Accessibility links

تورکیا توپبارانی دەڤەری سیدەکانی کرد و ژنێکی تەمەن 30 ساڵان بریندار دەبێت


سنوری هەرێمی کوردستان و تورکیا
سنوری هەرێمی کوردستان و تورکیا

ڕۆژی یەکشەممە تورکیا توپبارانی کوێستانەکانی ناحیەی سیدەکانی کرد بەو هۆیەوە ئافرەتێک بریندار دەبێت بەڵام برینەکەی سووکە.

سەبارەت بە توپبارانی تورکیاوە، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بەدەنگی ئەمەریکای وت" کاتژمێر 12 و سی خولەک تورکیا توپبارانی کوێستانی ڕۆبی لە سنوری ناحیەی سیدەکان کرد ئەو شوێنەی کە توپباران کراوە هەندێک خەڵکی لێ هەیە کە کاری مەڕداری دەکەن، ئافرەتێک بەناوی شەرمین ئەسعەد بەهۆی ساجمەی توپەوە برینداربووە کە دانیشتووی سیدەکانە و تەمەنی 30 ساڵە، بەڵام برینەکەی سووکە".

چەلەبی سەبارەت بە هۆکاری ئەو تۆپبارانەوە دەڵێت "پەکەکە لەو شوێنانە ئێستا هیچ بنکە و بارەگایەکی نییە و ئەگەر هەبێت بەشێوەی مەفرەزە و گەڕۆکە نازانرێت هۆکاری ئـەو توپبارانەی تورکیا چی بووە بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیەک برینداربوو، ئەو شوێنە کوێستانە خەڵک مەڕوماڵاتی تێدا بەخێودەکات و لەکۆتایی مانگی دە خەڵک ئـەو شوێنانە چۆڵ دەکات و دەگەڕێنەوە".

چەندین ساڵە فرۆکە و توپخانەکانی تورکیا دەڤەری سیدەکان بوردومان و توپباران دەکەن بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر گیان لەدەست دەدات و بریندار دەبێت، تورکیا هۆکارەکەیشی بۆ شەڕی نێوان خۆیان و پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەگەڕێنێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو لایەنە لە شەڕ و ململانێدان.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاشکرای دەکات کە هەم تورکیاو هەمیش ئێران توپباران و بوردومان دەکەن بەڵام ئـەوەی ئێران تەنها 12 ڕۆژ بەردەوامبوو و لەئێستادا وەستاوە وەلێ تورکیا ناوە ناوە هەم توپباران و هەمیش بوردومانی سنوری سیدەکان دەکات.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا لە ساڵی 1984ەوە تا ئێستا 118 گوندی دەڤەری سیدەکان بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیاوە چۆڵکراون، هەروەها شەش گوندی تریش بەهۆی توپبارانی ئێرانەوە چۆڵکرابوون بەڵام لەئێستادا توپبارانی ئێران وەستاوە بۆیە خەڵکی دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان.

بنکە و بارەگای حزبە کوردیەکانی ئێران و تورکیا لە ناوچەی سیدەکان بوونیان هەیە ؟

ئیحسان چەلەبی لەبارەی ئـەو پرسیارەوە دەڵێت " ئەو شوێنانەی کە ماوەکانی ڕابردوو ئێران توپبارانی دەکرد هیچ بنکە و بارەگایەکی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لێ نییە و لە ئێستاشدا هیچ بنکەو بارەگایەکی دیار وەکو ساڵانی ڕابردووی پەکەکە لەو شوێنانەدا نییە چونکە هەر بنکە و بارەگایەکی پەکەکە لەو شوێنانەدا هەبوبێت لەلایەن فرۆکە بێفروکەوانەکانەوە یاخود توپخانەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج".

لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بەهۆی توپباران و بوردومانی تورکیا و ئێران بۆ سەر سنوری ناحیەی سیدەکان 22 هاوڵاتی سنورەکە شەهید و برینداربوونە لەوانە هەشت هاوڵاتی شەهید و ئەوانی تریش بریندار ئەمە بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە.

بەپێی سەرچاوەکان سنوری سیدەکان لە 1617 کیلۆمەتر دووجا پێکهاتووە و 266 گوندی هەیە وەلێ لە لەئێستادا 148 گوندی ئاوەدانن و 118 گوندیشی چۆڵ، لە کۆی 1617کیلۆمەتر زیاتر لە 46% لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە کە پێشتر پەکەکەی تێدابووە.

XS
SM
MD
LG