Accessibility links

16 ی ئۆکتۆبەر لە نێوان یەکتری تۆمەتبارکردنی پارتی و یەکێتی دا


5 ساڵ بەسەر 16 ی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەن عێراقەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی هێرشی عێراق بۆ سەر ئەو ناوچانە لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەک و کوردانی ئەو ناوچانە لەلاکەی تر بەردەوامی هەیە.

لە ساڵی 2003 ەوە تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پارتە کوردییەکان دەسەڵاتی تەواویان لەکەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان هەبوو، بەڵام ماوەی 5 ساڵە تەواوی دەسەڵاتەکانیان لەو ناوچانە لەدەستداوە، بە شێوەیەک تا ئێستا پارتی دیموکرات لە هەندێک لەو ناوچانە بارەگای نییە و هەر ئەمڕۆش، بێ بانگهێشتکردنی نوێنەری هیچ پارتێکی کوردی، ئیدارەی کەرکوک فرۆکەخانەی شارەکەی کردەوە.

هەرچەندە پارتی هۆکاری 16 ی ئۆکتۆبەر بۆ "خیانەت"ی گروپێکی نێو یەکێتی، یەکێتیش هۆکارەکەی بۆ ریفراندۆم دەگێڕێتەوە، بەڵام پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ریفراندۆم و ڕێککەوتنی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتییش لەگەڵ عێراق هۆکاربوون بۆ ڕوودانی 16 ی ئۆکتۆبەر.

ئەکرەم ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کورد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"گەر ریفراندۆمیش ئەنجام نەدرایە، عێراق پەلاماری کەرکوک و ناوچەکانی تری دەدا، بەڵام گروپێکی ناو یەکێتی ئاسانکارییان بۆ عێراق کرد، تا ناوچەکان بگرێت."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، توڕەیی ئێران و تورکیا لە ریفراندۆم وایکرد پشتگیری عێراق بکەن لە بەکارهێنانی هێز بۆ گرتنەوەی کەرکوک و فشارخستنە سەر هەرێم، ئەمە جگە لەوەی لە ژێر کاریگەری ئەو دوو وڵاتەدا، پەرتبوون لە نێوان پارتی و یەکێتی ڕوویدا و گرتنی کەرکوکی بۆ عێراق ئاسانتر کرد، هەروەها ڕێککەوتنی تاکلایەنەی بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتیش لەگەڵ عێراق، بووە هۆی کەوتنی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ماوەیەکی کورت دا.

تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی بۆ گرتنی کەرکوک نەبووە و ترسی لە هەڵایسانی شەڕبووە، گەر هێز بباتە ناو شاری کەرکوک، بەڵکو تەنها پلانی کۆنترڵکردنی بیرە نەوتییەکان و سەربازگەی کەیوەن و چەند جێگەیەکی تری هەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، وەفدێکی عێراق هاتوونەتە هەرێم و بە فەرمی داوای ڕادەستکردنی بیرە نەوتییەکانیان کردووە.

چەند سەرچاوەیەکی شیعە و کورد کە زانیارییان دایە دەنگی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تا ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەر، عێراق پلانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک نەبووە و ترسی لە ڕوودانی شەڕ هەبووە، بەڵام کاتێک ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەک و ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی لەلاکەی تر، پێشمەرگەی دووچاری شڵەژان و کشانەوە کرد، عێراق دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە و هێزی بردووەتە ناو کەرکوک.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕێککەوتنی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و عێراق ئەوەبوو، هێزی عێراق تا بیرە نەوتییەکان و سەربازگەی کەیوەن بێت، بەڵام کاتێک هێزێکی پێشمەرگە ڕووبەڕووی سوپا بوونەوە و دەرفەتی گرتنی کەرکوکیش بۆ عێراق ڕەخسا، عێراق یەکێتی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە و کردیە پاساو بۆ گرتنی کەرکوکیش."

گەر هێزی پێشمەرگە دووچاری شڵەژان و کشانەوە نەبایە، بەهۆی ناکۆکی نێوخۆیی یەکێتی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، عێراق دوای کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییەکان ڕادەوەستا، بەڵام ناکۆکییەکان دەرفەتی بۆ عێراق ڕەخساند، بە کەرکوکیشەوە نەوەستێت و هێرشەکانی فراوانتر بکات.

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"16 ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی کورت بینی و سیاسەتە هەڵەکانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بوو، کەس دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نییە، بەڵام کاتەکەی هەڵەبوو، زەمینە لەبار نەبوو، دۆستەکانیشمان زۆر ئامۆژگارییان کردین، ئەو هەنگاوە نەنێین."

ڕوودانی 16 ی ئۆکتۆبەر لە ساتەوەختێکدا بوو، پەیوەندی نێوان کورد و پێکهاتەکانی کەرکوک بە تایبەت عەرەب و تورکمان تەواو خراپبوو، پێکهاتەکان، پارتی و یەکێتییان تۆمەتبار دەکرد بە پشتگوێ خستنیان و تاکلایەنە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە.

حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی، هۆکاری ڕوودانی 16 ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵەکانی پارتی و یەکێتی گێڕایەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەڵەکانی پارتی و یەکێتی و خراپ ئیدارەدانی کەرکوک، لەگەڵ گوێ نەگرتن لە ئامۆژگاری دڵسۆزان، بووە هۆکاری پرۆسەی چەسپاندنی یاسا."

دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر، باڵانسی هێز و دەسەڵات لەکەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتەواوەتی گۆڕا، کورد تەواوی دەسەڵاتەکانی لە دەستدا و عەرەب و تورکمانیش بوون بە دەسەڵاتدار، پێچەوانەی جاران، ئێستا کورد پێکهاتەکانی تر بە پەراوێخستنی تۆمەتبار دەکات.

ئەحمەد تازەلی، نوێنەری ناوچەی تازە خورماتووی باشوری کەرکوک لە خولی پێشووی پەرلەمانی، کە سوپای عێراق هێرشەکانی لە شارۆچکەکەی ئەوەوە بە ئاراستەی کەرکوک دەستپێکرد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"گەر ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەریش نەبایە، دۆخی کەرکوک هەر دەتەقییەوە، چونکە کورد شارەکەی بێ حسابکردن بۆ عەرەب و تورکمان بەڕێوەدەبرد."

پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوایە گەر پێشمەرگە لە کەرکوک شەڕی عێراقی کردبا، کەرکوک بە ئاسانی لەدەست نەدەدرا، وەڵامی یەکێتیش ئەوەیە، گەر لە کەرکوک شەڕ ڕوویبدایە، شارەکە خاپوور دەبوو، کوردەکانیش ئاوارە دەبوون، عێراقیش ڕێگەی بە خەباتی سیاسی حیزبە کوردییەکان نەدەدا.

ئەکرەم ساڵەحی سەرکردەی پارتی، دەڵێت"گەر کورد بەرگری کردبا و شکستی بهێنایە، هێندەی خیانەتی گروپێکی ناو یەکێتی بە ئازار نەبوو."

بەڵام پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێیوایە، گەڕ شەڕ ڕوویبدایە، کوردانی کەرکوک ئاوارە دەبوون و شارەکەش خاپور دەبوو.

دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر 16 ی ئۆکتۆبەردا، کورد کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر بە "داگیرکراو" ناو دەبات، بەڵام عێراق و پێکهاتەی عەرەب و تورکمان، کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن عێراقەوە بە پرۆسەی چەسپاندنی یاسا ناودەبەن.

XS
SM
MD
LG