Accessibility links

سەرکۆ ئازاد: ئەگەر پەرلەمان لە خەمی هاوڵاتییاندا بێت بە بڕیارێکی پەرلەمانی دەتوانێت حکومەت ناچار بکات نرخی نەوتی ماڵان کەم بکاتەوە


سەرکۆ ئازاد
سەرکۆ ئازاد

سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی سامانەسروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم دەڵێت" هۆکاری ئەوەی حکومەت دەڵێت هەر بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵانم بە 284 هەزار دینار کڕیووە کە نزیکەی 45 هەزار دینار نرخی لە بازاڕ زیاترە، له‌ دوو ئه‌گه‌ر زیاتر نییه‌ یان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی چه‌ند بازگانێكی بواری نه‌وته‌، وه‌ ئه‌و پێنج كۆمپانیایه‌ی كه‌ حكومه‌ت گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كردوون ،‌ یان ئه‌وه‌تا ئه‌و زانیاریه‌ی كه‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان داویه‌تی دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ و به‌كه‌متر له‌ 248 هه‌زار دینار كڕدراوه‌، دەشڵێت"لەبەرئەوە‌ ئێمه‌ داوامانكردووه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دانیشتنێكی به‌په‌له ئەنجامبدرێت،‌ به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و ستافی وه‌زارت بێنه‌ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كات وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌ڵامی بداته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێت، ئەگەر پەرلەمان لە خەمی هاوڵاتییاندا بێت بە بڕیارێک دەتوانێت حکومەت ناچار بکات نرخی نەوتی سپی کەم بکاتەوە، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كرا به‌ڕاسپارده‌ به‌ڕاستی من لێره‌وه‌ ده‌ڵێم هیچ شتێک ناگۆڕدرێت له‌ بارودۆخه‌كه‌ په‌رله‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ئیجبار بكات به‌دابه‌زاندنی نرخی ئه‌و نه‌وته‌. "

" پلانی A و B ی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی "

لە سەرەتای قسەکانیدا بڕیاردەری لیژنەی سامانەسروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی" ئێمه‌ له‌ماوه‌كانی ڕابردوو چه‌ند جارێک دانیشتنمان كرد له‌گه‌ڵ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ئه‌وكاته‌ش باسمانكرد كه‌ حكومه‌ت پلانی هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی دواتر لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مان میوانداری وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و ستافی وه‌زاره‌تی كرد له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئایا پلانه‌كانیان چیه‌ بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا، ئه‌وان دوو پلانیان هه‌بوو پلانێک ئه‌وه‌ بوو ئه‌و نه‌وته‌ی له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق پاڵپشتی ده‌كات بۆ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی دابین ده‌كات به‌ كه‌ركوک و به‌ موسڵیشه‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ی كه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دێت ئه‌مان داوایانكردووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی، به‌ڵام ئه‌مه‌ پلانی B ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌، پلانی A ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رما بێت بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و گوندنشینان بتوانن نه‌وت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دابین بكه‌ن به‌پشتیوانی واته‌ به‌نرخی (مدعوم) بڕێک پاره‌ دابین ده‌كرێت له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی 70 ملیار دیناره‌. "

" سێ ڕێگه‌چاره‌سه‌رمان خسته‌به‌ر ده‌ستیان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان "

سەرکۆ ئازاد زیاتر وتی" ئێمه‌ له‌ناو ئەو كۆبوونه‌وه‌یە‌دا باسی ئه‌وه‌مانكرد، سێ ڕێگه‌چاره‌سه‌رمان خسته‌به‌ر ده‌ستیان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت نه‌وتی خاو بدات به‌و پاڵاوگه‌كانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندان، وه‌ ئێستا دوكه‌ڵ و خراپی جاده‌ و ڕێگه‌وبانه‌كان بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه،‌ به‌ڵام نه‌وته‌كه‌ی بۆ حكومه‌تی عێراقی ده‌یپاڵێون ئه‌وانیش به‌ نرخی (30 هه‌زار دینار) ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌ هاوڵاتیانی خۆیان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت له‌ پاڵاوگه‌كانی لاناس و قەیوان و كار ئه‌و نه‌وته‌ دابین بكات بتوانێت مانگانه‌ بڕێک له‌و نه‌وته‌ خه‌زن بكات و له‌وه‌زری سه‌رما به‌نرخی (مدعوم) بدرێت به‌ هاوڵاتیان، ئه‌م ڕێگایه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ره‌تیكرده‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی تێچووی زۆره‌ و هه‌م له‌و نه‌وته‌ خاوه‌ بڕێكی كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ نه‌وتی سپی ئه‌وانن ناتوانن ئه‌وه‌ بكه‌ن باسی ئه‌وه‌ كرا ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌كو پار به‌نرخێكی هه‌رزانتر بیكه‌ینه‌ (كێبڕكێ) وه‌ بۆ دابینكردنی نه‌وت به‌ هاوڵاتیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا ده‌یبینین به‌وشێوازه‌ ده‌رنه‌چوو و به‌ڵێنه‌كانیان به‌وشێوازه‌ نه‌برده‌ سه‌ر، به‌ڵكو به‌داخه‌وه‌ بووه ‌هۆی ئه‌وه‌ی بارگرانی زیاتر له‌سه‌ر خه‌ڵكی گوندنشینان و خه‌ڵكی هه‌ژاری ناوچه‌ شاخاوییه‌كان زیاتر بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ڕاستی ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌نرخێكی كه‌متر و به‌شێوازێک له‌شێوازه‌كان بتوانێت لانیكه‌م به‌نیوه‌ی ئه‌و نرخه‌ بێت كه‌ ئێستا دایانناوه‌ دابینیان بكردایه‌ بۆ هاوڵاتیان، به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ بۆته ‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان ئێمه‌ ڕاپۆرتمان ئاماده‌كردووه‌، وه‌ چاره‌سه‌رمان ئاماده‌كردووه. "

