ئێران ڕۆژی شەممە بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، لە پێش هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ڕەوانە کراون. ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەند مانگێک پێش ئەوەی هێزەکانی مۆسکۆ لە 24ی مانگی دوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێبکەن، "ژمارەیەکی کەم" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ڕووسیا دابینکردووە.
لە وردترین وەڵامی ئێران تا ئێستا لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕەتیکردەوە تاران بەردەوام بێت لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ مۆسکۆ.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئیرنا لە زاری عەبدوڵاهیانەوە بڵاویکردووەتەوە، "ئەم هەرایەی لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە دروستکراوە کە گوایە ئێران مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا دابینکردووە بۆ یارمەتیدانی لە شەڕی ئۆکرانیادا، بەشە مووشەکییەکە بە تەواوی هەڵەیە."
گوتیشی" بەڵام دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاستە و چەند مانگێک پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی کەم لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ ڕووسیا دابین کردووە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئۆکرانیا ڕاپۆرتی هەڵکشانی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی ڕاگەیاندووە، بەتایبەتی وێستگەکانی کارەبا و بەنداوەکان کراونەتە ئامانج، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری شەهید-136 دروستکراوی ئێران.
ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان بەکارهێنابێت بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا. مانگی ڕابردوو دوو بەرپرسی باڵای ئێران و دوو دیپلۆماتکاری ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە مووشەکی زەمین بۆ زەمین بۆ ڕووسیا دابین بکات، جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز