Accessibility links

زانایان دوو ئەستێرە لە خولگەی زۆر خێرادا دەدۆزنەوە


بە پێچەوانەی خۆرەوە، نزیکەی نیوەی ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەی کاکێشان بە دەوری ئەستێرەیەکی تردا دەسوڕێنەوە کە بە سیستەمی دووانەیی ناسراوە. وشەی “دووانەیی” بە واتای دوو دێت.

لەم دواییانەدا توێژەران لە بڵاوکراوەی زانستی Nature دا باسیان لە سیستەمێکی دووانەیی نائاسایی کردووە. ئەم دوو ئەستێرەیە هەر 51 خولەک جارێک بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە لە یەکێک لە خێراترین قۆناغەکانی خولگەیی کە بە جۆرێکی دەگمەنی سیستەمی دووانەیی ناسراوە.

ئەم دوو ئەستێرەیە نزیکەی 3000 ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە دوورن. یەک ساڵی ڕووناکی ئەو مەودایەیە کە ڕووناکی لە ساڵێکدا دەیبڕێت.

سیستەمەکە سەر بە جۆرێکە لە ئەستێرەی دووانەییە کە بە گۆڕاوی کاتاکلیزمی ناسراوە. ئەو زاراوەیە باس لە سیستەمێکی ئەستێرە دەکات کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت بە 10 هەزار ئەوەندە ڕووناکتر بێت.

ئەو سیستەمە نائاساییە ئەستێرەیەکی هاوشێوەی خۆری ئێمە لەخۆدەگرێت کە زۆر لە نزیکەوە دەسوڕێتەوە کە پێی دەوترێت بچکۆلەی سپی. بچکۆلە سپییەکە ناوەندی گەرم و چڕی ئەستێرەیەکی سووتاوە.

لە ماوەی ملیاران ساڵدا مەودای نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە ئەوەندە کەمی کردووە لەوەی لە ئێستا لە نێوان مانگ و زەویدا هەیە.

زانای واڵایی لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوسیتس کیڤن بێردج نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە، وتی بیهێنە بەرچاوت ئەگەر مانگ شەوانە 10 جار ئاسمان ببڕێت. ئەوە ئەو جۆرە خێراییەیە کە ئێمە باسی لەبارەوە دەکەین".

بەهۆی کەمی مەودای نێوانیان، بجکۆلە سپییەکە خەریکە ماددە لە ئەستێرە گەورەکە وەردەگرێت

ئەستێرە گەورەکە نزیکەی هەمان پلەی گەرمی خۆرە بەڵام ئێستا تەنها قەبارەی ناهیە کە گەورەترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆرمانە. بچکۆلە سپییەکە بارستەی یەکسانە بە ٪56ی خۆری خۆمان. بەڵام لەڕادەبەدەر چڕە، چونکە تەنها 1.5 هێندەی زەوی پانە.

بێردج وتی "کاتێک ئەستێرەکان بە پیری دەمرن دەبنە کورتەبنەیەکی سپی - بەڵام دواتر ئەم پاشماوەیە دەست دەکات بە خواردنی هاوڕێکەی".

بێرج ئاماژەی بەوەشکردووە، کورتەبنە سپییەکە گەشەی ئاسایی ئەستێرەی یەکەمی پچڕاندووە. زیاتر دەڵێت، ماوەی 8 ملیار ساڵە ئەستێرەکان بەدەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە.

توێژەران داتای چاودێری پالۆماریان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و لە تەلەسکۆپەکانی هاوایی و دوورگەکانی کەناریی کەڵکیان وەرگرتووە.

ئەستێرەکان زیاتر لە هایدرۆجین پێکهاتوون، ڕێژەیەکی کەمتر لە هیلیۆم و توخمەکانی تریان تێدایە. لەم سیستەمەدا ئەستێرە گەورەکە بڕێکی نائاسایی زۆری هیلیۆمی هەیە. زانایان دەڵێن هایدرۆجینی لە چینەکانی دەرەوەی لەدەستداوە بۆ کورتەبنە سپییە بچووکەکە. لە هەمان کاتدا ناوەندە گەرمەکەی بەردەوامە لە دروستکردنی هیلیۆم لە هایدرۆجینی لە ڕێگەی پرۆسەی یەکگرتنی ئەتۆمیەوە دروست دەبێت.

