لە عێراق ژمارەیەک پێکهاتەی ئاینی جیاواز هەن کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێدەدەن لە کاتی هاتنی داعشدا ئەوان زیانێکی گەورەیان پێگەشتووە و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان چارەنوسیان لەسەر دەستی داعش نادیارە، ناوچە و گوندەکانیان تا ئێستاش چۆڵکردووە و زەوی و زارەکانیشان دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەوان نیگەرانن لەوەی بەدواداچوون لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ گرفتەکانیان نەکراوە و پەراوێزخراون.
پێکهاتە ئایینیە جیاوازەکان لە عێراق نیگەرانن لەوەی لە ڕووداوە جیاجیاکانی عێراق بە گشتی و لەگەڵ هێرشەکانی داعشدا زیانێکی گەورەیان پێگەشتووە و بەشێکی زیانەکانیش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەوان لە ڕووی ئایینیەوە پێکهاتەی جیاوازن و ئاماژەش بەوە دەکەن، تا ئێستا بەشێک لە هاووڵاتیەکانیان لەسەردەستی داعش بێسەروشوێنن و بەشێک لە گوندەکانیشیان بەهۆی مەترسی گروپە تیرۆستیەکان و توندڕەوەکانەوە چۆڵکردووە.
عاسی فایەق ئەندامی گروپی شنروێی کاکەیی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لەگەڵ هاتنی داعشدا کاکەییەکان لە ناوچەجێناکۆکەکان کەوتوونەتە بەر هێرشی داعش و تا ئێستاش بەشێک لە گوندەکانیان چۆڵکردووە، لەلایەن عەرەبەکانیشەوە زەوی و زارەکانیان دەستیان بەسەرداگیراوە و تا ئێستاش مەترسی گەورە لەسەر کاکەییەکانی موسڵ و داقوق هەیە و داوا دەکەین لە حکومەتی هەرێم دەکەن هێزی پێشمەگەر ڕەوانەی ناوچەکانیان بکاتەوە.
سۆزان سەفەر چالاکوانی ئێزدی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە ساڵی 2014 وە 6 هەزار کەسی ئێزیدی لەسەر دەستی داعش دەستگیر کراون و کڕین و فرۆشتن بە ژنانی ئێزیدی کراوە، تا ئێستا 2 هەزار و 800 کەسی ئێزدی دیار نیە و تا ئێستا هیچ لیژنەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە دروست نەکراوە تا سۆراغی ئەو کەسانە بکرێت کە دیارنین".
پێکهاتە جیاوازە ئایینیەکان لە عێراق ئاماژە بەوەدەکەن بەشێکیان تا ئێستاش لەسەر ناسنامەکانیان، بەناوی ئاینی خۆیانەوە تۆمارنەکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو پێکەوەژیانەی ئاینی هەمیشە لە عێراقدا جەختی لێ دەکرێتەوە، ئەوانەش کە لەناوچەکانی هەرێمی کوردستاندان وەک پێویست نەتوانراوە خزمەت بە گوند و مەزارگە ئاینیەکانیان بکرێت.