن ئەم پۆستەش لە یەکێتی بسێننەوە. ئەگەر فوئاد حوسێن بووایە یان ڕێبەر ئەحمەد بووایە، ئەوا تەقریبەن سەرکەوتنەکە سەدا سەد کامل ئەبوو. بەڵام ئێستا ئەگەر بێتوو لانیکەم لوتی یەکێتی بەوە بشکێنن نەیەڵن کاندیدەکەیان کە دکتۆر بەرهەمە سەرۆک بێت، ئەمە لاوازترکردنی پێگەی یەکێتییە."

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێگەیەکی سیمبوڵییە و سەرۆک وەزیران زۆرترین دەسەڵاتی هەیە کە لە دوای ڕووخانی سەدام حسێنەوە هەمیشە لەژێر دەستی شیعەکاندا بووە کە زۆرینەی عێراق پێکدەهێنن.

لە نێو شیعەکاندا گەورەترین ناکۆکی لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوهەنگیدایە. رەوتی سەدر دەڵێت پاڵپشتی موحەمەد شیاع ئەلسودانی، کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سەرۆک وەزیران، ناکات.

ئاسۆ موحەمەد، شرۆڤەکاری سیاسی لە هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هەمووان چاویان لەوەیە جوڵەی داهاتووی موقتەدا سەدر چی دەبێت لەبری ئەوەی کێ چی دەستدەکەوێت. بزووتنەوەی تشرین و سەدر ڕەنگە پێکەوە لە یەک بەرەدا دژی حکومەتی چوارچێوەی هاوهەنگی دەوەستننەوە."

ئاسۆ دەڵێت، “سوونەکان لە هەموو کاتێک یەکگرتوو تر دەردەکەون. کورد لاوازترین ئەکتەری یارییەکەن. لە قۆناغی داهاتوودا، زیاتر لەدەستدەن وەکو لەوەی وەدەستی بهێنن."

مالیکی و مەسعود بارزانی، کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕۆژانێک نەیاری سیاسی سەختی یەکدی بوون. بەڵام ئەمڕۆ وادیارە ئامادەن ڕابردوو لە بیر بکەن و پێکەوە حکومەت پێکبهێنن.

بیلال دەڵێت “مالیکی ئامانجی ئەوەیە حکومەتی داهاتوو بەبێ پارتی نەبێت.” پارتی گەورەترین پارتی کوردییە لە عێراق.

عەلی ئەلمیکدام، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە عێراق، دەڵێت ئەگەری زۆرە لەتیف رەشید ببێتە سەرۆک کۆمار.

ئەو چالاکوانە ڕۆژی چوارشەممە لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عەبدول لەتیف ڕەشید دەبێتە سەرۆکی کۆمار بە کۆدەنگی دوو حزبی ئەگەر ئەمشەو هیچ شتێک نەگۆڕێت یان یەکێتی بەربژێری بەرهەم ساڵحی کاندیدەکەیان بپارێزێت. پێویستە دانیشتن بەڕێوە بچێت و کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار تێپەڕێنرێت، چونکە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و دواخستنی قەیرانەکە خراپتر دەکات."


XS
SM
MD
LG