لە ماوەی دوو ڕۆژدا گروپی هاوپەیمانی ژنان لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانیەتیەکەیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند دەکەن، کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان، دەیانەوێت پێکەوە بەبێ بیرکردنەوەی حزبی لە پێناو ژن بوون هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ ڕوبەروبوونەوەی توندوتیژی خێزانی بنێن و هەڵوێستی ڕەسمی خۆیان لە هەمبەر کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەش ڕابگەیەنن.
گرووپی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان پێکهاتووە لە ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و ئەندام لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی خێزانی کۆبوونەوەی وەرزی خۆیان بۆ پەسەندکردنی پەیڕەوی هاوپەیمانیەتیەکەیان هێنایە هەڵەبجە و بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژدا پەیڕەوی هاوپەیمانیەتیەکە پەسەند بکەن. ئامانج لە پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکەیان بەرگریکردنە لە ژنان و ڕێگریکردنە لە توندوتیژی خێزانی.
کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە و ئەندامی هاوپەیمانیەتیەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هاوپەیمانیەتیەکە ئامانجی بەرگریکردنە لە ژنان و ڕێگری کردنە لە کوشتنی ژنانە و دوورە لە هەموو ئایدیا و باکگراوندێکی سیاسی و لایەنە حکومی و ڕێکخراوە حزبی و سەربەخۆکانی ژنان کە بەشدارن لە هاوپەیمانیەتیەکە و دەمانەوێت بەرگری لە ژن بوون بکەین، ئەندامانی هاوپەیمانیەتیەکە لە زیاتر لە 100 ئەندام پێک دێت".
فێنک شەفیق بەڕێوبەری گشتی لە بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە ساڵی 2020 وە دەمانەوێت کار لەسەر ژنان بکەین و بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ ڕووبەرووی ژن کوشتن ببینەوە و ژنان بەرەو قۆناغی سەرکردەیی بەرین، ئێمە دەمانەوێت بزانین چی بکەین بۆ ئەوەی توندویژی کەم بکەینەوە و پشتیوانی هەنگاوەکانی یەکتری بین."
تریفە فەرەیدوون ئەندامی هاوپەیمانیەتیەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەوانە کۆبوونەوەکانیان دەبەنە ناو سەرجەم پارێزگاکان، ئەمەش پێنجەمین کۆبوونەوەیانە کە پەیڕەوی ناوخۆیان لە هەلەبجە پەسەند دەکەن و بۆ گیانی ئەو قوربانیانەی کە 65% قوربانیەکانی کیمیاباران ژن و منداڵان بوون، بۆیە ئەمڕۆ هاتوونەتە هەڵەبجە و دەیانەوێت ئەو کەسایەتیانەش ببینن کە ئەندام نین لە هاوپەیمانیەتیەکە تا بتوانن پەیڕەوەکەیان دەوڵەمەند تربکەن."
هاوپەیمانیەتیەکە پرسی دەربڕینی هەڵوێستی کرداری بەرامبەر بە کوشتنی ژنان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەربڕینی هەوڵوێستی هاوبەشی هاوپەیمانیەتیەکە لەبەرامبەر کوشتنی ژنان لە سەر ئاستی دەرەوەی هەرێم و پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژنان لە ئێران تاوتوێ دەکات و لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەڵوێستی ڕەسمی خۆیان ڕادەگەیەنن.