سیستەمی دووانەیی جار و بار بە ڕێژەیەکی زۆر ڕووناک دەبێتەوە، بەشێکیش لەبەر ئەوەیە کە ئەستێرە گەورەکە لە شێوە ئاساییەکەی بەهۆی کێشکردنی کورتەبنە سپییەکە دەکێشرێتە دەرەوە.

زیاتر لە هەزار گۆڕاوەی کارەساتباری ناسراو هەیە. تەنها 12 یان زیاتر ماوەی خولگەیی لە خوار 75 خولەکەوەیە. لە کاتێکدا 51 خولەکی سیستەمی دووانەیی خێرایە، بەڵام تۆمارکردن نییە کاتێک بەراورد دەکرێت بە جۆرەکانی تری دووانەیی.

خێراترین ماوەی خولگەیی ناسراو لە نێوان ئەستێرە دووانەییەکان تەنها پێنج خولەک و 21 چرکەیە.

بێردج سەرنجی داوە، " لە واڵاییدا ڕووداوی بێشومار ڕوودەدەن".

توێژینەوە: ژمارەی ئاژەڵان لە ساڵی 1970ەوە بە ڕێژەی لە٪69 کەمیکردووە

توێژینه‌وه‌یه‌كانی ئه‌م دواییه‌ دەردەخات كه‌ له‌ ساڵی 1970ه‌وه‌ ژماره‌ی ئاژه‌ڵ له‌ جیهاندا زیاتر له‌ دوو له‌ سه‌ر سێ كه‌می كردووه‌.

ڕاپۆرتەکە لە سندوقی جیهانی گیانلەبەرە کێوییەکانەوە WWF هاتووە کە گروپێکی ژینگەپارێزە و بنکەکەی لە سویسرایە.

زانیارییەکانی ساڵی 2018ی کۆمەڵەی ئاژەڵناسی لەندەن (ZSL) بەکارهێناوە، گروپی لەندەن زانیاری لەسەر 32 هەزار گیانلەبەری کێوی پێشکەش کرد کە زیاتر لە 5 هەزار جۆری لەخۆگرتبوو. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ژمارەی گیانلەبەران بە تێکڕا لە٪69 کەمیکردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەدەستدانی دارستانەکان، دەستبەسەراگرتن و بەکارهێنانی ژینگەکەیان لەلایەن مرۆڤەوە، پیسبوون و گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین هۆکاری لەدەستدانی دارستانەکانن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زەویدا هێشتا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر سروشت. زیاتر ووتی "بەڵام ئەگەر نەتوانین گەرمبوون بۆ 1.5 پلەی سەدی سنووردار بکەین، ئەگەری زۆرە لە ساڵانی داهاتوودا گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە هۆکاری باڵادەستبوون و لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەوەر".

ئەندرۆ تێری بەڕێوەبەری پاراستن و سیاسەتە لە کۆمپانیای ZSL وتی ئەم "دابەزینە زۆر رژدە، پێمان دەڵێت کە سروشت خەریکە هەڵدەکشێت و جیهانی سروشتی تیکدەشکێت".

ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی زۆر کاریگەرییان لەسەر بووە. زاناکان رایانگەیاندووە لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵدا لەو ناوچانەدا بەڕێژەی 94% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕووبار و دەریاچەکان زۆرترین کەمکردنی کردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی 1970ەوە ژمارەی گیاندارانی ئاوە سازگارەکان بە تێکڕا لە٪83 کەمیکردووە، بۆ نموونە یەکێک لە دۆلفینەکانی ڕووباری پەمەیی لە ناوچەی ڕووباری ئەمازۆن لە بەرازیل لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 2016 بە ڕێژەی 65% دابەزیوە.

دۆزینەوەکان هاوشێوەی ئەوانەی لە دوایین ڕاپۆرتی WWF لە ساڵی 2020دا بوون، تێری وتی قەبارە و ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکان بەردەوامە لە کەمبوونەوە بە ڕێژەی نزیکەی لە٪2.5 لە ساڵێکدا.