"خۆی ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌"

وه‌كو هاوڵاتیان باسیده‌كه‌ن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا خه‌ڵک نه‌وت به‌نزیكه‌یی 250 هه‌زار دینار ده‌كڕێت له‌بازاڕی ڕه‌شدا، به‌ڵام بۆچی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ڕایگه‌یاند 284 هه‌زار دینار له‌سه‌ر خۆمان ده‌كه‌وێت؟

وەڵامەکەی سەرکۆ ئازاد بەمجۆرە بوو"خۆی ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌ ئێستا ئێمه‌ به‌دواداچوونمان كردووه‌ له‌ناوه‌ندی پارێزگاكاندا به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 245 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت كه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌برێته‌ به‌رده‌م ماڵی هاوڵاتیه‌كه‌ به‌تانكه‌ر، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتویه‌تی ئێمه‌ باج و رسومات و گومرگ لاده‌به‌ین له‌سه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی ده‌یهێنن بۆئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی هه‌رزانتر بكه‌وێت ئیتر نازانین له‌بازاڕی ڕه‌شدا هۆكاری چییه‌ كه‌ باج و گومرگی زیاد و رسومات ده‌ده‌ن كرێشی ده‌چێته‌سه‌ر به‌ 245-250 هه‌زار بێت!! به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ 284 هه‌زار بیكڕێت كه‌ ئه‌مه‌ به‌ڕاستی جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ و به‌هه‌رده‌ردانێكی زۆرتر و بارگرانیه‌كی زۆرتر هیچی تر نییه، یەکەم ‌ یان ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕاستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كه‌متر له‌ 200 هه‌زار دینار كڕیویه‌تی و 50% ی (مدعوم) ی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ 100 هه‌زار له‌ هاوڵاتیان ده‌سه‌نێت ئێستا له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ 102500 دیناره‌ به‌رمیلێک نه‌وت له‌سلێمانی به‌ 103500. "

" دوو ئەگەر هەیە بۆ ئەو نرخەی حکومەت دەڵێت نەوتم پێ کڕیووە "

بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گومانی خۆی لە نرخی ئەو نەوتە ڕاگەیاند، کە حکومەتی هەرێم باسی دەکات بۆ هەر بەرمیلێک، لەو ڕووەوە سەرکۆ ئازاد وتی" به‌بڕوای ئێمه‌ له‌ دوو ئه‌گه‌ر زیاتر نییه‌ یان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی چه‌ند بازگانێكی بواری نه‌وته‌، وه‌ ئه‌و پێنج كۆمپانیایه‌ی كه‌ حكومه‌ت گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كردوون بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنیانه‌ كه‌ له‌هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت نزیكه‌ی 45 هه‌زار دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌وتووه‌ ئه‌مه‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیه،‌ یان ئه‌وه‌تا ئه‌و زانیاریه‌ی كه‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان داویه‌تی دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌ و به‌كه‌متر له‌ 248 هه‌زار دینار كڕدراوه‌ چونكه‌ به‌ گومرگ و باج و گواستنه‌وه‌ له‌ناو شاری سلێمانی و ناو شاری هه‌ولێر به‌ 245 هه‌زار دینار به‌رمیلێک نه‌وت ده‌كڕدرێت بۆیه‌ ئێمه‌ داوامانكردووه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دانیشتنێكی به‌په‌له‌ به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و ستافی وه‌زارت بێته‌ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كات وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌ڵامی بداته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێت. "

ئایا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت له‌سه‌ر گرانی نرخی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت؟

لە وەڵامدا بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وتی" به‌ڵێ، چونكه‌ ئه‌و نرخه‌ گرانه‌ و ئێمه‌ زانیاریمان هه‌یه‌ هاوڵاتیان ئاگاداریان كردوینه‌ته‌وه‌ له‌ناوچه‌ شاخاوییه‌كانه‌وه‌ ترسێک هه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی هاوڵاتیان ناچن ئه‌م نه‌وته‌ وه‌ربگرن له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كجار حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رمیلێک نه‌وت دابین ده‌كات بۆ هاوڵاتیان واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وته‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بێت به‌ 30 هه‌زار دینار ئه‌م ده‌رفه‌ته‌شیان له‌كیس ده‌چێت كه‌ 70 هه‌زار جیاوازیه‌كه‌یه‌تی بۆ هاوڵاتیانی گوندنشینان كه‌ وشكه‌ساڵی و كه‌م ئاوی بووه‌، وه‌ كشتوكاڵ و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌وشێوازه‌ نه‌بووه‌ بارگرانیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت خه‌ڵكی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان به‌وشێوازه‌ نه‌چن به‌ره‌وپیری ئه‌م نرخه‌ گرانه‌ چونكه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی به‌غداد بێت. "

