خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بەهۆی دواکەوتنی دەرماڵەکانیان و وەرگرتنی بڕی 250 هەزار دینار لە خوێندکارانی پاڕالێڵ بۆ بەشی ناوخۆیی گردبوونەوەیەکی فراوانیان ڕێکخست و دەرگای سەرەکی زانکۆی هەڵەبجەیان داخست و ڕێگەیان نەدا بە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆکە لەدەرگای سەرەکیەوە بڕۆنە ناو زانکۆی هەڵەبجە.
زانیار فەرەیدوون نوێنەری خوێندکارانی ناڕزای لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی پێدانی دەرماڵەکانمان نەکاتە سیستمێکی یاسایی و جێگری نەکات، ڕۆژانە کۆدەبینەوە و ڕێگە بە دەوامی ئاسایی لە زانکۆکەماندا نادەین".
لانیا ئەنوەر خوێندکاری قۆناغی یاسا لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند بۆ ساڵی خوێندنی 2022- 2023 ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بەشە ناوخۆیی لە خوێندکارانی پاڕالێڵ وەردەگیرێت نەهێڵرێت، پێویستە ئەو مافە سەرەتاییانەی کە هەیە دەرماڵەیە و بدرێت بەهەموو خوێندکاران و سورین لەسەر داواکاریەکانمان".
دیار حەوێز نوێنەری گشتی خوێندکاران بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند "نامانەوێت سیستمی خوێندن تێکبچێت و ناکرێت هەموو ڕۆژێک کۆبینەوە و دەوام ڕابگرین پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی ڕاستگۆیانەمان پێبداتەوە".
ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر زاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە ئاماژەیان بەوەکردووە سیستەمی پێدانی دەرماڵە جێگیر بووە بەڵام نزیکەی سێ مانگە دەرماڵە نەدراوەتە خوێندکاران و ئەمەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە .