ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتووەتە ئاڵۆزترین قۆناغ و خەریکە مەترسی لەسەر یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، هەردوولاشیان یەکتری بە ئەنجامدانی "پێشێلکاری" تۆمەتبار دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی کۆنگرەی پارتی کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەمە، لە شاری دهۆک ئەنجام بدرێت، ئایندەی ململانێکان ڕوونتر ببنەوە.
یەکێتی نیشتمانی، پارتی دیموکرات بە "تاکڕەوانە"بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و پەراوێزخستنی "زۆنی سەوز" تۆمەتبار دەکات، پارتی دیموکراتیش، یەکێتی بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی "پاشاگەردانی" و ڕێگریکردن لە "چاکسازی" تاوانبار دەکات.
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتووەتە قۆناغێک، تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە حکومەت بە شێوەیەکی کاتی کشاوەتەوە، هۆشداری هەڵوێست وەرگرتنی توندیش دەکات لەبەرانبەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، پارتیش سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆنگرەیە و یەکێتی بە بردنی داهاتی سلێمانی و هەوڵدان بۆ نانەوەی پشێوی تۆمەتبار دەکات.
عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"یەکێتی کێشەی ناوخۆیی هەیە، کەچی بۆڵە بۆڵ بەسەر پارتی دا دەکات، ئەوان پێیانخۆش نەبوو، وردەکاری تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە ڕێگەی میدیاوە ئاشکرا بکرێت، کە خۆیان دەستیان هەبووە تێیدا."
نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان، دەمێکە ئاڵۆزە، بە تایبەت لە ساتەوەختی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمەوە تا ئێستا، پەیوەندی نێوان تیمی پارتی بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و تیمی یەکێتی بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە ئاستێکی باش دا نەبووە.
کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بە دەست هەبوون لە کوشتنی عەقیدێکی پێشووی دەزگای دژە تیرۆر بەناوی (هاوکارجاف) لەشاری هەولێر، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حیزبەی گەیاندووەتە ئاڵۆزترین قۆناغ.
کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەر دوای کوژرانی هاوکار جاف، پارتی ڕاستەوخۆ یەکێتی تۆمەتبار کرد، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت و لە وردەکاری ڕووداوەکە بکۆڵرێتەوە، کەواتە ئەمە پلانی پێشوەخت بووە بۆ تۆمەتبارکردنی یەکێتی."
هەفتەی ڕابردوو، یەکێتی وەفدێکی پێکهێنا و سەردانی حیزب و لایەنە کوردییەکانی کرد، پارتی بە "تاکڕەوانە" بەڕێوەبردنی هەرێم تۆمەتبار کرد، بەدواشیدا وەفدێکی حکومی سەربە پارتی دیموکرات، ئەو لایەنانەی بەسەر کردەوە و یەکێتی بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان وەسفکرد.
سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"وەفدی یەکێتی و پارتی گلەییان لە یەکتری هەبوو."
دوای سەردانیکردنی وەفدی یەکێتی و پارتی بۆ لای لایەنە سیاسیەکان و گلەیی کردنیان لە یەکتری، لە ئێستادا یەکێتی و پارتی سەرقاڵی گەیاندنی نیگەرانییەکانیانن لە یەکتری بە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان.
یەکێتی هۆکاری کێشەکان بۆ تاکلایەنە کارکردنی مەسرور بارزانی دەگێڕێتەوە، بە بێ حسابکردن بۆ تیمە حکومییەکەی، پارتیش ئەمە ڕەتدەکاتەوە و یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە ڕێگریکرن لە ئەنجامدانی چاکسازی.
عەلی عەونی سەرکردەی پارتی، دەڵێت"مەسرور پیاوی دەوڵەتدارییە و حکومەتی رێکخستووە، بەڵام یەکێتی زەبت و ڕەبتی ناوێت و دەڵێت:بەشی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش دەخۆم."
لەبەرامبەردا، کەریم شکوری ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمە ڕەتدەکاتەوە، پێیوایە پارتی زۆنی سەوزی پەراوێزخستووە، وتی"یەکێتی دەمێکە گلەیی هەیە، ڕۆژ دوای ڕۆژ نیگەرانییەکان زیادیانکرد، تا گەیشتە ئاستی ئەوەی تەحەمولی نەکرێت."
سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی قوڵی نێوان یەکێتی و پارتی و دروستبوونی مەترسی لەسەر یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، ماوەی 7 ساڵە، هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاری هەرێم دەکەن، دەیانەوێت شوێنەواری دوو ئیدارەیی نەهێڵن و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەنەوە، بەڵام ناکۆکی حیزبی لەمپەرێکی گەورە بووە لە بەردەمیان دا.