ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دەوروبەردا ڕوودەدات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵکو بازرگانی تاکلایەنەیە، چونکە عێراق هیچ شتێکی نییە هەناردەی دەرەوەی بکات، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ڕێگری گەورە هەیە لەبەردەم وەگەڕ خستنەوەی هەزاران کارگەی جۆراو جۆر لە عێراق.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق، دەڵێت"هێندەی بەرژەوەندی وڵاتانی دەوروبەر لە بەغدا دەبینرێ، هێندەی ئەجێندای وڵاتانی دەوروبەر بوونی هەیە، هەست دەکرێت خودی عێراق غائیبە."
لەبارەی بانگەشەی وڵاتانی دەوروبەر بۆ زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق، شێرکۆ میروەیس دەڵێت"بانگەشەی وڵاتانی دەوروبەر بەوەی گوایە قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە 15 یاخود 18 ملیار، ئەمە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵکو بازرگانی تاکلایەنەیە، چونکە عێراق هیچی نییە هەناردەی دەرەوەی بکات، نەوتەکەی دەفرۆشێت و دەیداتە کاڵا و شمەک لە وڵاتانی دەوروبەر."
لەکاتێکدا عێراق خاوەنی توانای دارایی و مرۆیی گەورەیە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ، توانا ئابووری و پیشەسازییەکانی زیاتر دەپوکێتەوە، لەمبارەیەوە، شێرکۆ میروەیس وتی"وڵاتانی دەوروبەر ئەم عێراقە نەخۆشەیان دەوێ، گەر عێراق لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و ئارامی بۆ بگەڕێتەوە، ئابووری وڵاتانی دەوروبەر جێدەهێڵێت، دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ تەواوی دونیا، بەڵام ڕێگرییەکان زۆرن."
پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، عێراق نەیتوانیووە برەو بە توانا کشتوکاڵی و پیشەسازییە نێوخۆییەکانی بدات، لەکاتێکدا عێراق خاوەنی هەزاران کارگەی جۆراوجۆری بچووک و گەورەیە، وتی"عێراق جاران بەرووبوومی کشتوکاڵی هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی کەنداویش دەکرد، ئێستا جوتیاری عێراقی بەهەرێمیشەوە، گیرۆدەی دەست پارێزگاری نەکردنە لە بەرهەمەکانی، جوتیار ڕەنجەکەی بەدەست ناهێنێتەوە، یاخود لەڕووی گەشتیارییەوە، عێراق خاوەنی ناوچەیەکی زۆری گەشتیارییە، کە تورکیا و ئێران بەشێک لە ئابووریەکەیان پشت بەم کەرتە دەبەستێت، کەچی کەرتی گەشتیاری عێراق تا دێت پاشەکشە دەکات."
گوتیشی"بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق، هەزاران کارگەیان تێدایە، کاتێک وەبەرهێنەرێک دەیەوێت کارگەیەک بونیات بنێت و بەرووبوومی جوتیار و مەوادی خامی ناوەوە بکڕێت، ڕێگری لێدەکرێت، بۆیە لە 100 ساڵی ڕابردوودا، عێراق چی دامەزراوەی بونیاتناوە، لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا هێواش هێواش هەمووی هەڵوەشاوەتەوە."
شێرکۆ میروەیس پێیوایە، سەرکەوتن و شکستهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، بەستراوەتەوە بە سەقامگیری ڕەوشی سیاسی وڵاتەوە، وتی"ئەمە دەمێنێتەوە سەر سەلیقەی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام عێراق لێوانلێوە لە کێشە، سەدر کشاوەتەوە، کورد و سونە و شیعە لەسەر پشکە وەزارییەکان لەنێو خۆیاندا ناکۆکن، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی خزمەتکردنی خەڵک لەلایەن ئەم کابینەیەشەوە ئەستەم بێت."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، گەر حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانێت سنورێک بۆ گەندەڵی دابنێت و لێپرسینەوە بکات، گەر هەلی کار بۆ هەزاران دەرچووی دانەمەزراو بدۆزێتەوە و خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا پێشکەش بکات، سەرکەوتوو دەبێت، بەپێچەوانەوە دەرفەت دەداتە ڕکابەرەکانی، تا خەڵک لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و شکست بە حکومەت بهێنن.