ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، کادیرێکی دێرینی حزبەکەیەتی و بە ئێستاشەوە یەکێتییە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، لەو پشکانەی تریش کە بەر کورد دەکەون، حزبەکەی پشکی دەبێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەڵێت"دکتۆر لەتیف ڕەشید کەسایەتییەکی دیاری هەرێمە و لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، کادیرێکی بنەڕەتی یەکێتی بووە، پێشتر نوێنەری یەکێتی بووە لە بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا، ئێستاش وەکو یەکێتییەک سەرۆک کۆمارە."
دەربارەی پاڵپشتیکردنی دکتۆر لەتیف رەشید لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پۆڵا تاڵەبانی گوتی"پارتی دژی کاندیدکردنی کاک بەرهەم بوو، ڕەنگە لە بەرامبەر ئەوەدا، دەنگییان بە دکتۆر لەتیف دابێت وەکو کاندیدی جێگرەوە."
مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی ڕوونیکردەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتییە و ئەمە وەکو عورفی لێهاتووە، بەتایبەت لە سەردەمی مام جەلالەوە تا ئێستا، پۆستەکە لای یەکێتییە، گوتی"هەر ئیستحقاقێکی ترمان هەبێت لە پشکەکانی کورد لە بەغدا، بە مافی خۆمانی دەزانین و داکۆکی لێدەکەین."
بە بڕوای پۆڵا تاڵەبانی، ئەرکی حکومەتی داهاتووی عێراق قورس دەبێت، ململانێ و ئاڵەنگاری گەورەی لە پێشە، گەر بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات و دەسەڵات لە ململانێ سیاسییەکان دابڕێت، سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام گەر پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرنەگرێت، سەرکەوتوو نابێت، گوتی"دەبێت ئەم حکومەتە دەستور بکاتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان بکات و دوور بکەوێتەوە لە تێکەڵکردنی ململانێی سیاسی بە دەسەڵات."
پۆڵا تاڵەبانی هیوای خواست، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕەنگدانەوەی لە ناوخۆی هەرێم نەبێت، گوتی"ئێمە و پارتی پێکەوەین لە حکومەت، نابێت ململانێ و بیروڕا جیاوازەکان، ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی هەرێم هەبێت."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسیلەوەشکرد، حزبەکەی تێبینی هەیە لە سەر شەراکەتی نێوانیان لەگەڵ پارتی و هەست ناکەن شەریکێکی تەواو بن، وتی"لە ئیستیحقاق و مەسەلەی خزمەتگوزاری و قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان، هەست بە شەراکەتی راستەقینە ناکەین."