Accessibility links

ڕێبوار تاڵەبانی باس لە کێشەکانی بۆشایی ئـەمنی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندا دەکات


چەکدارانی داعش ماوە ماوە شوان و خەڵکی لەو ناوچانەی کە پێی دەڵێن بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەڕفێنن و لەبەرامبەردا داوای سەرانە دەکەن تا ئازادیان دەکەن، ئەمەش بووەتە جێگەی ترس و دلەڕاوکێی زۆر لای خەڵکی ئەو ناوچانە.

ڕێبوار تاڵەبانی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو گرووپانە لە کاتی فەوزا و بێ دەسەڵاتیدا ئەو جۆرە کارانە دەکەن، بەداخەوە تا ئێستا عێراق بێ سیادەیە و دەسەڵاتی بەسەر وڵاتەکەی خۆیەوە نییە، تازە حکومەتی عێراق پێکهێنراوە و ساڵێکە فەوزایە و کەس بە کەس نییە، لە ئێستا بە دواوە نازانین ئەو بەیاننامەیەی کە سودانی پێشکەشی کردووە بەشێک لە چارەسەرکردنی ئـەوکێشانەیە کە لەو ناوچانەدا هەیە، چونکە دەبێت ئەو بۆشاییە ئەمنیانە چارەسەر بکەن، نازانین تا چەند جدییە بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە."

لەبارەی ئـەوەی کە هەرێم هیچ هەوڵێکی داوە تا ئـەو کێشانە چارەسەر بکات، تاڵەبانی دەڵێت " لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئـەو ناوچانەی کە پێی وتراوە کێشە لەسەر یان ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، حکومەتی هەرێم بەردەوام هەوڵیداوە کە پێکەوە ئەو بۆشاییە ئەمنیانە پڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دروست نەبێت، ڕاستە شوان و خەڵکی دەرفێنن و زیندوو بوونەتەوە لەو کاتەی کە لە عێراقدا فەوزا هەیە."

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای ئەوە دەخوازێت کە لەگەڵ ئـەم حکومەتە تازەیەی سودانی پێکەوە چارەسەری بکەن و پێی وایە کە لەو ناوچانەدا کورد زیاتر شارەزاترە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، بە بەڵگەی ئەوەی کە کاتی خۆی داعش لەو ناوچە سونیانەی وەکو موسڵ و دیالە و تکریت و فەلوجە بە هاوکاری پێشمەرگە نەبووایە ئەو شوێنانە ئازاد نەدەکران، دەشڵێت " ئێستاش کە پێشمەرگە لەو ناوچانەدا نەماوە بێگومان تووشی ئەو هەموو کێشانە دەبن و ئەو خەڵکانەش تووشی کێشەی زۆر دەبن."

لەبارەی ئـەوەی کەوا بۆچی پێشمەرگە ئـەو بۆشاییە ئەمنیانەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی پڕناکاتەوە، ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " حکومەتی عێراقی ناهێلێ و قبوڵی ناکات چونکە لە کۆتاییدا ئەو خاوەن بڕیارەکەیە."

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕێبوار تاڵەبانی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاشکرای کرد هەزار و پەنجا و یەک کیلۆمەتر بۆشایی ئـەمنی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی هەیە کە پێی دەگوترێت ناوچە کێشە لەسەرەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:07 0:00
XS
SM
MD
LG