" ئەگەر پەرلەمان لە خەمی هاوڵاتییاندا بێت بە بڕیارێکی پەرلەمانی دەتوانێت حکومەت ناچار بکات نرخی نەوتی سپی کەم بکاتەوە"

به‌ڕای تۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ په‌رله‌مان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا؟

لە وەڵامدا بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێم کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیشە لە پەرلەمان دەڵێت" ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان به‌ یه‌كێتی و پارتیشه‌وه‌ له‌ خه‌می هاوڵاتیاندا بن ده‌توانن به‌ بڕیارێكی په‌رله‌مانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ناچاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌و پاره‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ له‌ژێر خاكی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌رده‌هێنرێت و ده‌فرۆشرێت به‌ده‌ره‌وه‌ بڕێكی دابین بكرێت بۆ پاڵپشتیكردنی نه‌وتی سپی بۆ هاوڵاتیان بۆئه‌وه‌ی لانیكه‌م له‌ وه‌رزی سه‌رما هاوڵاتیان سوودمه‌ند بن، به‌ڵێ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت به‌ بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كرا به‌ڕاسپارده‌ به‌ڕاستی من لێره‌وه‌ ده‌ڵێم هیچ شتێک ناگۆڕدرێت له‌ بارودۆخه‌كه‌ په‌رله‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ئیجبار بكات به‌دابه‌زاندنی نرخی ئه‌و نه‌وته‌. "

" بۆئه‌وه‌ نابێت ئێمه‌ هه‌موو ساڵێک له‌م قه‌یرانانه‌دا بین، حكومه‌ت هاوڵاتیانی كوردستان سه‌رقاڵ بكات به‌م كێشه‌ و قه‌یرانانه "

به‌پێی ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی ئێوه‌ نرخی نه‌وت ده‌گاته‌ چه‌ند ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌و سێ ڕێگه‌ چاره‌سه‌ره‌ی ئێوه‌ی به‌كارهێنا؟
سەرکۆ ئازاد بەمجۆرە وەڵامی دایەوە" ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌رێكی گشتگیره‌ و ستراتیژه‌ بۆ دوورمه‌ودایه‌ بۆئه‌وه‌ نابێت ئێمه‌ هه‌موو ساڵێک له‌م قه‌یرانانه‌دا بین، حكومه‌ت هاوڵاتیانی كوردستان سه‌رقاڵ بكات به‌م كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا چه‌ند كۆمپانیا و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بكات ئێمه‌ ڕێگری له‌مه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان كه‌ بتوانێت بۆ ئاینده‌ به‌مشێوازه‌ چاره‌سه‌ری بكات و بنبڕی بكات و كۆتایی پێبهێنێت به‌م قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌ بهێنێت. "

هەروەها وتیشی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا داهاتی نه‌وتی زیاد له‌ یه‌ک ملیار دۆلاره‌، وه‌ ده‌توانرێت به‌ 100 ملیۆن دۆلار ئه‌گه‌ر مانگانه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 15 ملیۆن دۆلار دابنێت ده‌توانێت وه‌كو حكومه‌تی عێراقی به‌ 30-35 هه‌زار دینار به‌رمیلێک نه‌وت بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات كه‌ پێویستیه‌كانی نزیكه‌ی 258 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپییه‌ له‌بیرمان نه‌چێت ئێمه‌ له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ته‌نها ناوچه‌ شاخاوییه‌كان نه‌وتی سپیان وه‌رگرتووه‌ و ناوه‌ندی شاره‌كان وەرییان نەگرتووە‌. "

ئایا هەموو شوێنەکان نەوتی سپی وەردەگرن؟

ئایا ئه‌مساڵ هه‌موو ناوچەکان بە شاخاوی و سەنتەری شارەکانیشەوە نەوتی سپی وه‌ردەگرن؟
لە وەڵامدا سەرکۆ ئازاد وتی" بەپێی‌ پلانه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ڕایانگه‌یاندووه‌، نه‌وت بۆ هه‌موو ناوچه‌كان بێت ئیتر نازانین ئایا چاوه‌ڕێی به‌غداد ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌تا به‌رده‌وام ده‌بن . "

جێی باسە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" نرخی هەر بەرمیلێک لەو نەوتە سپییەی بڕیارە دابەش بکرێت بەسەر ماڵاندا 284 هەزار دینار دەکەوێت، بەڵام بە 100 هەزار دەدرێت بە هاوڵاتییان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە شارەکانی تری عێراقدا حکومەتی عێراق بۆ بەرمیلێک نەوت بڕی 30-35 هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:46 0:00
XS
SM
MD
LG