مارک رایت بەڕێوەبەری زانستە لە WWF-Britain دەڵێت "سروشت لە دۆخێکی نالەباردا بوو و تا ئێستاش لە دۆخێکی خراپدایە، بە دڵنیاییەوە شەڕەکە لەدەست دەچێت".

لە راپۆرتەكەدا داوا لە سەركردەكان و حكومەتەكان دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان هەنگاو بنێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داهاتوویەکی ئەرێنی سروشت پێویستی بە گۆڕان لە چۆنیەتی بەرهەمهێنان، چۆن بەکاربردن، چۆنیەتی حوکمڕانی و چۆن بەڕێوە دەبرێن و دارایی دەکرێن".

لە مانگی 12ی ئەمساڵدا نوێنەرانی جیهان لە مۆنتریاڵی کەنەدا کۆدەبنەوە. ئامانجیان دروستکردنی پلانێکی نوێ دەبێت بۆ پاراستنی ڕووەک و ئاژەڵەکانی جیهان.

ئەلیس روهیزا، بەڕێوەبەری WWF لە ناوچەی ئەفریکا دەڵێت "داوا لە گەلانی دەوڵەمەند دەکەین کە پاڵپشتی داراییمان پێشکەش بکەن بۆ پاراستنی سروشتی ئێمە".

توێژینەوە: نیاندەرتاڵەکان کۆمەڵگەی بچووک و نزیکیان پێکهێناوە

توێژینەوەیەکی نوێ پێشنیاری ئەوە دەکات کە نیاندەرتاڵەکان کۆمەڵگەی بچووک و نزیکیان پێکهێناوە کە لەوانەیە مێینەکان گەشتیان کردبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا بژین.

توێژینەوەکە لێکۆڵینەوەی بۆماوەیی بەکارهێناوە بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکەیەک لە ژیانی خێزانی نیاندەرتاڵەکان - لەنێویاندا باوکێک و کچەکەی کە زیاتر لە 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سیبیریا ژیاون.

توێژەران توانیان DNA لە پارچە بچووکەکانی ئێسک دەربهێنن کە لە دوو ئەشکەوتی ڕووسیادا دۆزراونەتەوە.

لە توێژینەوەکەیاندا کە لەم دواییانەدا لە بڵاوکراوەی Nature دا بڵاوکرایەوە، زانیارییە بۆماوەییەکانیان بەکارهێناوە بۆ نەخشەکێشانی پەیوەندییەکانی نێوان 13 نیاندەرتاڵی جیاواز و وەرگرتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی ژیانیان.

بێنس ڤیۆلا لە زانکۆی تۆرۆنتۆ یارمەتی نووسینی توێژینەوەکە داوە.

ڤیۆلا دەڵێت “کاتێک کار لەسەر یەک یان دوو ئێسک دەکەم، زۆر ئاسانە لەبیر بچێتەوە کە ئەمانە لە ڕاستیدا کەسانێکن کە ژیان و چیرۆکی خۆیان هەیە”. دەشڵێت "زانینی ئەوەی کە چۆن پەیوەندییان بە یەکەوە هەبوە بەڕاستی زۆر مرۆڤتریان دەکات".

نیاندەرتاڵەکان، خزم و کەسوکاری دێرینمان، سەدان هەزار ساڵ لە سەرانسەری ئەوروپا و ئاسیادا ژیاون. نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر، دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی جۆرەکەمان، هۆمۆ ساپیێنس، لە ئەفریکاوە بۆ ئەوروپا، گیانیان لەدەستداوە.

ئەشکەوتی شانەدار لە جیای برادۆست لە هەرێمی کوردستان
ئەشکەوتی شانەدار لە جیای برادۆست لە هەرێمی کوردستان

زانایان تەنها لەم دواییانەدا توانیویانە لێکۆڵینەوە لە DNA ی ئەم مرۆڤە سەرەتاییانە بکەن.

سڤانتی پابۆ، خاوەنی خەڵاتی نوێی نۆبڵ یەکێک بوو لە نووسەرانی ئەم نوێترین توێژینەوەیە، زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر یەکەم توێژینەوەی لەسەر جینۆمی نیاندەرتاڵ بڵاوکردەوە.

لۆریتس سکۆڤ، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن دەڵێت، لەو کاتەوە زانایان 18 جینۆمی نیاندەرتاڵیان ڕێکخستووە.

بەڵام دەگمەنە ئێسک لە چەندین نیاندەرتاڵ لە هەمان کات و شوێن بدۆزرێتەوە، وتی " هەر بۆیە دۆزینەوەی ئەم ئەشکەوتانە زۆر تایبەت بوون".

سکۆڤ وتی "ئەگەر هەچ دەرفەتێک هەبوایە بۆ دۆزینەوەی کۆمەڵگەیەکی نیاندەرتاڵ، ئەمە ئەو دەرفەتەیە".

ڤیۆلا وتی ئەشکەوتەکان لە سەر گردەکانی سەرووی دۆڵی ڕووبارێکەوە، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بوون بۆ کەرەستە، لە ئامێری بەردەوە تا پارچە بەردبووەکان. بە دیمەنی ئاژەڵەکانی دۆڵی خوارەوە، ڕەنگە نیاندەرتاڵەکان ئەشکەوتەکانیان وەک بنکەیەکی ڕاوکردن بەکارهێنابێت.

ڤیۆلا وتی توێژەران کە لە ئەشکەوتەکاندا کاری هەڵکەندنیان کردوە، پاشماوەی لانیکەم 12 نیاندەرتاڵی جیاوازیان دۆزیوەتەوە. ئەمانە بەزۆری بە پارچە و پارچەی بچووک دێن "ئێسکێکی پەنجە لێرە، ددانێک لەولاتر" - بەڵام بەسە بۆ ئەوەی زاناکان وردەکاری بەنرخی DNA بەدەست بهێنن.

توێژەران توانیان یەک دوو کەس لە خزم لە نێو گروپەکەدا دەستنیشان بکەن. هاوکات لەگەڵ باوک و کچەکە دوو کەسی دیکەش هەبوون.

بەگشتی توێژینەوەکە دەریخستووە کە هەموو کەسێک لە گروپەکەدا ڕێژەیەکی زۆر DNA هاوبەشیان هەیە. نووسەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لانیکەم لەم ناوچەیەدا، نیاندەرتاڵەکان لە کۆمەڵگەیەکی زۆر بچووکدا ژیاون کە 10 بۆ 20 کەس بوون. بەڵام هەموو کەس لەم گروپانە پێکەوە نەماونەتەوە.

توێژەران سەیری زانیارییە بۆماوەییەکانی دیکەیان کرد لە (دی ئێن ئەی)ی مایتۆکۆندریال کە لە لای دایکەوە دەگوازرێتەوە و کرۆمۆسۆمی (Y) کە لە لای باوکەوە دەگوازرێتەوە.

لایەنی مێینە جیاوازی بۆماوەیی زیاتری نیشان دا لە لایەنی نێر. سکۆڤ وتی ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە ڕەنگە مێینەکان زیاتر بەدەوری خۆیاندا جووڵەیان کردبێت. لەوانەیە کاتێک مێینەیەکی نیاندەرتاڵ هاوسەری دۆزیەوە، ئەو جێگایە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانە نوێکەیدا بژی.

جۆن هۆکس، زانای مرۆڤناس لە زانکۆی ویسکانسن کە بەشداری لە توێژینەوەکەدا نەبووە، وتی توێژینەوەکە بەکارهێنانێکی هاندەرە بۆ بەڵگەی کۆنی DNA ، تەنانەت لە کاتێکدا پرسیاری زۆر لەبارەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ژیانی نیاندەرتاڵەکان بێوەڵام ماونەتەوە.

هۆکس دەڵێت، دیاریکردنی ئەوەی کە مرۆڤە سەرەتاییەکان چۆن ژیاون وەک ئەوە وایە "مەتەڵێک پێکەوە دابنێین کە زۆرێک پارچەی ونبوومان هەبێت". بەڵام ئەم توێژینەوەیە بەو مانایەیە کە "پارچەی زیاتر لەسەر مێزەکە" هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:43 0:00

XS
SM
MD
LG