Accessibility links

یەکگرتووی ئیسلامی: پارتی و یەکێتی بۆ گلەیی لە یەکترکردن دێنە لامان


سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە پارتی و یەکێتی لە سەردانی ئەمدواییەیان بۆ لای حزبەکانی تری هەرێمی کوردستان نیگەرانیان بەرامبەر بە هەڵوێستەکانی یەکتر دەربڕیوە.

بەرپرسەکەی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، "سەرەتا وەفدی یەکێتی سەردانی ئەمینداری گشتی یەکگرتوویان کرد، گلەییان لە پارتی هەبوو. دواتر وەفدی وەزاری پارتی سەردانی ئێمە و لایەنەکانی تریشیان کرد، ڕوونکردنەوەیاندا لەسەر گلەییەکانی وەفدی یەکێتی. واتە هەردوولا بۆ گلەیی کردن لە یەکتری سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان کرد، تا لایەنەکان ئاگاداری دۆخەکە بن."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ناکۆکیەکانی یەکێتی و پارتی لە چەند هەفتەیەی ڕابردوودا گەیشتۆتە قۆناغێکی ئاڵۆز ، بە تایبەت دوای کوشتنی ئەفسەرێکی دژەتیرۆری یەکێتی لە کردەوەیەکی تەقاندنەوەدا لە شاری هەولێر.

لە ڕاپۆرتێکی دوێنێی دەنگی ئەمەریکا، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی یەکێتی بەوە تۆمەتبارکرد کە "کێشەی ناوخۆیی هەیە، کەچی بۆڵە بۆڵ بەسەر پارتی دا دەکات." لە بەرامبەردا، کەریم شکور، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەر دوای کوژرانی هاوکار جاف، پارتی ڕاستەوخۆ یەکێتی تۆمەتبار کرد، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت و لە وردەکاری ڕووداوەکە بکۆڵرێتەوە، کەواتە ئەمە پلانی پێشوەخت بووە بۆ تۆمەتبارکردنی یەکێتی."

کارگێڕەکەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەدین بابەکر، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ناکۆکی ئەمجارەی نێوان یەکێتی و پارتی "قوڵترە چونکە بابەتی ئەمنی کەوتووەتە نێوانیان، ئەمە ناکۆکی نوێ بوو."

سەڵاحەدین بابەکر ئاماژەیدا کە حزبەکەی سەرنجی "زۆری" لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو دوو حزبەوە، بەڵام باشترە کێشەکانیان بە گفتووگۆ چارەسەر بکەن، چونکە "تێکچوونی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەرێم و تاک بە تاکی هاوڵاتیان."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە هەبوونی مەترسی لێکترازان و دروستبوونی دوو ئیدارەیی بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، سەڵاحەدین بابەکر، وتی"وەفدی پارتی و یەکێتی هیچیان نەدرکاند لەبارەی هەڵوێستی داهاتوویانەوە. هەردوولایان خاوەنی هێز و ئیداراتی سەربەخۆن. گەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت. ئێمەش لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەزموونی دوو ئیدارەیی و لاوازبوونەوەی هەرێم نین، پێشبینیش ناکەین، شتی وا ڕووبدات."

ئەو ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزتربوونی نێوانیان، "گەر ئیرادەی جدی هەبێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، دەتوانن چارەسەریان بکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:41 0:00
XS
SM
MD
LG