بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی ڕایدەگەیەنێت، گەر گفتووگۆی جدی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک دروست ببێت، ڕێککەوتنی نێوخۆیی لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەو پۆستە قورس نییە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هەموو پەیوەندییە حیزبییەکانیان لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری ئێستا بچڕاندووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەڵێت "نیوەی کورسییە پەرلەمانییەکانی کەرکوک هی کوردە، بەڵام کورد مەغدورە لە کەرکوک، ئینجا پارێزگاری ئێستای کەرکوک کاربەڕێکەرە و فەرمی نییە، دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتووگۆ بکەین لەسەر ئەم پۆستە."
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی پێیوانییە، عەرەب و تورکمان ناڕازی بن لە ڕادەستکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەکورد، دەڵێت "ڕەنگە هەندێ خەڵک ناڕازی بن، گەر گفتووگۆی جدی کرا لەسەر ئەم بابەتە، وادیارە ئەوانیش داواکاری پۆستی تریان هەبێت، بە نیسبەت کوردیشەوە وادەردەکەوێت دوو دەستە، ئەوکات دەتوانین لەسەر ئەم پۆستە ڕێکبکەوین لە نێوخۆمان."
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، حوکمڕانی کەرکوک پێویستی بە گێڕانەوەی باڵانس هەیە، چونکە باڵانسی نێوان نەتەوەکان تێکچووە، وتی "لە 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، بەشێکی پۆستەکان کە لای پارتی بوون و جێیان هێشت، بەعەرەب و تورکمان پڕکراونەتەوە، دەبێت لەم کابینە تازەی عێراق، باڵانس بگێڕینەوە."
دەربارەی داواکردنی پۆستی پارێزگار لەلایەن پارتییەوە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ڕەوەند مەلا مەحمود وتی"ئێمە و پارتیش کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبوو، دوو کاندیدی یەک لەدوای یەکی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە پارتی بابەتێکی تری هێنایە پێشەوە، لە کۆتاییدا پۆستەکە بۆ یەکێتی بوو."
سەبارەت بە چۆنیەتی پەیوەندی نێوان یەکێتی و ڕاکان جبوری پارێزگاری ئێستای کەرکوک، ڕەوەند مەلا مەحمود وتی"ڕاکان جبوری سەپێنراوە و بۆ ئیشی خەڵک و لایەنی ئیداری، لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانمانەوە قسەی لەگەڵ دەکەین، ئەگینا پەیوەندی و سەردانیکردنمان نییە، چونکە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جبوری ئاسان نییە، جۆرەها بەڵێن دەدات و دواتر جێبەجێیان ناکات، بیرکردنەوەی وایە، ناتوانین دۆستی بین."